بەرپرسی تەواو جینایەتەکانی ناوچە، ئەمریکاو ئیسرائیلە

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە داگیرکرانی ئەفغانستان و هێرش بۆ سەر عێراق و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەدا، ڕایگەیاند: بەرپرسی تەواو جینایەتەکان لە ناوچەدا، ئەمریکاییەکان و زایۆنیستەکانن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هاوکات لە گەڵ ساڵرۆژی هەڵبژاردەیی پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دخ) سەر لە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە بەرپرسانی حکوومی، باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی لە تاران و تاقمێک لە بنەماڵەی شەهیدان لە گەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیداریان کرد.

حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەو دیدارە، مەبعەسی وەک رۆژی ڕەحمەت بۆ جیهانیان وەسف کرد و وتی: پێغەمبەری ئیسلام (دخ) نە تەنیا بۆ موسڵمانان بەڵکوو بۆ هەمووی مرۆڤایەتی هێمای ڕەحمەت بوو، چونکا رێگای رێنوێنیی ئاراستەی مرۆڤ کرد.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەو تۆمەتانەی کە ئەمڕۆکە بە ناوی تیرۆریزم و توندوتیژییەوە لە دژی ئیسلام بەکار دەبرێت، ڕوونی کردەوە: ئەوانە کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بە ناحەق دژایەتی ئیسلام و ئیسلام ترسی پەرە پێ‌دەدەن، با جارێک بە ئینسافەوە بڕواننە یۆتۆپیای ئیسلام و لە عەداڵەت و دادی پێغەمبەر (دخ) لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ موشرێکەکان و کافرانەوە فێری وانە بن.

ڕۆحانی زیادیشی کرد: لە لایەکەوە دژایەتیکردنی ئیسلام لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە کە چەندین سەدەیە لە دژی ئیسلام بانگەشە دەکەن و لە لایەکی دیکەوە، هاوڕێیانی نەزان یان مووچەگرانی سەر بەوان وەک دوو سەری قەیچییەک شەڕەفی ئیسلامیان خستووەتە مەترسییەوە.

سەرۆک کۆمار بە خستنەڕووی ئەم پرسیارە کە چ کەسانێک تیرۆر و نائەمنییان هێناوەتە ناوچە و پەرەیان پێ‌داوە و ۷۰ ساڵ لەوە پێش ڕژیمی داگیرکەری زایۆنیان بنیات نا، جەختی کرد: بناغەی زۆربەی نائارامی، نائەمنی، تیرۆر و شەڕەکان لە ناوچەی ئێمەدا ڕژیمی داگیرکەری قودسە.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە داگیرکرانی ئەفغانستان و هێرش بۆ سەر عێراق و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەدا، ڕایگەیاند: بەرپرسی تەواو ئەو جینایەتانە، زایونیستەکان و ئەمریکاییەکانن.

سەرۆک کۆمار ئامانجی کۆتایی حکوومەتی ئیسلامیی سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە سەرانسەری جیهاندا خوێندەوە و وتیشی: چۆن دەتوانین بێدەنگ بین، لە کاتێکدا کە خەڵکی یەمەن هەرچی رۆژە لە لایەن کەسانێک کە خۆیان بە خاوەنی مەسجدولحەرام دەزانن، بە شێوەی دڕندانە بۆردومان دەکرێن.

دوکتۆر حەسەن ڕۆحانی لە کۆتاییشدا جەختی لەوەش کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران شانازی بەوە دەکات کە بە پێی ڕێنوێنییەکانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەرگری لە چەوساوەکان کردووە و دەیکات و بە پێی فەرمانی فەرماندەی باڵای گشت هێزەکان، لە هەر کوێدا پێویست بێت دەستی چەوساوەکان بگرین، دەیگرین.

News Code 3233

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =