چیاکانی کوردستان زیاتر لە 150 جۆر گیای دەرمانی تێدایە

هاوکات لە گەڵ هاتنی بەهار، گیای خۆڕسکی جۆراوجۆر لە کێو و چیاکانی کوردستان سەر دەردێنن و دەبنە بەشێکی گرینگی خۆراکی خەڵکی ئەم ناوچە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیاری- سەرگوڵ ئارەش:  پارێزگای کوردستان لە وەرزی بەهاردا کەش و هەوایەکی زۆر جیاواز و تایبەتی هەیە کە هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت و لەم وەرزەدا سەردانی ئەم پارێزگا بکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم وەرزەی کوردستان کە بە هۆی کەشوهەوای جیاوازیەوە بۆی لواوە، سەوز بوونی سەدان جۆر گیای خۆراکی خۆڕسک لە سەر کێوەکانە کە خەڵکی ئەم پارێزگایە بە شێوەی کاڵ یان کوڵیو لە خواردەمەنیە جۆراوجۆرەکاندا بە کاریان دێنن و بازاڕێکی باشی کڕین و فرۆشتنی گیا لەم وەرزەدا ساز دەبێت.

20 جۆر گیای خۆراکی لە کوردستان هەیە

بە وتەی کارناسان 20 جۆر گیای خۆراکی خۆڕسک لە وەرزی بەهار لە کوردستاندا دەڕوێ کە بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بکەین بە شنگ، کنیواڵ، گیلاخە، کەنگر، ڕێواس، قازیاخە، سوورەبنە، خوژە، کووزەڵە، گۆزروان، هەلامە, هاز و ...

ئەم جۆرە گیاگەلە زۆرتر لە شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، سەوڵاوا و بانە سەوز دەبن و لە لایەن خەڵکی لادێوە کۆ دەکرێنەوە.

گەرچی ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هێنانی هەر جۆرە گیایەک و فرۆشتنی لە بازاڕەکان بۆ ماوەیەک قەدەغە کرا بەڵام کەندنی گیا لە کێو و چیاکان لە لایەن خەڵکەوە هەر بەردەوام بوو.

جگە لەو گیاگەلە کە بۆ خۆراک و دروست کردنی چێشت بەکار دەهێنرێن، چیاکانی کوردستان زۆر گیای خۆڕسکی تێدایە کە وشک دەکرێتەوە و وەکوو دەرمان بەکار دەبرێن.

کوردستان زیاتر لە 150 جۆر گیای دەرمانی تێدایە

بە وتەی کارناسان کوردستان زیاتر لە 150 جۆر گیای دەرمانی تێدایە کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بۆ ڕازیانە، کاسنی، شیرین بەیان، گوڵ حاجیانە، گوڵە زەرد و چەقچەقە... بکەین.

ناوچەی ساراڵی دیواندەرە و شارەکانی بیجاڕ و کامیاران زۆرترین جۆری گیای دەرمانییان تێدا شین دەبێت.

ساراڵ، شاهۆ، کۆساڵان، چلچەمە، هەورامان، سورێن، ئاربابا، ئارێز، کوڕەمیانە و ... لەو کێوانەن کە زۆرترین گیایان لێ دەڕوێت.

گیای خۆڕسک لە چیاکانی کوردستان دەرفەتی کار بۆ 67 هەزار کەس دەڕەخسێنێ

 بە وتەی بەڕێوەبەری دایرەی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان 67 هەزار کەس لە جەماوەری خەڵکی لادێی ئەم ناوچانە لە وەرزی بەهاردا نزیکەی 50 تۆن گیای خۆراکی ڕەوانەی بازاڕ دەکەن کە 80 لە سەدی لە کوردستان بەکاردێت و ئەویتری بۆ پارێزگاکانی دەوروبەر هەناردە دەکرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لایەنگرانی پاراستنی ژینگە لە سەر ئەو بڕوایەن کە کۆ کردنەوەی گیا لە کوردستان ئەگەر بەم شێوە درێژەی ببێت، ژینگەی کوردستان تووشی خەساری جیدی دەبێت و ئەو جۆراوجۆری گیایەی تێدا نامێنێ هەربۆیە دەبێ خەڵک فێری ڕەوشتی دروستی کەندنی گیا لە کێو و چیاکان بکرێن و پێش بە کەندنی زۆری گیاکان بگیردرێت تاکوو ئەم سامانە بەسوودە بۆ بەرەکانی داهاتووش بمێنێت و کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

هەندێ کەس پێیان وایە بەهۆی کەش‌وهەوای شیاو و لەبار و دەفرایەتیەک کە لە کوردستاندا بۆ بارهێنانی گیای دەرمانی هەیە، دەکرێ جووتیاران هان بدرێن  بۆ چاندن و بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە گیایانە.

سەرمایەدانەری لە بواری گیای دەرمانی

کەوابوو کوردستان بەم هەموو جۆرە گیا دەرمانی و خۆراکییانەوە دەفرایەتی ئەوەی هەیە سەرمایەگوزاری لە سەر بکرێت و بە لەبەرچاو گرتنی باری ژینگەییەکەی، تەنانەت لە هەناردەکردنی بۆ دیکەی پارێزگاکان وەکوو دەرفەتێکی کار بۆ خەڵکی ئەم ناوچە کەڵکی لێ وەربگیردرێت و ببێتە شوێنی سەرمایەدانەریەکی باش لە کوردستان.

News Code 32271

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 1 =