کۆمه‌ڵه‌ی نزیکایه‌تی مه‌زه‌به‌کان ئاوڕی زیاتر له‌ ناوچه‌ کوردییه‌کان بداته‌وه‌

پێش نوێژی هەینی پاوە ڕایگەیاند: چالاکیی کۆمەڵەی نزیکایەتی مەزهەبە ئیسلامییەکان لە ناوچە کوردنشینە سوننەکانی وڵاتدا کەمڕەنگە و چاوەروان دەکرێت کە زیاتر لە ڕابردوو لەو ناوچانەدا چالاکی بکرێت.

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، مامۆستا مەلا قادر قادری ئەمڕۆ چوارشەممە لە سێهەمین کۆڕبەندی نێونەتەوەیی ڕێزنان لە بەرهەم و بڕوانامەکانی نزیکایەتی کە لە هۆڵی کۆبوونەوەی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی رۆژئاوای وڵات لە سنە بەڕێوەچوو بە ئاماژە بە خولەکانی دیکەی ئەم کۆڕبەندە، وتی: ڕاستییەکانی بەردەم ناوچە کوردنشینەکان لە گەڵ ئەو شتەی کە لە میدیا بیانییەکاندا ڕادەگەیێندرێت و باسی لێوە دەکرێت زۆر جیاوازە.

ناوبراو وتیشی: لە سەرودەمی دەیەی ۶۰ ئەم ناوچانە زیاتر لە ۱۰ هەزار شەهیدی بۆ پاراستن و بەردەوامیی شۆڕشی ئیسلامی ئاراستە کردووە و خەڵکی ئەم ناوچانە بەردەوام هاوڕیی شۆڕش بوون و هەن.

پێشنوێژی هەینی پاوە جەختی لەوە کردەوە: زانایانی سوننەش بەردەوام وەفاداریی خۆیان بە حکوومەت و شۆڕش نیشان داوە، ئەگەریش ڕەخنەیەک بووبێت بە نیسبەتی کردەوەی بەرپرسان بووە و ئەمەش لە خۆیدا بابەتێکی ئاساییە.

مەلا قادر قادری بە ئاماژە بەوەی کە خەڵکی سوننە و کورد گرینگایەتییەکی تایبەتی دەدەن بە پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، ڕایگەیاند: چالاکیی کۆمەڵەی نزیکایەتی مەزهەبە ئیسلامییەکان لە ناوچە کوردنشینە سوننەکانی وڵاتدا کەمڕەنگە و تەنیا چالاکیی ئەم کۆمەڵە بانگهیشتی چەند کەسێکی تایبەتی لە زانایان بۆ کۆمەڵەی ساڵانە و بیستی وتەدانەکانیان بووە.

ناوبراو زیادی کرد: بە ئاوڕدانەوە لە هەوڵ و پیلانی دوژمنان لە ناوچە کوردنشینەکان پێویستە کۆمەڵەی نزیکایەتی مەزهەبە ئیسلامییەکان زیاتر لە جاران لەم ناوچانەدا هەوڵ بدات، چونکا کاتێک کە دوژمنان سەنگەرەکان بگرن، چیتر دەنگ و هەوڵی کۆمەڵەی نزیکایەتی مەزهەبە ئیسلامییەکان بە هیچ کۆ ناگات.

پێشنوێژی هەینی پاوە بە ڕاگەیاندنی سەرهەڵدانی سێ جموجۆڵ لە ناوچە کوردنشینە سوننەکانی وڵات کە پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و کوردستان لە خۆدەگرێت، ڕوونی کردەوە: بابەتی یەکەم هاوپەیوەندە بە قەیرانی ئەخلاقی کە بە داخەوە زۆرتر لە ئەنجامی زاڵبوونی فەزاگەلی مەجازی هاتووەتە ئاراوە و دەرئەنجامی وەک خواردنەوەی کحوڵ و گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەری و بەزاندنی سنووری بنەماڵەکانی بە دواوە بووە.

مامۆستا قادری جموجۆڵە مەزهەبییەکانی وەک بابەتی دووهەم باس کرد و وتی: جموجۆڵە مەزهەبییەکان بە دەنەدانی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەوەیی بووە و ئەمڕۆکە لە پەنای جموجۆڵە تایفەیی و دەمارگرژییە ئیتنیکییەکان وەک کێشەیەکی پەنگراوی ئەم ناوچەیە، شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو جموجۆڵانەین و ئەگەر بە جیدی ئاوڕ لەو کێشانە نەدرێتەوە ئەگەری بوونیان بە کێشەیەکی قووڵتر زۆرە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردەوە: تێکرای مامۆستایانی سوننەی ناوچە بوونی داعش وەک بەڵایەک بۆ جیهانی ئیسلام لێکدەدەنەوە و بەردەوام هەوڵیان داوە کە ئەندێشەی گرووپە تەکفیرییەکان لە مزگەوت و قۆتابخانەکاندا لە قاو بدەن و پێشگری بکەن لە نفووزیان لە بەستێنە ئایینی و جەماوەرییەکاندا.

News Code 3320

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 10 =