کۆرۆنا لە زۆڕنای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەم نووسراوەیەدا ڕەخنە لە شێوەکانی نواندنی کارەسات و بە تایبەت لە رۆژنامە و هەواڵدەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان, گیراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و هونەر- شیروان یاری: کۆرۆنا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤایرووسێکی هەمەگرە کە "هەواڵ"ی لە مافێکی کۆمەڵایەتییەوە تا ئاستی کاڵایەکی کۆمەڵایەتی دابەزاندووە. کۆرۆنا هەواڵێکی ڕۆماڵی/ وەرگرتنی بە گێڕانەوە لە سەرچاوەگەلی کەسێنی و یاساییە کە بە بایەخەکانی لەخۆگری نەرێنی لە هەنۆکەدا، فراوانی، نایابی و ئاوارتەیی و بە توخمەکانی کێ، کەی و لە کوێ هێشتاش لە گێژەنی میدیاییدا سەرگەردانە؛ بەڵام ئەوی لە ئێستادا ڕوون و ئاشکرایە  یاریی ناڕیسامەند و کۆرۆناتۆقێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە زەین و ڕۆحی بەردەنگانی وەک داوێکی چاڵجاڵۆکەیی تەنیوەتەوە. سیاسەت واتە دەسەڵات و دەسەڵات واتە دزەکردن و ئەو یارییە بە مۆرەکانی شەترەنجی بایەخ و توخمگەلی هەواڵ هەمبەر بە فەزای مەجازیدا کیش‌ومات دەبێ. لەمناوە سەرتاسەربینی و چاوەدێری‌گەریی فۆکۆیی کە لە ژوورناڵیزمی پڕۆفێشناڵدا جەختی لێ دەکرێ، لە کەشی تێوەگلاوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڤایرووسی کۆرۆنا، لە قەوارەی ئەدەبێکی کۆمێدی/ تراژێدیادا دەرکەوتووە و هەڵتاوین و توانەوەی ژیانی ڕووتی ئاگامبێنی لە سیاسەت‌لێدراوەیی هەواڵی کۆرۆنادا ئاشکرایە.

مارک پاستەر لە سەردەمی دووهەمی میدیاکاندا ئاماژە بە هێژمۆنیای پەیوەندیگەلی ئەلەکترۆنی دەکا و دەڵێ کە دەیتا و زانیاریەکان هەمان کۆمەڵگای مەجازین کە شوناسی کەسەکان دادەڕێژن. بۆ وێنە ئێستا هەموو دەبینین کە چۆن فەزای مەجازی بە قەبەنواندنی ڤایرووسی کۆرۆنا، ترسی کۆرۆنای دەڵاندۆتە ناو زستانی ژیانی کۆمەڵایەتی/ ئابووری خەڵکی و ناسووری تەندروستی دەروونیی کولاندۆتەوە. چەندین ساڵە بەردەنگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە سەرچاوەی هەواڵ، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێمەی ژۆرناڵیست جەماعەت هەواڵ لە سەرچاوەگەلی کەسێنی، یاسایی و میدیاییدا دەدۆزین. بەڵام بە پێی تیۆری دەنیس مەک‌کۆئیل بەردەنگ بۆتە بەرهەم‌هێنەر، دەنگدەر، بیردەر و ڕەنگ‌دەرەوە و دیاردەگەلی هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ڕەوت‌ساز و ئەو بابەتەمان لە ڕووداوە تاڵ و دڵتەزێنەکانی وەک ڕووداوی مەنا، بوومەلەرزەی کرماشان، لافاو، کۆرۆنا و هاوکات بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مەرگی شەجەریاندا ئەزموونمان کردووە و لە داهاتووشدا ئەزموونی دەیکەین.

بەوەشەوە مەجید ڕەزاییان لای وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان میدیا نین، چونکە بە هۆی نەبوونی سێ کۆڵکەی بنەمایی ڕوون‌بوون، دروست‌بوون و گشتگیریی، بێ لایەنی و گێڕانەوەی ناپرۆفێشناڵی هەواڵەکانی دەچنە ژێر پرسیارەوە.

ئەوەی کە بۆچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوڕۆکە پاشاگەردانی بە پرسە گرینگەکانی وەک نەخۆشی کۆرۆنا، لافاو، بوومەلەرزە، مەرگی کۆڵبەران و ژیانی سلەیبێریتەکان دەکەن و بە دانانی هەواڵگەلی تاک سەرچاوەیی و گێڕانەوەگەلی لاواز و چەواشە دەستپێشخەری لە ڕاگەیاندن دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ داڵانی تەنگەبەرەی ئاڵوگۆڕیی زانیارییەکان لە دەوڵەتدا کە بۆتە هەلێک لە بەردەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەو هەنگامەیە ماسی بگرن و بە چکۆلەکردن یان قەبەکردنی واقع، تەرکیز بخەنە سەر توخمی بەرفراوانیی کەسانی گیرۆدەبووی ڤایرووسی کۆرۆنا و مرگەکانی و بە بڵاوکردنەوەی فیلمگەلێکی توندئاژۆیانە لە شێوەی ئەسپاردەی قوربانیانی کۆرۆنا لە جێ جێی وڵات، دەبنە مایەی دڵەخورپە و تۆقینی خەڵکی. بێ شک ئەو جۆرە گوتارانە هەڵگری وێنایەک لە مەرگی ڕەهای مرۆیین کە لە هیچ گێڕانەوەیەکدا ناگونجێن؛ تەنانەت هیچ کانوون و گۆشەنیگا و پرێسپێکتیڤێکیشیان لە گێڕانەوەی هەواڵی فیچێریی کۆرۆنادا بۆ نییە.

دیارە گێڕانەوەی کارەساتی مەنا جیاوازە لە گێڕانەوەی کارەساتی کۆرۆنایی؛ مەرگ لە مەنا هەڵگری جۆرێک پیرۆزییە. بەڵام لە کارەساتی کۆرۆنادا تەرم هێشتاش هەڵگری ڤایرووسێکی تەشەنەدارە کە بە بێ هیچ ڕێوڕەسم و دابونەریت و شینگێرێیەک و بە بێ بەشداریی بنەماڵە و کەس و کاری، لە قەبەرە قووڵەکاندا دەنێژرێ و قسڵی پێدا دەکرێت. کەچی لە بری ئەوەی لە خۆمان بپرسین، ئەمجورە لە کارەسات دەچێتە خانەی کام چوارچێوەی میدیایی، رێمان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆش کردووە هەتا ڤایرووس و مەرگی مرۆیی بە گاڵتە بگرن.

ڤیکتۆر فرانکێل لە کتێبی "گەڕان بۆ مانا"، کەشی داخراوەی دەروون و کراوەی دەرەوە کە خاڵی هیوای رزگاری لە کارەساتە، لە خاچی واژە دەدا؛ بەڵام وادیارە ئەو هەلە بۆ کارەساتی کۆرۆنا نەڕەخساوە، بە تایبەت کاتێک نەخۆش وەڵامی ئەرێنی تێستی نەخۆشییەکەی پێ دەدرێ و ڕاپێچ دەدرێتە ناو قوربانگەی تەنیایی دەروونی و دواململانێی لەگەڵ مەرگدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوکاتی نەبوونی ڕەوتێکی ڕوون و ڕاستبێژانە لە بەردەم دەیتاگەلی هەواڵ و متمانە بە هەواڵنێرانی میدیاگەلی نووسراوه و هەواڵدەرییەکان، شایەدی بڵاوبوونەوەی گرتەگەلی گیردەبوونی بەرپرسانین کە خەریکە هەڵوێستی ڕاگەیاندن و ڕاهێنانی ژوورناڵیزمی پڕۆفێشناڵ دەبەنە پەراوێز و لەم قرموقاڵەدا وەک مینوو بەدیعی دەڵێ، هەلەکە دەقۆزنەوە و ئەقیانووسێک ڕادەخەن بە نیو میلی‌مەتر قووڵاییەوە؛ ئەقیانووسێک کە نە کەس تێیدا نوقم دەبێ و نە کەس دەتوانێ مەلەی تێدا بکا و نە کەس دەتوانێ ماسی تێدا بگرێت. هەموو لەو ئەقیانووسە بەرینەدا سەرسام ماون و هیچ تێگەیشتنێک لە ئارادا نییە. ئەقیانووسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا دەنگۆی دڵتەزێن بەرهەم دێنێ و پەرە بە ڕواڵەت‌بینی و کەمتەرخەمی و نەفامی دەدا و نەبوونی هەوری ڕەشی رۆژنامەگەریی قەیرانمان وەک کەمایەسییەکی حاشاهەڵنەگر لە ئاسمانی میدیایی پڕۆفێشناڵ بیر دێنێتەوە!

News Code 31491

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =