"عەلی فاهم" کارناس و نووسەری عێراقی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر بە ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگی حەشدی شەعبی لە تێکشکاندنی تیرۆریستان و گۆڕانی ئاراستەی شەڕ لە بەرژەوەندیی هێزەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هەوڵی دوژمنان بۆ لاواز کردنی عێراق و چۆڵ کردنی لە هێزەکانی بەرخۆدان و پیلانی میدیایی لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: بێ گومان هەڵدانی دروشمی ساختە لە پێناو بەرژەوەندیی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەچەواشە بردنی ڕەوتی دژە گەندەڵی لە عێراق، بە مەبەستی لاوازکردنی مەرجەعیەتی ئایینی ئەنجام دەدرێ و کەسانێکی گومان لێکراو کە پەیوەندیان بە سیستەمگەلی هەواڵگری بیانییەوە هەیە، ئەو کارانە ڕادەپەڕێنن.
ئەو کارناسە بە ئاماژە بە هەوڵی دوژمنانی ئەمریکی، زایۆنی و عەرەبی بۆ دابەشکردنی حەشدی شەعبی بە حەشدی ئێرانی، حەشدی مەرجەعی، حەشدی عێراقی … ڕاشیگەیاند: ئەو هەوڵانە پێشەکییەکن بۆ وەلاوەنانی ئەو هێزانە لە هاوکێشەگەلی عێراق و چۆڵکردنی گۆرەپانەکان لە هەر جۆرە هێزێکی دژە ئەمریکی. ئەگەرچی ئاگاداری ئەوەشن کە کۆتایی هێنان بە پڕۆژەی حەشدی شەعبی لە عێراقدا نامومکینە، چونکە حەشدی شەعبی پێگەیەکی بەربڵاوی جەماوەری و نیشتمانی و ئایینی لە عێراقدا هەیە.
ناوبراو هەروەها بیری هێنایەوە کە قۆڵبەستکرانی چەند فەرماندەی هێزەکانی کەتیبەی ٤٥ی حەشدی شەعبی لە لایەن هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بە فەرمانی ئەمریکا ئەنجام دراوە و جەختی کرد: ئامانج لەو کارە دوژمنی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئاسایش و تەریکخستنەوەی حەشدی شەعبی و هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لە نێوان ڕەوتەکانی شیعە و سوننە بووە کە ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزە نیشتمانییەکان و لاوازی وڵات. لەو ڕووەوە دوژمن بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت.
عەلی فاهم وێرای ئاماژە بە کێشەگەلی ئابووریی بەربڵاوی ئیستای عێراق و لەوان کەمایەسیی بوودجە و قەرزی نێودەوڵەتی لە پەنای تەشەنەی بەربڵاوی نەخۆشیی کۆرۆنا و ناکارامەیی دەوڵەتی عێراق لە هەمبەر ئەو کێشانە، وتی: پێدەچێ خەوشەدارکردنی پێگە و ڕۆخساری حەشدی شەعبی لە قۆناغی ئێستادا، ئامانجێکی دیکەشی لە پشت بێت و ئەویش بەچەواشەبردنی ڕای گشتی عێراق و لەبیربردنەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای ئەو وڵاتەیە.
ئەو کارناسە هەروەها سەبارەت بە کەوتنە مەترسیی ڕەوتی سیاسی و دیموکراسی عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانی کوودەتای سەربازی هوشداری دا و وتیشی: ڕۆڵی ئەمریکا لەو هەڵمەتەدا تەواو بەرچاوە، چونکە فەرمانی هێرشی بە باڵی دژە تیرۆر داوە و دیارە زۆر فەرماندەی ئەو هێزەش دارەدەستی ئەمریکییەکانن.
بۆچوونی ئێوە