تاران و کاراکاس، واشنتۆنیان ناچار کرد ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت

حوجەتوڵڵا سوڵتانی لە لێدوانێک بۆ کەناڵێکی لوبنانی وێرای ئاماژە بە گەیشتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی بە هەرێمی تایبەتی ئابووریی ڤێنزۆئێلا، جەختی کرد: تاران و کاراکاس، سەری ڕێزنان بۆ یاساگەلی نێودەوڵەتیان بە واشنتۆنیان داهێنا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتوڵڵا سوڵتانی باڵوێزی ئێران لە ڤێنزۆئێلا لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی لوبنانی "المیادین"، سەبارەت بە پاشهات و پەیامی گەیشتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی بە هەرێمی تایبەتی ئابووریی ڤێنزۆئێلا بە ئەمریکا، ڕایگەیاند: گرینگیی یەکەمی ئەو هەنگاوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوو کە لە بەرچاوی هەموو جیهان بە واشنتۆن درایەوە. واتە ئێران و ڤێنزۆئێلا پێکەوە لە بەرامبەر سیاسەتگەلی یەکلاکەرەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەستان. لە کاتێکدا کە ئەمریکا هەوڵی دەدا، سیاسەت و ئیرادەی خۆی بە سەر وڵاتانی دیکەدا بسەپێنێت، ئێران و ڤێنزۆئێلا بە وەکالەت لە هەموو وڵاتانی جیهان هاوکاتی "نا" وتن بە ئەمریکا، نیشانیان دا کە مافی دیاری کردنی چارەی خۆنووسی و مافی ئابووری ئازاد و هاتوچۆی ئازاد بۆ هەموو جیهان ڕەوایە و  دەتوانن بەهرەی لێ وەرگرن و ئەمریکا چیتر ناتوانێ هێژمۆنیای خۆی بە سەر هەموو جیهاندا بسەپێنێ و فەرمان بە هەمووان بدات.

سوڵتانی هەروەها لەبارەی ئەوەی کە ئەم هەنگاوە ئێران و ڤێنزۆئێلا جۆرێک ململانێ لە گەڵ ئەمریکا بووە یان ڕاپەڕاندنی مافێکی یاسایی، ڕوونی کردەوە: تا ئەو کاتەی ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین پێشێل‌کەرانی یاسا و ڕێککەوتنگەلی نێودەوڵەتییە و لە بەرامبەردا ئێمە هەوڵی پابەندی بە بەرپرسایەتی و یاساکان دەدەین، لە بابەتی پێشێلکاریدا خەریی ململانێی لە گەڵ ئەو وڵاتەین. بەڵام ئەوی ئەوڕۆ ڕووی داوە ئەوەیە کە ئەمریکا ناچار بووە بگەڕێتەوە سەر کەمترین ئاستی بەرپرسایەتیی و پابەند بێت بەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی کە واژۆی کردووە. واتە ئەمریکا ئەگەرچی خووی گرتووە بە پێشێل کردنی ڕێککەوتنگەلی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا ناچار بووە بە ڕێزنان لەو یاسانەیە.

باڵوێزی ئێران لە ڤێنزۆئێلا لە وەڵامی پرسیار لە ماناکانی گەیشتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی بۆ ناو ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ڤێنزۆئێلا و ئیسکۆرتکرانی لە لایەن پاپۆڕە سەربازییەکانی ئەو دەوڵەتە، وتی: ئەو ڕووداوە نیشانی دا کە وڵاتانی شۆڕشی و خەڵکەکەیان بە کردەوە متمانەی زیاتریان بە توانستی ناوخۆیی خۆیان پەیدا کردووە و لە ئێستادا ئەو وڵاتانە زیاتر لە جاران ئاگاداری مافی خۆیانن و بۆ بەرگری لەو مافەیان ئامادەیی خەباتی زیاتریان هەیە. ئەو وڵاتانە دوای ئێران و ڤێنزۆئێلا کە دەسپێکەری ئەو هەنگاوە بوون، لە ئێستادا وەخۆ کەوتوون و بە بێ ئەوەی مۆڵەت لە ئەمریکا وەرگرن، داواکاری مافی خۆیانن و ئەمریکاش ناچار لە سەر دانەواندن بۆ مافی ئەوانە.

ناوبراو لەبارەی بوێری ئێران و نەترسان لە هەڕەشە و پاگەندەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندن و ئاستەنگ خستنە بەردەم نەوتهەڵگرەکانی، بیری هێنایەوە: نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی لە سەر رێگەی خۆیان تا ڤێنزۆئێلا هیچ کێشەیەکیان بۆ پێش نەهات و کەس ئاستەنگی نەخستۆتە سەر ڕێیان و لەمناوە درۆکاری ئەمریکییەکان سەرەڕای هەموو پاگەندە و هڕوگیفیان، بۆ هەموو جیهان دەرکەوت و دەرکەوت کە درۆی ئەوان هیچ حەقیقەتێک ناگۆڕێت. هەڵبەت ئێران بەر لە وەڕێ کەوتنی نەوتهەڵگرەکان ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنیی گرتبووە بەر و هوشداری پێویستی بۆ ڕێزگرتن لە مافی بازرگانی و هاتوچۆی ئازاد لە رێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەمریکا دابووە.

وتیشی: هەموو کارەکان بە شێوەی ئاسایی ئەنجام درا و لەمناوە ئێران نیشانی دا کە هەم دەسەڵاتی خۆی هەیە و هەمیش متمانەی بەو دەسەڵاتەیەتی و سەلماندنی کە لە بڕیارەکانیدا شۆخی لە گەڵ کەس نییە. بە خۆشحاڵییەوە ئەمریکاش لەو ڕووداوە فێر بوو کە دەبێ پابەندی یاساکان بگرێت؛ واتە ئەو یاسایانەی کە دەڵێن هەموو مافی یەکسانیان هەیە و ئەوەش تەنیا دەسکەوتێک بۆ تاران و کاراکاس نییە و هی هەموو جیهانە.

سوڵتانی لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەم هەنگاوە هاوبەشەی ئێران و ڤێنزۆئێلا بە مانای سەرکەوتنی ئاشتی و جیهانی چەند جەمسەری بە سەر جیهانی تاک جەمسەرییە، جەختی کرد: ئەم هەنگاوە هەر دوو ماناکە لە خۆ دەگرێت، لەمناوە هەم دوو گەل و دەوڵەتی سەربەخۆی ئێران و ڤێنزۆئێلا سەرکەوتن و هەمیش لە ئاستی دوو قۆڵی، ئەوە دەسکەوتی هاوڕیزی و هاوکاریی زیاتری تاران و کاراکاسە کە لە بڕیارەکانیاندا سەربەخۆن. دیارە ئەوڕۆ گەلی ئێران دەستخۆشی لە هێزی چەکداری ڤێنزۆئێلا بۆ پاڵپشتی لە نەوتهەڵگرەکانی دەکا. لە لایەکی دیکەوە ئێران بە جیهانی نیشان دا کە دەستهەڵگری هاوڕێتی خۆی لە گەڵ گەل و دەوڵەتی ڤێنزۆئێلا نابێت و گەل و دەوڵەتی ئەو دوو وڵات هەمیشە لە پەنای یەکتر دەبن.

باڵوێزی ئێران لە وەڵامی پرسیاری "المیادین" لەبارەی هۆکارەکانی دابەش‌کردنی سووتەمەنی لە گەڵ ڤێنزۆئێلا سەرەڕای کەمایەسی سووتەمەنی لە ئێران، ڕایگەیاند: شکور بۆ خودا ئێرانی لەوڕۆدا لە قۆناغی خۆبەڕێوەبەرییە و پێداویستیی سووتەمەنی خۆی دابین دەکات و هەناردەشی هەیە و بە کردەوە سووتەمەنی بازاڕی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە ناوچەی کەنداوی فارس و وڵاتانی دراوسێ دابین دەکەین. ئەوە بەو مانایە کە سووتەمەنییەک کە هەناردەی ڤێنزۆئێلا دەکرێت، هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ئاستی مەسرەفی ناوخۆیی دانانێت. بەوەشەوە ئەگەر بزانین کە هەناردەی سووتەمەنی بۆ ڤێنزۆئێلا پێویستە، ئێمەش مەسرەفی ناوخۆییمان تا ڕادەیەک کەم دەکەینەوە و تەنانەت حازرین هەناردەی سووتەمەنی بۆ هەندێک کڕیاری نەرێتیمان بە شێوەی کاتی هەڵپەسێرین و لەوبارەیەوە بێ شک دەوڵەت و خەڵکی ئێران بە دڵفراوانییەوە ئامادەی هاوکارین، چونکە لە بیرمان ناچێت کە لە ساڵی ٢٠٠٨ و هاوکاتی گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەوکاتی ئەمریکا، چۆن ڤێنزۆئێلا لە سەر فەرمانی چاوێرز سووتەمەنی هەناردەی ئێران کرد.

ناوبراو لەبارەی چوارچێوەی هاوکارییەکانی نێوان تاران و کاراکاس سەرەڕای بەنزین، ڕوونیشی کردەوە: پاڵاوگەکانی ڤێنزۆئێلا بە هۆی گەمارۆگەلی زاڵمانە و نامرۆڤانەی ئەمریکا زیانی بینیوە و پێویستی بە مادە و کاتالیست بۆ بەرهەم هێنانی سووتەمەنییە. ئێران لە سێ حەوتەی ڕابردووەوە وەجبەیەکی کاتالیستی هەناردەی ڤێنزۆئێلا کرد و ئەوڕۆش بینیمان کە نەوتهەڵگرەکان سووتەمەنیان بەو وڵاتە گەیاندووە. دیارە ئەو هەنگاوە بۆ دابین کردنی بەشێک لە پێویستییە خێراکانی بازاڕی ڤێنزۆئێلایە و ئامانجی ئێمە یارمەتی بەو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم هێنانی تایبەتی بۆ خۆی لە پێناو سەربەخۆبوون و خۆبەڕێوەبەریەتی.

News Code 32589

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 10 =