پێغەمبەر مزگێنی داوە قودس لە دەستی جوولەکە ڕزگار دەکرێت

"پێغەمبەری خوا مزگێنی داوە بە ئێمە، ئەمڕۆ بێت، سەدساڵ یان هەزار ساڵی دیکە بێت هەر ڕێژەیەک موسڵمان لە جیهاندا بمێنێ، کەم یا زۆر، قودسی پیرۆز لە دەس جوولەکەی زایۆنیدا نامێنێت"

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودس، ئاژانسی هەواڵی مێهر لە گەڵ ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی کوردی عێراق و هەروەها کونسوڵی ئێران لە سلێمانی قسەی کردووە یان ئەوان نووسراوەیان بۆ مێهر ناردووە کە بە هەمووی پێکەوە وەک ڕاپۆرتێک بڵاو دەبێتەوە.

ئازادیخوازان دەستی یارمەتی بۆ فەلەستین مەزڵووم درێژکەنەوە

مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی پێیوایە: ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک خواستگەی ئایینە یەکتاپەرەستەکان و خاکی پیرۆزی فەلەستین و هەروەها بەیت المقدیس وەک قیبلەگای یەکەمی موسوڵمانان، 72 ساڵە شایەتحاڵی دوژمنکاری، داگیرکاری و ئاوارەیی گەلێک لە خاکی باوباپیرانی خۆیان و ئەڵبەت لەبەرامبەردا 72 ساڵ بەرگری و خۆڕاگری بەرامبەر داگیرکاران و قوربانی دان و لەخۆبووردەیی بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی گەلی مەزنی فەڵەستینە. 72 ساڵ پێش ئێستا و بە پشتگیری هێزە داگیرکارەکانی جیهان، ڕژێمێکی ساختە و نایاسایی لەناو دڵی جیهانی ئیسلام دا دروست بوو. نەوەی ئەمڕۆی فەڵەستین هەڵگری هیوا و ئاواتی نەتەوەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان لە ئازادکردنی خاکی باوپاپیرانیان لە داگیرکاری، هەروەها گەشتن بە مافی حاشاهەڵنەگر و دانپیادانراوی مافی چارەی خۆنوسین و پێکهێنانی دوڵەتی سەربەخۆ و یەکپارچەی خۆی بە پایتەختی قودسی شەریفەوە.

لەم نووسینەدا، هەوڵ دەدەین وەک لێکۆڵەڕێکی سەربە لێکۆڵینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وەک چاودێرێکی بێلایەن، ڕاستیگەلێک لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا بەسەر ناوچەکە و فەڵەستین دا تێپەڕیوە، هاوبەشی پێبکەم:

1- داگیرکاری سەرەتایی خاکی فەلەستین لە ساڵی 1948 ی زایینی، لە ڕێگەی داگیرکردنی 77% ی ئەم خاکە و ئەنجامدانی چەندین تاوانی وەک کوشتارەکانی دیریاسین، کەفەرقاسم و...هتد، ئاوارەکردنی نزیکەی 60% کۆی دانیشتوانی فەلەستین، روخاندنی ئامانجداری ماڵ و گوندەکانەوە کە ئەمڕۆکە سەلمێنەری پێشێل کردنی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانە، ئەنجام درا. هەموو ئەم تاوانانە سەلمێنەری تیرۆریزمێکی ڕێکخراو و دەوڵەتی بوو کە ئەمڕۆکە نە تنها لە توندییەکەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو بەتین تر و فراوانتریش بووە.

2- داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و خاکی سەرزەمینە عەرەبەکانی دیکە لە لایەن رڕژێمی زایۆنیەوە، دیاردەیەکی بەردەوام و بێ وەستان بووە. بڕیاری دابەشکردنی 181 لە ساڵی 1947، سەرەڕای دژایەتی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان، پەسەند کراو و 54.7 لەسەدی ڕووبەری خاکی فەڵەستین درا بە دەوڵەتی یەهودی و 44.8 لەسەدیش بە دەوڵەتی عەرەبی (فەڵەستین) درا. بەڵام ئیسرائیل یەکسەر بە هەڵگیرسانی جەنگی 1948 و پاشان جەنگی 1967 و داگیرکردنی ناوچەگەلێکی فراوان لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە، پشکی فەڵەستینیەکانی لە خاکی خۆیان بۆ 22 لەسەد کەم کردەوە و چەند بەشێکی لەبەرچاو لەو خاکەی کە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین دیاری کرابوو داگیرکرد و ئەم داگیرکارییە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە.

3- خاکی فەڵەستین و ناوچەکە، لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا، ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورەی داگیرکاری و فراوانکردنی لەسەرخۆ و بەردەوامی ئەو داگیرکارییە و هەروەها تیرۆریزمی دامەزراوەیی و ڕێکخراو و دەوڵەتیی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکەی ناوچەکە بووەتەوە. ڕوودانی چەندین جەنگی جیاواز لە دژی خاکی فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی هاوسێ لەلایەن ڕژێمی زایۆنیەوە و ئەنجامدانی تاوانگەلێکی فراوان لە فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکانی دیکە، کارنامەیەکی ڕەشی لە پێشێل کردنی بنەما بنەڕەتیەکانی مافە نێودەوڵەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە تۆمار کردووە.

4- ئیسرائیل بەردەوام هەوڵی داوە دیفاکتۆگەلێکی نوێ لە گۆڕەپانەکەدا بسەپێنێت. ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زەوی فەڵەستینیەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون و شاری قودس و دروست کردنی شارۆچکەگەلی نوێ لە ناوچە فەڵەستینیەکان و دروست کردنی دیواری جیاکەرەوە لە کەرتی ڕۆژئاوا و... هتد. دەیەوێت دیفاکتۆگەلی نوێ بسەپێنێت. شارۆچکە نایاساییەکان و دیوارە جیاکەرەوە دروستکراوەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون نزیکەی 40 لەسەدی ڕووبەری ئەم ناوچەیەی قوت داوە و بە جۆرێک پرژوبڵاو بوونەتەوە کە ئەگەری پێکەوە بەستنی جوگرافیایی شارەکانی فەڵەستینی بە تەواوی لەبار بردووە و ئەم شارانەی گۆڕیوە بۆ چەندین کانتۆنی لەیەک جودا. پڕۆژەی بەناو "مامەڵەی سەدە" ش کە بەم دواییانە لە لایەن ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، خرایەڕوو، شتێک نییە جگە لە جێگیرکردنی دیفاکتۆ و داگیرکارییەکانیان و بەخشینی دیاری بە ڕژێمی داگیرکار لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. بە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی مامەڵەی سەدە، پشکی فەڵەستینیەکان لە خاکی خۆیان بۆ 15 لەسەد کەم دەبێتەوە.

5- ئەزموونی نزیکەی سێ دەیە لە گفتوگۆکانی بەناو ئاشتی ئەوەی پیشان داوە کە رڕژێمی زایۆنی پابەندی تەنها یەک ڕێکەوتنی واژۆکراو لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا نییە. رڕژێمی زایۆنی تەنانەت ئامادە نییە ڕێگە بدات لانی کەمی مافی فەڵەستینیەکان لە پێکهێنانی دەوڵەت لە سنورەکانی 1967 بێتەدی.

6- بە داخەوە ڕاستیەکی تاڵ لە میانەی ئەم گۆڕانکاریانەدا لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو، بریتیە لە پشتگیری ئاشکرا و نهێنی و تاکلایەنانەی هیزە گەورەکانی جیهان و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رڕژێمی زایۆنی و بێدەنگی و بێ کرداری دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

بەپێی ئەو ڕاستیانەی کە دەربارەی گۆڕەپانی فەڵەستین ئاماژەیان پێدرا، بنەما و رێکارەکان بۆ چارەسەری ڕیشەیی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین دەخەینەڕوو:

1- تا ئەوکاتەی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین وەک پایەدارترین و درێژترین قەیران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گوڕەپانی نێودەوڵەتی بە شێوەی بنەڕەتی و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای بەجێگەیاندنی مافەکانی فەڵەستینیەکان چارەسەر نەکرێت، ناتوانین چاوەڕێی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا بین. پێویستە پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ ئاشتی بە شێوەی شێلگیرانە گرنگی بە کرۆکی قەیرانەکە بدات. داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەڵەستینی و بەردەوامی کردەوە توندوتیژییەکانی ڕۆژانەی رڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین بەشێکن لە کرۆک و هۆکارەکانی بەردەوامی قەیرانی فەڵەستین.

2- کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپاڵ گرنگیدان بە هۆکارەکانی قەیرانەکە، دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە رێکارگەلی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە بەردەوامی کردەوە توندئاژۆ و تیرۆریستیە ڕێکخراو و دەوڵەتیەکانی رڕژێمی زایۆنی لەدژی فەڵەستینیەکان لەبەرچاو بگرن. تا ئەوکاتەی ئەم ڕژێمە ئەو هەستەی هەبێ کە هەرجۆرە کردەوەیەک لەدژی فەڵەستینیەکان و گەلانی ناوچەکە بێ سزا دەمێنێتەوە، هیچ گەرەنتیەک بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوانە بوونی نابێت.

3- بەمەبەستی گەرەنتی کردنی ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی فەڵەستین، پێویستە ڕۆژئاوا و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بهێنن بە پشتگیرییە تاکلایەنەکان لە ڕژێمی زایۆنی کە لە ماوەی زیاتر لە 7 دەیەیە ئەنجامی داوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی 4 دەیەی ڕابردوو، بە حوکمی ئەرکی مرۆڤدۆستی و ئیسلامی خۆی، پشتگیری کردن لە ئامانج و مافەکانی گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لەبەرامبەر داگیرکەرانی زایۆنی کردووەتە سەردێژی سیاسەتی دەرەکی خۆی. ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی قودس لەلایەن دامەزرێنەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت) بە ئامانجی ڕاکێشانی پشتگیری و پشتیوانی تەواوی موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان لە گەلی فەڵەستین ئەنجام درا. هەموو ساڵێک لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بەم بۆنەیەوە مەراسیم و بەرنامەگەلێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی چارەسەری قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین، پڕۆژەیەکی دیموکراتی و دادپەروەرانەی بە ناوی "ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە فەڵەستین" خستووەتەڕوو و لە سکرتاریەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تۆمار کراوە. پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بنەما دیموکراسی و مافە نێودەوڵەتیەکان کە لە لایەن تەواوی دەوڵەت و نەتەوەکانەوە پەسەند کراوە، داڕێژراوە و خراوەتەڕوو. ئەم پڕۆژەیە جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ پڕۆژە شکستخواردووەکانی پێشوو. ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم پڕۆژە چوار مادەییە بریتیە لە:

1- جێبەجێ کردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان.

2- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەکانەوە بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی خۆیان.

3- پێکهێنانی سیستەمی سیاسی پەسەندکراو لەلایەن زۆرینەی خەڵکی فەڵەستینەوە.

4- بڕیاردان دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی هەڵبژێردراوی زۆرینەوە.

بڕوام وایە گەلی فەڵەستین ئەمڕۆ زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە لەماوەی 72 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاری ئێمەیە و لەسەر موسوڵمانان و ئازادیخوازان فەرزە کە دەستی یارمەتی بۆ ئەم گەلە مەزڵوم و ستەملێکراوە درێژ بکەن.

لە نووسراوەیەکی تردا دکتۆر موئمین زەڵمی دەڵێت: جیهان لە ستەم و زوڵم و چەوساندنەوەی هەمەلایەن و فرەبازنەدا دەکوڵێت و تا دێت ژماری قوربانییان زیاتر دەبێت، خەمخۆرانی و دڵسۆزانی مافی مرۆڤیش دەستەوەستانن لە ڕێگریکردن لەم ستەمە فراوانە و بەرگری لە قوربانییان، ئەم وتارە تیشکێکی خێرایە بۆ سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان و خستنەرووی نمونەیەکی گرنگ و کاریگەرە و پێشنیاری رێگاچارەی دەربازییە.

مافی مرۆڤ له جیهاندا

چەمکی مافی مرۆڤ پاش جەنگی دووەمی جیهانی‌و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 1945 ەوە هاتە ناو باسوخواسە ئەکادیمی‌و زانستییەکان، مافی مرۆڤ کورت‌و پوخت باوەڕبوونە بەو مافانەی پێویستە لەسەر مرۆڤ هەبن، لەئایین‌و ڕەنگ‌و ڕەگەزو نەژادو نەتەوە‌و جوگرافیاو بارودۆخ‌و ئازادییەکان‌و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی‌و باش‌و خراپییەکان‌و تەنانەت ئەو هەڵانەی مرۆڤ لەبوارە جیاوازەکان‌و کایەکانی ژیانیدا ئەنجامیان دەدات، چونکە خودا ئازادی بەخشیوەتە مرۆڤەکان.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەچەندین دەقدا جەختی لەسەر مافی مرۆڤ‌و ئازادی مرۆڤ‌و کۆتاییهینان بەجیاکارییەکان کردۆتەوە، ئایەتی «یَا أَیُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاکُمْ مِنْ ذَکَرٍ وَأُنْثَی وَجَعَلْنَاکُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ» (حجرات: 13)،‌و فەرمایشتی پێغەمبەر (د.خ) لەمەراسیمی فراوانی حەجی ماڵئاواییدا وردتر ئەو بابەتەی تۆخکردۆتەوە « یَا أَیُّهَا النَّاسُ أَلَا إِنَّ رَبَّکُمْ وَاحِدٌ وَإِنَّ أَبَاکُمْ وَاحِدٌ ، أَلَا لَا فَضْلَ لِعَرَبِیٍّ عَلَی أَعْجَمِیٍّ وَلَا لِعَجَمِیٍّ عَلَی عَرَبِیٍّ وَلَا لِأَحْمَرَ عَلَی أَسْوَدَ وَلَا أَسْوَدَ عَلَی أَحْمَرَ إِلَّا بِالتَّقْوَی»، هەروەها ئەو سەنەدە ئایینیەش  بۆ هەمیشە دەدرەوشێتەوە کە دەفەرموێ "چۆن مرۆڤەکان دەچەوسێننەوە لەکاتێکدا ئەوان بەئازادی لەدایکبوون".

لە لایەکیتریشەوە یەکێک لەبنەماکانی مافی مرۆڤ پاراستنی کەرامەت‌و شکۆی مرۆڤە، عیزەت‌و کەسایەتی‌و پێگەی بەرزو تەنانەت شەرەفیش دەگرێتەوە‌و مرۆڤ بەهەموو بوونیەوە پێویستە لەسەنتەری رێزو گەورەییەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ باوەڕبوونە زارەکییەکان، لەگەڵ بوونی مادە دەستورییەکان‌و یاساو پرۆژە یاساکانی مافەکانی مرۆڤ‌و بوونی هەزاران سەنتەرو رێکخراوی نێودەوڵەتی‌و جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێستا دەبینین رۆژبەرژ توندوتیژی‌و تیرۆرو جەنگ‌و تاوان لەزیادبووندایە، بەشێوەیەک مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێشێل‌و پایەماڵ دەکرێن وجارێکیتر پێناسەکردنەوە‌و پێداچوونەوە بەمافی مرۆڤ‌و تێگەشتن‌و کارپێکردنەکانی بووەتە ئەمری واقیع.

بۆچی مرۆڤ هەر قوربانییە؟

لێرەوە پرسیارە گرنگەکان دێنە پێشەوە، ئایا بۆچی بەم هەموو تێگەشتنەوە پرسی مافی مرۆڤ هەر قسەیە‌و ناچێتە جێبەجێکردنەوە؟ بۆچی هەمووان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی‌ وهەرێمی و ناوچەیی مافی مرۆڤ‌و ئازدییەکان پێشێل دەکەن، بۆچی سەخترین جۆری خەمخواردن ئێستا پێشێلکردنی مافی تاکە لەسەرزەویدا، لەشوێنی کارەکەی، لەسەر بیروباوەڕەکەی، لە زێد و شوێنی نیشتەجێبوونی؟

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبینین پرسی مافی مرۆڤ بەنەتەوەکان ڕەوا نابینرێت، مێژوویترین نمونەش ئەو زوڵمە گەورە دەیان ساڵەیەیە کە لە میللەتی ستەمدید و مەزڵومی (فەلەستین) دەکرێت، زلهێزانی جیهان رۆژ دوای رۆژ فەلەستینییەکان لە زێد و وەتەن و نشینگەی خۆیان  دەچەوسێننەوە، مافی ژیانیان پێ ڕەوا نابینن، رژێمی زایۆنی بە هاوکاری زلهێزان تا دێت ئەم وڵاتە زیاتر دەگوشن و کەرامەتی مسوڵمانان و خاوەنە رەسەنەکانی ئەم زێد و ئاوەی تیا دەکوژن و ئاوارە و دەربەدەریان دەکەن و لە تازەترین پیلانیشیاندا جارێکیتر فەلەستین یەکەم رووگەی موسوڵمانان داگیر و دابەش دەکەن، ئەوەی رۆژئاواییەکان دەیکەن خراپترین جۆری مامەڵە لەگەڵ مرۆڤە رۆژهەڵاتییەکاندا، بۆیەش زۆرجار تێگەشتنەکان پێچەوانە دەبنەوە، وەک بڵێی مافی مرۆڤ چەکی زلهێزەکانە بۆ دامرکاندنەوەی میللەتانی ژێردەستە‌و لاواز، ڕەنگە خاڵی گرنگ لەپرسی مافی مرۆڤدا ئەوە بێت بێدەنگییەکان، یان ناپابەندی‌و ناکردارییەکان دەردەخات، ئەوەتا زۆرێک لەو وڵاتانی سەرزەوی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن‌و لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیاندا دایدەتاشن‌و تەنانەت ئەو وڵاتانەش خۆیان بەپارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن دنەی ناپابەندییەکان دەدەن.

ئەگەر وردتر سەرنجی بارودۆخی مافی مرۆڤ لەسایەی سیاسەت و رامیاری جیهانیدا بدەین دەبینین، ستەمکارییەکان بەرامبەر بە موسوڵمانانی جیهان نەک تەنها کوشتن و بڕین و قەتلوعام و کاولکاری و ئاوارەیی بەڵکو فیکر و فەلسەفە و پەروەردە و زمان و کلتور و رەسەنایەتییەکانیشی گرتۆتەوە و ئێستا لە هەموو کات زیاتر مرۆڤ بە تەنها لە بەرەئەوەی پڕۆ-رۆژئاوایی نیە دەچەوسێنرێتەوە.

داگیرکاری جیهان لە کوێوە بۆ کوێ؟

ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین کە پرۆسەی ئەمریکانیزەیشن یان ماکدۆناڵیزەیشن، نەک هەر سەپاندنی زمان و فەرهەنگ و خواردن و بیرکردنەوەی رۆژژئاواییە بەسەر جیهاندا بەڵکو داگیرکردنی شوناس و ناسنامە و بیرکردنەوە و پەروەردە و تەنانەت ئایینداری مرۆڤیشە، ئەوان هاتن و لە ڕێگەی رێکخراوە تەبشیری و پەروەردەییەکانەوە کتێب و پڕۆگرامە پەروەردەییەکانیان گۆڕی، لە ڕیگای بازرگانی وبزنسەوە ستایڵی ژیانیان گۆڕی، لە ڕێگای گەشتوگوزارەوە شوێنە مێژووییەکان و لە ڕێگای سیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە کەلەپور و سەروەت و سامان و شوێنەوار و ژیانی ئێمەشیان دزی، بە شێوەیەک ئێستا نەک تەنها فەلەستین زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی داگیرکراون، بۆیەش تاکە ڕێگاچارەی ئەم دەربازبوونە وەستانەوەیەکی جیهانییە کە بە پاڵنەری فیکری و ئایینی و پەروەردەیی بتوانێت ئەم زوڵم و ستەمە جهانییە ڕابگرێت.

لە فەلەستینەوە دەرگایەک دژی ستەمکاری

بەلای زلهێزانی جیهانەوە، داگیرکاری فەلەستین و قودس و هەوڵەکانییان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەم وڵاتە، تەنها پرسێکی سیاسی و بازرگانی نیە، بۆیەش کاتێک لە بارودۆخەکە ورد دەبینەوە، دەردەکەوێت کە داگیرکردنی قودس دەرگایەکە کە لێیەوە ستەمکاری و سەپاندنی هەژموونی قورخکاری بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە دەکرێت و میللەتانی جیهانی سیێەم زیاتر و زیاتر لە رەسەنایەنی و شارستانیەتی خۆیان تەرە دەکرێن.

وەستانەوە دژی ئەم داگیرکارییەش لە جیهاندا رەوتی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوەو قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە،  بەلای سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەستانەوە دژی داگیرکاری فەلەستین و قودس بە تەنها داگیرکاری وڵاتێک وشارێک  نەبووە، بەڵکو بێدارییەکی جیهانییە دژی ستەمی جیهانی.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق لە یەکێک لەدیدارەکانیدا ڕایدەگەیەنێت، "پێویستە شاری قودس و تەواوی شوێنە پیرۆزەکان لە پێشێلکارییەکان بەدووربگرێن، جەختیشی لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان کردەوە بۆ بەدیهێنانی خواست و هیوای گەلی فەلەستین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و دەستبەرکردنی مافە ڕەواکانی، وڵاتی ئێمە لە پێشەنگی بەرگریکاران بووە لە فەلەستین و پرسی فەلەستین-یشی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە یەکەم پرس داناوە"

بەبڕوای م. سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، "هەر کەمتەرخەمییەک بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا کەمتەرخەمییە

بەرامبەر کەعبە"دەشڵێت،  "قودس و مزگەوتی ئەقسا بۆ موسڵمانان و ئومەتی ئیسلامی بە گشتی یەکێکە لە موقەدەساتەکان، موقەدەساتیش شتێک نییە موساوەمەی لەسەر بکرێت یان چاوپۆشی لێبکرێت، ئەم بڕیارەش بڕیارێکی هەڵە و خەتایە بەرامبەر بە ئومەتی ئیسلام و موقەدەساتی موسڵمانان، جگە لەوەش موقەدەساتی مەسیحییەکانیشە، پرسی قودس پرسێکی مێژوویی و موقەدەساتی و مەعنەوییە و تەنازولی لەسەر ناکرێت و کارێکی هەڵەیە"

ئەم داگیرکراییە تا سەر نابێت و ئەمەریکاو جوولەکەش، درەنگ یان زوو لە داگیرکردنی قودس پاشگەز دەبنەوەو، ئەگەر واش نەکەن، ڕۆژ بۆ ڕۆژ ھەرچی زیاتر زیان‌و سەرئێشەو پەشیمانیی دەچننەوە، ئەوەش بە بڕوای م. عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی.

" ئەمریکاو و هەنگاوەکانی بۆ داگیرکاری قودس، ھۆکاری وروژاندنی ھەست و نەستی زۆربەی خەڵکی دنیایە لەدژی ئەمەریکا، کە ئاوا تاکڕەوانەو بەبێ گوێدانە دامەزراوەو نێوەندە نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری ھێندە مەترسیدار دەدات". ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە یەکێک لە پەیامەکانیدا لەسەر داگیرکاری ئەمریکا و ئیسرائیل لە قودس وفەلەستین وا دەڵێت.

رۆژی قودس؛ بەرخودان و بەرگری

بەرگری لە ستەمدیدەکانی جیهان و وەستانەوە دژی ستەمکارانی جیهانی و بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکە و جیهان دەبێت ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە جیهان  بێت لەسەر هەر بیروڕا و مەزهەبێک بێت.

قودس قیبلەی یەکەم و حەرەمی دووەمی موسڵمانەکانی جیهان، نیشتمانی ملیۆنان ئاوارەی موسڵمانی فەڵەستینییە کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە لە ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر دەستی دانیشتووانەکەیەوە دەریهێناوە و لە ئێستادا لە لایەن داگیرکەرانەوە بەڕێوە دەبرێت.

بۆ بەرگری لەو ستەمە گەورەیەش، رۆژی جیهانی قودس کە وا نزیکەی چوار دەیەیە لە ئێرانەوە ڕاگەیانراوە، ئۆپشنێکی کاریگەرە دژی ئەو جیهانگەرییە ستەمکارانەیەی، سەرزەوی داگیرکردووە و ماڵ و موڵکی ڕۆژهەڵاتییەکانی تاڵان کردووە، فیکر و بیرکردنەوە و پەروەردەو زمان و فەرهەنگ و کەلەپوورەکەیانی دزیوە.

"ڕۆژی قودس ڕۆژێک نییە کە بە تەنیا پەیوەندی بە قودسەوە هەبێت. رۆژی قودس ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی چەوساوەکانە بەرامبەر بە ستەمکاران، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی زلهێزەکانە. ڕۆژی قودس ئەو ڕۆژەیە کە دەبێت هۆشداری ئەوە بە زلهێزەکان بدەین کە چیدی ئیسلام لە ژێر دەسەڵاتی ئێوە و کردەوە نەشیاوەکانی ئێوەدا نییە. رۆژی قودس ڕۆژی ژیانەوەی ئیسلامە. ڕۆژێکە کە دەبێت ئیسلام زیندوو بکرێتەوە ". ئیمام خومەینی دامەزرێنەری رۆژی جیهانی قودس لە یەکەمین ڕاگەیەنراوی ئە ڕۆژەدا ئاوا پێناسەی کرد.

 گەلانی جیهان لەم رۆژەدا، داوای لەناوچوونی زوڵم و بەرەی ستەمکاران دەکەن، لەم ڕۆژەدا تیرۆر و داگیرکاری و ئەشکەنجەی کەسانی بێتاوان لە فەڵەستین ئیدانە دەکەن، و چاوکانیش هەموو لەسەر ئەوەن کە کەی ئەم هەوڵانە ئەنجامێکی دڵخۆشکەرییان لێدەکەوێتەوە و مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هەناسەیەکی ئارامی دەدات و لە داگیرکاری رزگاری دەبێت.

هەروەک ڕابەڕی شۆرشی ئیسلامی ئێران پێی وایە: "ڕۆژی قودس، رۆژێکە بۆ وتنی راستی بە دەنگی بەرز دژی داگیرکارییەکان، بزوووتنەوەیەکی بێداری و وهۆشداری و وەستانەوە بوو دژی ستەمکارییەکان".

ڕۆژی ۲٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمرکا و بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رێککەوتننامەی سەدە راگەیەنرا، کە بانگەشەی کۆتایی هێنانی ململانێکانی جیهانی ئیسلامی و جولەکەکانە، بەڵام ئەم ڕێککەوتننامەیە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکیدا، رێکەوتنی سەدەی بە "خیانەتی سەدە" ناوبرد، د. محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "رێکەوتننامەی سەدە پڕۆژەیەکی خەیاڵییە کە کارکردن لە سەری مایەپوچت دەکات، ئەوە تەنها خەونێکی ناخۆشە بۆ ناوچەکە و جیهان"

هەروەک لە عێراق دا زۆرینەی سەرکردە باڵاکانی وڵات رێککەتننامەکەیان ڕەتکردەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عیراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ محەمەد ئەشتیە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین، رێکەوتنی سەدەیان ڕەتکردەوە و رایگەیاند: "دۆسێی فەلەستین دۆسێی ئێمەشە ‌و پشتیوانی لێدەکەین"، لای خۆشییەوە سەید عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند: "قودس هەموو کات دۆسێیەکی مرۆیی و ئیسلامی و عەرەبی دەمێنێتەوە و بابەتێک نییە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە بکرێت". هەروەها یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی عیراقیش جەختیکردۆتەوە لەوەی "قودس هەمیشە پایتەختی فەلەستین دەمێنێتەوە".

چارەنووسی گەلانی زوڵملێکراو پێویستە دیاری بکرێت، دەبێت گەلانی زوڵملێکراو خۆیان لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری پیشان بدەن، ڕۆژی قودس وێستگەیەکی جیهانییە بۆ وەستانەوا دژی داکیرکاری و ستەمکاری و قرتاندنی هەموو هەوڵێکی گۆڕینی شوناس و ناسنامە و فەرهەنگ و کلتور و کەلەپوری وڵاتانی ڕۆژهەڵات.

لە کۆتاییدا، ڕۆژی قودس جگە لە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای خۆڕاگری و وەستانەوە دژی داگیرکاری، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ یەکگرتوویی ستەملێکراوانی جیهان تا شکۆ و گەورەیی خۆیان بە ڕەوتی ستەمکاری جیهان پیشان بدەن و بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن،  ئاراستەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵە گوماناوییەکان تا دێ زیاتر دەبن بەڵام هێزی بەرخودان و گیانی بەرگریکاری تا دێت سەوزتر دەبێت.

پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) مزگێنی داوە کە قودا ئازاد دەبێت

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی جەخت لەوە دەکات کە لاوازی مەوقفی دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبیەکان جوولەکی زایۆنی بە سەر موسڵمانانی فەلەستیندا شێر کردووە.

ڕۆژی 14 ی مانگی مەی 72 هەمین ساڵوەگەڕی داگیر کردنی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوەیە. لەم حەوت دەیەدا ئیسرائیلی زایۆنی نەک تەنیا نەیتوانیوە موسڵمانان لە فەلەستین بسڕێتەوە بەڵکوو نەیتوانیوە پێگە و پێناسەیەکی پەسەند کراوی جیهانیش بۆ خۆی دروست بکات. 

ڕەنگە تا ئیستا توانیبێتی بە هۆی زۆری چەک و پشتیوانیە دزێوەکەی ئەمریکا و بریتانیاوە ستەمی لە موسڵمانانی بێ دەرەتان کردبێت بەڵام پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) مزگێنی داوە کە قودس و فەلەستین لە داگیرکەر پاک دەکرێنەوە.

لە سەروبەندی ڕۆژی 14 ی مەی واتا(یوم النکبة) داین. 72 ساڵ بە سەر داگیر کردنی خاکی فەلەستین و قودسی شەریف لە لایەن جوولەکەی زایۆنیەوە تێپەڕیوە. بە ڕای ئێوە بۆچی وڵاتانی موسڵمان و ڕێبەرانی وڵاته ئیسلامییەکان هەوڵێک نادەن بۆ ڕزگار کردنی گەلی ستەم لێکراوی فەلەستین لە دەستی ئسیرائیلی زایۆنی؟

بە ڕاستی زۆر جێگای داخ و مەخابنە کە قیبلەی یەکەمی ئێمە موسڵمانان و سێهەم مزگەوتی پیرۆزی ئیسلامی لە جیهان بە دەستی داگیرکەرانەوەیە و هەندێ وڵاتیش بە خۆیان دەڵێن ئیسلامی لە حاڵێکدا کە تەنیا بە ناو ئیسلامن و بە ناوەڕۆک وا نییە، چونکوو ئەگەر ناو و ناوەڕۆک هەر دوو ئیسلامی بایە، قبووڵیان نەدەکرد 72 ساڵە قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و جێگای مێعراجی پێغەمبەری خوا (د. خ) بە دەست جوولەکەی زایۆنیەوە بێت و ستەم لە خەڵکی موسڵمانی فەلەستین بکەن.

بە پێچەوانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ موسڵمانانی فەلەستین پشت گوێ دەخرێن و وڵاتانی عەرەبی و بە ناو ئیسلامی زیاتر ڕێککەوتن لە گەڵ جوولەکەی زایۆنی دەکەن بۆچی؟ 

کاتێک ئەم وڵاتانە تەنیا بە ناو موسڵمانن و سیستتەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی ئیسلام تێدا جێگیر و باڵادەست نییە، ئاساییە کە مونافەسە دەکەن و لەبری ململانێ و بەرگری لە مافی موسڵمانان دەچن لە گەڵ جوولەکەی زایۆنی ڕێککدەکەون. چوونکوو حوکمڕانانی هەندێ لەو وڵاتە عەرەبی و بە ناو ئیسلامیانە زاڵم و بە ناو ئیسلامن و بەرژەوەندی خۆیان و سەرەوەت و پارە و داهاتی خۆیان بەلاوە گرینگترە تا قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و گەلی موسڵمانی چەوساوەی فەلەستین.

داهاتووی فەلەستین و قودسی پیرۆز چۆن دەبینن؟ فەلەستین بەمزوانە بە دەس ستەمی جوولەکەی زایۆنیەوە ڕزگاری دەبێت؟

دەبینین کە پێغەمبەری خوا مزگێنی داوە بە ئێمە، ئەمڕۆ بێت، سەدساڵ یان هەزار ساڵی دیکە بێت هەر ڕێژەیەک موسڵمان لە جیهاندا بمێنێ، کەم یا زۆر،  گومان لەوەدا نییە کە قودسی پیرۆز لە دەس جوولەکەی زایۆنیدا نامێنێت و موسڵمانان وەریدەگرنەوە. وەکوو سەلاحەدین ئەیوبی دووبارە موسڵمانان فەلەستین و قودسی شەریف لە دەس هەر داگیرکەرێکدا بێت ڕزگاری دەکەن. جوولەکە بێت یان غەیری جوولەکە. ئێمەی موسڵمان بڕوامان وایە کە خودای گەورە هەندێ مرۆڤی وەک سەلاحەدین ئەیووبی راستگۆ و موسڵمانی ڕاستەقینە، پەیدا دەکات لە سەر ئەرز کە قودس و فەلەستین ڕزگار دەکەن. بەڵام ئەمە لە حاکمانی وڵاتانی عەرەبی کە پاگەندەی ڕێبەرایەتی ئیسلامی دەکەن ناوەشێتەوە و من پێم وا نییە  ئەوانە بتوانن کاری وا بکەن. خودای گەورە شەرەفی کاری وا بە کەسانی وەکوو سەلاحەدین دەدات.

پێشنیارتان بۆ ڕێبەران و گەلانی وڵاتانی ئیسلامی چییە لە هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ پرسی فەلەستین؟

لە هەر وڵاتێکدا ڕێبەر و گەل پشتیوانی لە هەڵوێست و کاروباری یەکتر نەکەن و پشتیوانی و پشتگیری لە مەزڵۆم و ستەم لێکراو نەکەن لە هەر کوێ جیهان بێت؛ ئەوە دەبێ بزانن کە خەسار لە خۆیان دەدەن و دواتر خۆیان خەسارمەند دەبن. بە تایبەت دەبێ هەمووان ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین کە گەلی فەلەستین داماو و ستەم لێکراون و قودسیش پرسی هەموو موسڵمانانی جیهانە. بە ڕای من دەبێ ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بە شێوەیەکی جدی تر بێنە سەر خەت و پشتیوانی و پشتگیری ڕاستەقینە لە فەلەستین و قودس بکەن. ئەگەر پشتیوانیەکی حەقیقی لە گەلی فەلەستین و قودس بکرێت ئیدی جوولەکە بەم شێوەیە شێر نابن بە سەر موسڵمانانی فەلەستیندا. ڕۆژانە زایۆنییەکان زیاتر خاکی فەلەستین داگیر دەکەن و بەردەوامن لە شارۆچکەسازی و داوا لە وڵاتانی دیکە دەکەن باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانیان بگوازنەوە بۆ قودس. ئەوان داوای بەرزاییەکانی گوڵان دەکەن و دەڵێن نیشتمانی زایۆنییەکانە. زایۆنیەکان دەزانن هەڵوێستی دەوڵەتە بە ناو عەرەبی و ئیسلامییەکان و ڕێکخراوەی هاریکاری ئیسلامی لاوازن زیاتر شێر دەبن و جورئەت بە خۆ دەدن و داگیرکارییەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە. دەبێ وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو و یەەکدەنگ بە جیدی مەوقفی خۆیان بەرانبەر بە پرسی فەلەستین رابگەیێنن و ئیسلام بە لایانەوە گرینگتر بێت لە بەرژەوەندییەکانیان تاکوو ببێتە بەربەست بۆ سەرەڕووییەکانی جوولەکە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پشتی فەلەستینی بەرنەداوە و داکۆکی لە مافی ڕەوای فەلەستینیەکان دەکات لە حاڵێکدا کە هەندێ وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل دۆسایەتی دەکات، ئەو هەڵوێستەی ئێران چۆن دەنرخێنن؟

ئێران وڵاتێکە کە حکوومەتی ئیسلامی تێدا  دەسەڵاتدارە، هەڵوێست و پشتیوانی ئێران لە فەلەستین هەمیشە باشتر و بەهێزتر بووە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە و جیهان. بە بڕوای من دەبێ زیاتر لە ئێستاش و جگە لە هەڵوێست و پشتیوانی سیاسی کە بەردەوام کردوویەتی، لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و پیشەسازیدا یارمەتی فەلەستین بدات. چونکوو ئێستا بەهێزبوونی کەرتی ئابووری و پیشەسازی بۆ فەلەستین و بە تایبەتی غەزەی ئابلۆقە دراو زۆر زەروورییە.

وڵاتی تورکیاش هەڵوێستی زۆر بەهێز و پێزی بووە بەرانبەر بە مافی ڕەوای گەلی فەلەستین و دژایەتی ئەو ستەم و زوڵمەی کردووە کە جوولەکەی زایۆنی لە سەر فەلەستین دەیکات و بە تایبەت تورکیا زۆر جوار یارمەتی غەزەی داوە و ویستوویەتی حەساری سەرغەزە بشکێنێت.

ئەم پشتگیریانە تەواو نییە و دەبێ هەموو وڵاتانی ئیسلامی بە چاوێکی بەرپرسیارانە سەیری فەلەستین بکەن و چارەنووسی بۆیان گرینگ بێت.

ئەمریکا مافی ئەوەی نییە مامەڵە بە خاکی وڵاتانی دیکەوە بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە کە ڕێککەوتنی سەدە پیلانێکی ترسناک و قێزەونی ئەمریکایە.

عەبدولستار مەجید لە دیمانە لە گەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە گرینگی ڕۆژی جیهانیی قودس و بە زیندوویی هێشتنەوەی پرسی فەلەستین، وتی: قودس ڕووگەی یەکەمی مسوڵمانانە و ئەگەر چی بۆ ماوەیەکی زۆریش لەژێر داگیرکاریدا بێت، بەڵام ڕۆژێک دێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی کە گەلی فەلەستین و مسوڵمانانە بە گشتی . دیاریکردنی ڕۆژێکیش بۆ زیندوو هێشتنەوەی دۆسێی قودس هەنگاوێکی باشە بەرەو یەکخستنی دەنگ و ڕەنگی مسوڵمانان، بەڵام ئەمە بەتەنها بەس نییە .

عەبدولستار مەجید لەبارەی مامەڵەی سەدە و هەوڵی ئەمریکا بۆ پاراستن و ڕەوایی دان بە ئیسرائیل ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی سەدە پیلانێکی ترسناک و قێزەونی ئەمریکایە و کێشەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە و سەرەنجام پێکدادان و خوێنڕشتنی زیاتری لێدەکەوێتەوە .

ئەمریکا مافی ئەوەی نییە مامەڵە بە خاکی داگیرکراوی وڵاتانی دیکەوە بکات بۆڕبەرژەوەندی قەوارەی داگیرکەری جولەکە . بۆیە بە بڕوای ئێمە گەلانی مسوڵمانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێ ڕێگەبدەن ئەو پیلان و داگیرکارییە سەربگرێت .

 ئەو پەرلەمانتارە کوردە هەروەها بە ئاماژە بە هەوڵی هەندێ وڵاتی عەرەبی لەوانە سعوودیە و ئیمارات بۆ یاسایی کردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل چۆن لێکدەدەنەوە لە حاڵێکدا کە دەبێ ئەو وڵاتە ئیسلامیانە هەموو هەوڵیان ڕزگاری ئیسرائیل ار کردنی قودس و فەلەستین لە دەستی جوولەکە بێ ،وتی:  لە ڕاستیدا وڵاتانی عەرەبی بە حوکمی ئەو ناکۆکییەی لەناوچەکەدا هەیە، بوونەتە بەشێک لە ئەجێندای ئەمریکی.

دەبوو لانیکەمی وڵاتی سعودیە و وڵاتانی دیکەش، بە مەرجی دەستهەڵگرتنی قەوارەی جولەکە لە داگیرکاری و کوشتن و گرتنی خەڵکی فەلەستین و کۆمەڵکوژکردنیان، باسی لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان بکردایە، کە ئەمە نەکراوە و قەوارەی جولەکەش بەردەوامە لە دوژمنکاریی و دەستدرێژییەکانی بۆسەر خاک و خەڵکی فەلەستین، بیرکردنەوە و هەنگاونان بە ئاراستەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی و دروستکردنی دۆستایەتی لەگەڵ ئەو قەوارە داگیرکەرە، خۆکوشتنە و پێش هەر کەس خۆیان زەرەری لێ دەکەن عەبدولستار مەجید لەبارەی هەڵوێست و پشتیوانی هەمیشەیی ئێران لە فەلەستین  زیادی کرد:  ئەوەندەی لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی فەلەستین وەک حەماس و جیهاد و ئەوانەی دیکەش گوێمان لێدەبێت، ئێران پشتیوانیی کردوون ئەمە کارێکی باشە بەتایبەت کە هیچ دەروازەیەکی دیکە شک نابەن و هەموو سنوورەکان بە ڕوویاندا داخراوە .

News Code 32500

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 6 =