دژایەتی لەگەڵ ئێران و شیعە سیاسەتی ئەمریکایە

رێبەری باڵای شۆڕش دوای داکۆکی لەوەی کە ئەمڕۆکە جەهل بەردەوامە، ڕایانگەیاند: ئەمڕۆکە "دژایەتی ئیسلام، ئێران و شیعە" لە سیاسەتە یەکلاکراوەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی سەر بەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری، هاوکات لە گەڵ ساڵرۆژی بێعسەتی پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دخ) سەر لە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە بەرپرسانی حکوومی، باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی لە تاران و تاقمێک لە بنەماڵەی شەهیدان لە گەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیداریان کرد.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو دیدارە وێرای پیرۆزبایی بێعسەتی پێغەمبەری پیرۆزی ئیسلام (دخ) بە نەتەوەی ئیسلام و گەلی ئێران، بە ئاوڕدانەوە لە ئایەکانی قورئان، چەمکی قووڵی بێعسەتیان لێکداوە و وتیان: بێعسەت، جەژنی ورووژان و رۆژی گەڕانەوە بە زاتی خوداوەندی و ژیانێکی ئاوێتەی "ئاوەزمەندی، ئازادی، داد و بەندەیی خودا"یە و ئەرکی پێغەمبەرانی خودا رێنوێنیی مرۆڤەکان بەرەو هەستی پاک و ئەندێشەگەرانە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی خودای تاقانە و مەزنە.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە پێویستیی هەمیشەیی مرۆڤایەتی بە فێرکارییەکانی بێعسەت، ڕەوتی جەهلیان وەک بەرەی بەرەنگاری بێعسەت ناساند و زیادیان کرد: ڕەوتی جەهل تەنیا هی سەردەمی پێغەمبەر (دخ) نییە، بەڵکوو جەهل ڕەوتێکی بەردەوام هەمبەر بە ئەندێشەگەریی رێنوێنی کراوە لە لایەن پێغەمبەرانە کە ئەمڕۆکەش بە بەهرەوەرگرتن لە زانست و تەکنۆلۆژیا و لە قەوارەیەکی نوێدا، سەری هەڵداوەتەوە.

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بە داکۆکی لەوەی کە نەوس، تووڕەیی و داوای نەفس تایبەیمەندییە سەرەکییەکانی ڕەوتی جەهلن، ڕایانگەیاند: ئاکامی کردەوەی بەرەی جەهل بەردەوام ڕەنج، سەخڵەتی و سووکایەتی بە مرۆڤ و کوژرانی بە میلیۆنان کەس و تالانی سەرچاوەی گەلان و گەندەڵی بووە کە نموونەی بەرچاوی دوو شەڕی گەورەی نێودەوڵەتییە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە سەرهەڵدانی دوو ڕەوتی جەهل و بێعسەت لە ئاستی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی وتیان: ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتی ئاکار و کردەوەی دەسەڵاتداران لە چوارچێوەی ئاوەز و ژیریی رێنوێنی کراوەی پێغەمبەران بێت، جیهان بە جۆرێکی دیکە دەبێت و ئەگەر ئاکاری ئەوان بە پێی داوای نەفس، دەسەڵاتخوازی و ئاژاوەنانەوە بێت، جیهان بە بارێکی دیکەدا وێنا دەکرێت.

بەڕێزیان پێشێل کرانی گەلان لە ژێر پۆتینی داگیرکەرانی وەک یەکێکی دیکە لە نموونە بەرچاوەکانی هەڵسوکەتی ڕەوتی جەهل زانی و بە ئاماژە بە تاڵانی سەرچاوە و چەوساندنەوەی هیند بە هۆی دەیان ساڵ داگیرکران لە لایەن بەریتانیاوە، جەختیان لەوە کرد: ئەو شەڕ و ئاژاوانەی کە ئەمڕۆکە لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیاشدا دەبیندرێت، ئاکامی هەڵسوکەتی بەرەی جەهل و شەیتانە.

رێبەری بالای شۆڕشی ئیسلامی بە داکۆکی کردن لەوەی کە ڕەوتی زایۆنیزمی زاڵ بە سەر جیهان، نموونەیەکی بەرچاوی سیستەم سازیی شەیتانەکانە، وتیان: بارودۆخی ئێستای جیهان ئاکامی دەسەڵاتدارێتیی ڕایەڵی بەربڵاوی سەرمایەدارانی زایۆنیستییە کە تەنانەت بە سەر دوڵەتێکی وەک ئەمریکاشدا زاڵ بووە و دزەی کردووە و بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوت و پارتەکان لەوێ دەرەوەستی بە پێڕەوی و سەردانوواندنیان بۆ ڕەوتی زایۆنیستییەوە هەیە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بناغەی سەرەکیی بزووتنەوە مەزنەکانی نەتەوەی ئیسلامی و ئێران و هەروەها ڕابوونی ئیسلامییان، بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ڕەوتی گەندەڵی زایۆنیستی زانی و زیادیان کرد: هەر بەو پێیە، ئەمڕۆکە "دژایەتی ئیسلام، ئێران و شیعە" لە سیاسەتە یەکلاکراوەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی سەر بەوە.

بەڕێزیان هوشیاری و ڕابوونی گەلی ئێران و نەتەوەگەلی ئیسلامیی هەمبەر بە جووڵانەوەی گەندەڵی زلهێزەکانی وەک هۆکاری سەرەکیی تووڕەبوونیان هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند: هەر بەو پێیەیە کە ئێران بە هۆی دژایەتیی لە گەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوەچەدا، هەڕەشەی گەمارۆدرانی لێ‌دەکرێت، چونکا ئەوان کۆماری ئیسلامی وەک لەمپەرێک لە بەردەم سیاسەتە زێدەخوازانەکەیان لە ناوچەدا دەبینن.

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بە داکۆکی لەوەی کە ئەنجامی دەسەڵاتدارێتی بەرەی جەهل و دەسەڵاتە شەیتانییەکان، هەڵچوون و تاغووتە، وتیان: ڕەوتی جەهل و تاغووت بە بۆمبای ئەتۆم بوونە هۆی قوربانی بوونی سەدان هەزار مرۆڤ لە هیرۆشیما، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، هێشتا دانیان بە تاوانی خۆیاندا نەناوە و داوای لێبووردنیان نەکردووە و ژێرخانەکانی عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەیان لە ناوبردووە، بەڵام بە ڕووی خۆیانی ناهێنن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوەش کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات دەستپێکەری شەڕ و جووڵەی سەربازی لە دژی هیچ وڵاتێک نەبووە، بەڵام هەڵوێستەکانی خۆی بە دەنگی بەرز ڕاگەیاندووە و ڕایدەگەیێنێت.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە فەرموودەکانی ئیمامی خومەینی (رە) کە "ئیسلامی پاشکەوتوو"یان لە پەنای "ئیسلامی ئەمریکایی" دادەنا و لە بەرامبەر ئەو دووە "ئیسلامی ڕەسەن"یان دەنرخاند، زیادیان کرد: گرووپە گەندەڵەکان کە ئەمڕۆکە بەناوی ئیسلام دزێوترین و کارەساتاویترین جینایەتەکان ئەنجام دەدەن، لە لایەن دەسەڵاتە رۆژئاواییەکانەوە پشتیوانیان لێ‌دەکرێت.

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی وتیشیان: رۆژئاواییەکان بە ڕواڵەت ئیئتیلافی دژە داعش دادەمەزرێنن، بەڵام لە ڕاستیدا پشتیوانی ئەو ڕەوتە تیرۆریستییەن و لە چوارچێوەی دژایەتیی ئیسلام، لە بانگەشەکانی خۆیاندا ئەوان وەک "دەوڵەتی ئیسلامی" دەناسێنن بۆ ئەوی کە زیان بە پێگە و ناوی ئیسلام بگەیێنن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کۆتاییدا ئاماژەیان بە پەرەسەندنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە گشت دژایەتییەکانەوە کرد و ڕایانگەیاند: بزووتنەوەی ئیسلامی کە لە گەڵ هاتنە کایەی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بە دەسەڵاتتر و قووڵتر بووەوە، درێژە بە جووڵە و بزاوتی خۆی دەدات و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت.

News Code 3236

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =