بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەورووپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە سووریا و لە پێناو ئاسایی کردنەوەی هەلومەرجی باکووری سووریا، چارەسەریی کێشەکانی باکووری سووریای بۆ دامرکانی ستراتژیی شەڕی نێوان تورکیا و کوردەکان بە تایبەت هێزەکانی پەکەکە گەڕاندەوە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە بەشێکی زۆری کێشەی دەستێوەردانی تورکیا لە سووریا بۆ ناوچەی کوردنشینی عەفرین دەگەڕێتەوە و تا کاتێک تورکیا ڕەوتی ئاشتیی لە گەڵ کوردەکان دەست پێ نەکاتەوە، بەشێکی زۆری هێز و وزەی دەبێ تەرخانی شەڕ و تێهەڵچوون لە گەڵ کوردەکانی عەفرین بکات. بە تایبەت کە عەفرین پاش هێرشی ساڵی ٢٠١٨ی تورکیا زۆر ڕووی لە هێزی چەکداری کردووە.
ئەو توێژینگەیە بە ئاماژە بە کێشەکانی تورکیا لە سووریا و لەوان تێچووی زۆر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هاوکێشەی هێز لە گەڵ ڕووسیا، بوونی ملیشیای ڕادیکاڵ لە ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و نەبوونی پەیوەندییەکی لۆژیکی لە نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا، خوازیاری یارمەتیی وڵاتانی ئەورووپی بە تورکیا بۆ سەقامگیریی ناوچەی ئەمن لە باکووری سووریا بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بوو و پێشنیاری کرد کە لە بەرامبەر یارمەتی ماڵی ئەورووپا بە تورکیا بۆ ساماندانی ناوچەی ئەمن لە باکووری سووریا، رێگە بە ئاڵوگۆڕی و مامەڵەی نێوان ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بە تایبەت لە گەڵ ناوچە کوردنشینەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا بدا و ڕازی بە بەشداریی نوێنەرانی کورد لە دانوستانەکانی ئاشتی سووریا بێت.
ئەو ناوەندەی سەر بە یەکێتی ئەورووپا هەروەها هوشداری دا کە ئەگەر ئەورووپا لە پێناو ئاسایی کردنەوە و سەقامگیریی ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان و تورکیا لە سووریادا هەوڵ نەدا، دۆخەکە رۆژ بە رۆژ تەشەنەدارتر دەبێ و شەڕی نێوان تورکیا و کوردەکان ئاراستەیەکی مەترسیدارتر بە خۆوە دەگرێت.
بۆچوونی ئێوە