هەڵوێستی عەممار حەکیم لەسەر بارودۆخی شڵەژاوی عێراق

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی لە عێراق‌ رایگەیاند، هەندێك سیاسەتمەدار ئامادەن عێراق بسوتێنن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوێنێ عەممار حەكیم لەمیانەی مەراسیمێكی ئاینیدا كە لەبەغدا بەڕێوەچوو وتی:  هەوڵ هه‌یه‌ بۆ شكاندنی‌ شكۆی‌ په‌رله‌مان، بەڵام ئەوان دژی دەوەستنەوە.

لەمبارەوە ماڵپەڕی خەندان لە زمانی "عه‌ممار حه‌كیم"ەوە نووسی: "هاووڵاتیانی‌ عێراق به‌ ترسێكی‌ زۆره‌وه‌ له‌و رووداوانه‌یان ده‌ڕوانی‌ كه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاران بڵاوده‌كرانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پارێزگاری‌ خودا نه‌بووایه‌ خوێنی‌ هاوڵاتیان ده‌ڕژا

شه‌ممه‌ی‌ رابردوو (۳۰ی نیسان) خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگرانی سه‌در به‌ربه‌ستی ناوچه‌ی‌ سه‌وزیان بڕی‌و چونه‌ ناو بینای په‌رله‌مانه‌وه‌، چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش به‌ر هێرش‌و په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران كه‌وتن.

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ رایگه‌یاند،‌ له‌گه‌ڵ شه‌رعیه‌تدان به‌مانای‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات، داواشی لەپەرلەمانتارانی مانگرتوو كرد دۆسیەكانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی هەڵبدەنەوە، نەك هاوار بكەن و بتڵە ئاو بگرنە هاورێكانیان.

 وتیشی: "ئەوكارە چاكسازی نییە بەڵكوو ئاژاوەگێڕییە و رێگە گرتنە لە ئاشكراكردنی گەندەڵی، بەداخەوە هەندێك سیاسەتمەدار هەیە ئامادەن عێراق بسووتێنن لەبەرانبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان و تۆڵەكردنەوە لە بەرانبەر، لەپێناو دەسكەوتە تایبەتییەكانیان بەناوی چاكسازییەوە".

عه‌ممار حه‌كیم ده‌ڵێت "ره‌وایه‌تی‌ سیسته‌می‌ سیاسی و ره‌وایه‌تی‌ حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی بكرێته‌ سه‌ر ئه‌و ره‌وایه‌تییه‌ و هه‌وڵی‌ په‌كخستنی‌ بدرێت، ئه‌وا به‌مانای‌ زێده‌ڕوویی كردنه‌ سه‌ر ره‌وایه‌تی‌ و شكۆی‌ وڵات دێت، چونكه‌ خۆپیشاندان مانای‌ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ تێكدان و ده‌ستدرێژی‌ كردن نیه‌، كێ سوودمه‌نده‌ له‌م ئاژاوه‌ و ده‌ستدرێژی‌ كردنه‌".

بەوتەی حەكیم، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ شكاندنی‌ شكۆی‌ په‌رله‌مان و ئەوان به‌ تووندی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و دژی‌ ده‌وەستنه‌وه‌،  جەختیشیكردووەتەوە په‌رله‌مان ماڵی‌ سه‌رجه‌م گه‌لی‌ عێراقه‌ و رێگه‌ناده‌ن گروپێك یان كه‌سانێك له‌ ژێر هه‌ر ناوێكدابن و قه‌باره‌یان  هەرچه‌ند بێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتاری‌ مانگرتوو بن یان ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌بن كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رچوون، په‌رله‌مان بۆ خۆیان قۆرخ بكه‌ن.

News Code 3224

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 5 =