حاج قاسم نەبوایە داعش بەغدا و دیمەشقی دەگرت

سکرتێری گشتیی حیزبی سوسیالیستی کوردستان لەبارەی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران دەڵێ: بەڕای من ئەگەر ئێران و حاج قاسم نەبوونایە بەغدا و دیمەشقیش ئێستا لە ژێر چنگی داعشدا بوون.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی: ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە مەلەفێکی تایبەت بە حاج قاسم سولەیمانی لە ژێر ناوی "هیجری حەبیب"، زنجیرە دیمانەیەکی لە گەڵ کەسایەتییە ناسراوەکان و هاوسەنگەرەکانی شەهید قاسم سولەیمانی ئامادە کردووە. یەک لەو وتووێژانە لە گەڵ محەمەد حاجی مەحموود سکرتێری گشتیی حیزبی سوسیالیستی کوردستان ئەنجام دراوە؛ حیزبی سوسیالیستی کوردستان یەک لە کۆنترین و ڕیشەدارترین حیزبە کوردییەکانە کە مێژووی دامەزرانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ۱۹۷۶ و وەک قەبارەیەکی کوردی خاوەن قورساییی تایبەتی خۆیەتی و لە شەڕی داعشدا دەوری بینیوە.

ئەو وتووێژەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە لە ماڵی کەسێنی ئەو لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە:

* ناسیاویتان لە گەڵ سەردار سولەیمانی بۆ کەی دەگەڕێتەوە و لە چ بوارگەلێکدا پێکەوە هاوکاریتان بووە؟

ـ پاش ئەوەی حاج قاسم سولەیمانی لە جێگەی بەڕێز ئەحمەد وەحیدی پۆستی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی وەرگرت لە گەڵ بەڕێزیان ئاشنا بووم و قەبارە کوردستانییەکان لە ڕێگەی هێزی قودسەوە کاری هاوبەشیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد.

پێش ئەوەی پۆستەکەی وەربگرێت لە مانۆرێکی سەربازیدا کە بە بەشداریی چەند ئەندامێکی مەجلیسی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و سەید محەمەد باقر حەکیم و چەند کەسێکی دیکە بەڕێوە چوو، ئەو بەڕێزەم بینی و دواتریش هاوکارییەکانمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی حاج قاسمەوە دەکرا.

* ئێوە پێکەوە دانیشتنی جۆراوجۆرتان لەبارەی پرسە جۆراوجۆرەکان بووە. گرینگترین تایبەتمەندیی سەردار سولەیمانی لەو دانیشتنانە بەڕای ئێوە لەباری ئەخلاقی و کەسایەتییەوە چی بوو؟

ـ حاج قاسم تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی بوو؛ کەسایەتییەکی هێمن و لە سەرەخۆ که بەردەوام ڕێزی لە لایەنی بەرانبەری خۆی دەگرت و گوێی لە بۆچوونی کەسانی دەوروبەری دەگرت و هەوڵی دەدا لایەنی بەرانبەری ڕازی بکات بۆیە هەڵوێستەکانی بە شێوەیەک بوو کە ڕێگریی دەکرد لەوەی گفتوگۆ و دایەلۆگ بێ ئەنجام بێت.

دانیشتەکان بە بەشداریی حاج قاسم بەردەوام ئەنجامی گونجاوی لێ دەکەوتەوە. گفتوگۆکانی ئێمە زیاتر لە سەر مەسەلەی ئاوەدانی و هەماهەنگیی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە بوو.

حاج قاسم جگە لە حیزبەکان، پەیوەندیی کەسێنیی تایبەتیشی لە گەڵ هەموو ڕەوتەکان بوو کە لە خۆیدا زۆر گرینگ بوون. بەڕیزیان نزیکەی ٢٥ ساڵ لە گەڵ هەموو ڕەوتێکدا پەیوەندیان بوو و ئەوەش ببووە هۆی بەربڵاوبوونەوەی جەغزی پەیوەندییەکانی حاج قاسم لە گەڵ هەموو گرووپەکان.

بەگشتی بەڕێزیان کەسایەتییەکی پسپۆڕ و لێهاتوو بوو و زانیاریی قووڵی کۆمەڵایەتی و سەربازی و چەکداریی بوو و لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا وەک فەرماندەیەک دەرکەوت و ئەوەش وای کرد کە بە تەواوی لە هەموو بوارە ئەمنی و سەربازی و سیاسی و دیپڵۆماسییەکاندا پەیوەندیی باش و تۆکمە بخولقێنێت.

* سەردار سولەیمانی تا چ ڕادەیەک ئاشنا بوو بە ناوچەی هەرێمی کوردستان. دیارە حاج قاسم لە وڵاتێکی دیکە بە فەرهەنگێکی جیاوازەوە هاتبووە کوردستان؟

ـ وەک کەسایەتییەکی پسپۆڕ زانیاریی قووڵی لە سەر شێوەی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم و خەڵکی کورد بوو و لێکدانەوەی وردی بۆ ئەو مەسەلەیە دەکرد. تێگەیشتنی پشت‌ئەستوور بە لێکدانەوە و شرۆڤەی پرسە جۆراوجۆرەکان. بە باشی لە قسەی دڵی خەڵکانی بەرانبەری تێدەگەیشت و ناسیاوی لە گەڵ هەموو کەسێکدا بوو. لە پرسە گرنگەکاندا، هەموو وردەکارییەکانی لەبەرچاو دەگرت وەک ئەوەی خۆی لە هەرێمی کوردستان ژیابێت.

* ئایا دانیشتنێک بووە کە تێیدا سەبارەت بە پرسەکان تووشی ململانێ بێن یان پێش هاتووە بەڕێزیان تووڕە بووبێتن؟ بەربەست و ئاستەنگەکان لە دانیشتنەکاندا چۆن چارەسەر دەکران؟

ـ من لە چەندین دانیشتندا لە گەڵ حاج قاسم بەشدار بووم. ئەو دانیشتنانە لە زۆر جێدا بەڕێوە دەچوون. لە شوێنی کارەکەی لە تاران و لە هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە. بەڕێزیان کەسێکی هێمن و لە سەرخۆ  بوون کۆبوونەوەمان نەبوو کە بە ئەنجام نەگات. جاری واش بوو شتێک باس دەکرا کە بە دڵی ئەو نەبوو بەڵام هیچی نەدەگوت. کەسێکی بوێر و بە توانا بوو و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد شەهید ببێت. بۆیە خزمەتی زۆری بە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد. تا مابوو خزمەتی بەرچاوی کرد و کە شەهیدیش بوو شەهادەتەکەی شیعەی یەک خست و ئەمەش خزمەتێکی گەورەتر بوو.

* سەردار سولەیمانی هەمیشە لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە دەکرد کە یارمەتیی ئێران بە ناوچە بە بێ بەهادان بە نەتەوایەتی و مەزهەبیان بووە؛ چ ئەو یارمەتییە بە کوردەکان بوو بێت، چ بە شیعە یان سوننە. دیارە هەرێمی کوردستان جیاوازیی فەرهەنگی و مەزهەبی خۆی هەبووە. چەندە ئەو پرسانە کاریگەری بووە لە ڕاوێژ و هەڵسوکەوت و هاوکارییەکاندا؟

ـ بەڕیزیان هەمیشە هەوڵی دەدا کە لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت، کێشەشی لە گەڵ ئەو پرسانەدا نەبوو و لە گەڵ هەموو کەسێکدا کۆ دەبووە و ڕێک دەکەوت و پاڵپشتی لە هەموو لایەن و حزب و گرووپێک بە شیعە و سوننە و کوردەوە دەکرد و هاوکاری دەکردن. من کێشەیەکی تایبەتیم لەوبارەوە لە بەڕیزیان نەدی.

* با بچینە سەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەت عێراقی تێوەگلاندبوو. زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە کاتی هێرشی داعش و نزیک بوونەوەی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان یەکەم لایەن و کەس کە بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هات کۆماری ئیسلامی ئێران و حاج قاسم سولەیمانی بوو، ڕای ئێوە لەوبارەیەوە چیە؟ داعش لەو کاتەدا تا کوێ پێشڕەوی کردبوو و ئێران و سەردار سولەیمانی چۆن هاتنە هانی کوردەکان؟

ـ کاتێک داعش هێرشی کرد شاندێکی ئێرانی هاتنە هەولێر و لەبارەی مەترسییەکانی داعش ڕوونکردنەوەیان بە هەرێمی کوردستان دا، بەڵام کەسانێک ئەو هۆشدارییەیان بە هەند وەرنەگرت و پشتگوێیان خست و وتیان داعش مەبەستیەتی بەرەو بەغدا بچێت و کاری بە هەولێر نەداوە. کاتێک داعش گەیشتە مەخموور و کەرکووک و گوێر، یەکەم وڵات کە گەشتە هەولێر کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، ئەوەش بەر لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە. حاج قاسم بە یاوەریی ۷۰ پسپۆڕی سەربازی و چەک و چۆڵ و کەرەستەی سەربازی هاتن و هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد و خۆشیان هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کرد و تەنانەت لە ناوچەی مەخموور شەهیدیشیان دا.

* ئەگەر ئەم پاڵپشتییە هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو، چی ڕووی دەدا؟ واتە ئەگەر لەو کاتەدا پێش بە داعش نەگیرابا، ئێستا بەرەوڕووی چ دۆخێک لە هەرێمی کوردستان دەبووین؟

ـ لایەنی کوردی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەوتۆی نەبوو. داعش ۹۰ هەزار سەربازی عێراقیی لە چەک داماڵی بوو. لەو ۹۰ هەزار سەربازە ۶۰ هەزاریان جەیشی عێراقی بوون و ۳۰ هەزاری دیکەشیان پۆلیسی فیدراڵی بوون. ئەو ۹۰ هەزار سەربازە هەڵگری پێشکەوتووترین چەکی ئەمریکی بوون لە تانک و مووشەکەوە بگرە تا تۆپخانە و کەرەستە پێشکەوتووەکانی تر. بۆیە چەکە پێشکەوتووەکانیان کەوتە دەستی داعش.

داعش بەم ئیمکانات و کەرەستە پێشکەوتووانەوە شەڕی کوردستانی دەست پێکرد. هاتنی ئێران بە فەرماندەیی حاج قاسم لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە شەڕی داعش لە کوردستان هێنا. ژمارەی هێزە ئێرانییەکان زۆر نەبوون بەڵام هەر ئەو ژمارە کەمەی پسپۆڕانی ئێرانی یارمەتیی باش و کاریگەریان داین. پێشمەرگە خۆی ڕێکخستەوە بەڵام هاوکارییەکانی حاج قاسم نەبڕا و بەردەوام بوو. هاوکارییەکانی لایەنی ئێرانی و حاج قاسم تەنها لە ۱۵۰۰ کیلۆمەتر سنووری هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵکوو لە نەفتخانە و خەسرەوی و خانەقینەوە تا سنوورەکانی سووریا و لە عێراقیش دەوری کارای بینی. خود حاج قاسم وەک پێشمەرگەیەک لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا بوو.

* کوڕەکەی ئێوە بە ناوی شەهید عەتا لە شەڕی داعشدا شەهید کراوە، هەندێ باسی ئەو بکەن کە چۆن و لە کوێ شەهید کرا. وەک دەڵێن لە کەرکووک شەهید بووە. بە بڕوای ئێوە هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شەڕی داعش چەندە کارامە بوو؟

ـ پێش ئەوەی داعش بگاتە کەرکووک من لەوێ بووم. هەستم کرد داعش هاتووە بکەوێتە گیانی هەموومانەوە. فەرقی بۆ نییە کورد بێت یان تورک بێت و شیعە بێت یان سوننە. هیچیان بۆ داعش فەرقی نەبوو. ئێمە وەک سوسیالیست جووڵەمان بە هێزەکانمان کرد و چووینە کەرکووک. داعش تازە گەشتبووە کەرکووک. ئێمە هێرشەکانمان تێکشکاند و پاشان پێشڕەویمان کرد و داعشمان ناچار کرد پاشەکشێ بکات. لە قۆناغی سێهەمدا ئێمە هێرشەکانمان بەردەوام بوو بۆ سەر داعش. ساڵی ۲۰۱۴ کە ئێمە لەوێ بووین تەقریبەن ۴ بۆ ۵ مانگ لەوێ شەڕ بوو. شوێنێکی لێ بوو بە ناوی "مەکتەب خالید" و "تەل وەرد" کە ناوچەیەکی هەستیاری بەرزایی بوو. ئەو شوێنە کەوتە دەست داعش. ئەو ناوچەیە دەیڕوانی بە سەر کەرکووکدا و سەرچاوەی سەرەکیی گازی کەرکووک بوو. مەترسیی ئەوەش لە ئارادا بوو کە داعش کێڵگە گازەکە بتەقێنێتەوە. ئەگەر ئەو سەرچاوەیەی بتەقاندایەتەوە کەرکووک وێران دەبوو. کاتێک ئەو ناوچەیە کەوتە دەست داعش من لە سلێمانی بووم. چوومە ئەوێ بەڵام عەتام لە گەڵ نەبوو و لە زانکۆ بوو. کە ئاگادار کرایەوە خۆی گەیاندە لای من. چەند کاتژمێرێک لە ناوچەی "مەلا عەبدوڵڵا" شەڕ بوو و پێشمەرگە پاشەکشێی کردبوو. کە گەیشتمە ئەوێ وەک فەرماندەی ئوپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە گەڵ فەرماندەکانی ئەو میحوەرە کۆ بوومەوە. زۆرینەی فەرماندەکان لە سەر ئەو بڕوایە بوون ئەگەر تۆپخانە و هێزی ئاسمانی ئەمریکا نەبێت ناتوانین ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەین. چاوەڕێ بووین. وەرزی پاییز بوو. تەقریبەن دوو کاتژمێری مابوو بۆ خۆرهەڵاتن، بەڵام ئەمریکییەکان لە هیچ کوێوە دیار نەبوون و تۆپخانەش نەبوو. بە هەموو ئەمانەوە هێرشەکەمان دەست پێکرد و توانیمان بە یەک کاتژمێر و نیو ئەو ناوچەیە ئازاد بکەین. یەکەم جار بوو کە هێزە کوردستانییەکان بە بێ پاڵپشتی هێزی بیانی و هێزی ئاسمانی دەیانتوانی ناوچەیەک لە بندەست داعش ڕزگار بکەن. هەموو ناوچەکەمان ئازاد کرد بەڵام لە کۆتاییی ئوپەراسیۆنەکەدا عەتای کوڕم شەهید کرا.

* زۆر کەس لەو بڕوایەدان کە ئەمریکییەکان بە تیرۆری سەردار سولەیمانی وەک کەسایەتییەکی خاوەن پۆستی فەرمی و لە کاتێکدا کە لە وڵاتی عێراق میوان بوو، نیشانیان دا کە دەوڵەتێکی تیرۆریستن. سەرۆک کۆماری ئەمریکاش دوای ئەو هەڵمەتە چەندین جار لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند کە "ئێمە تیرۆریستێکی پلە یەکی جیهانمان کوشتووە". واتە سەردار سولەیمانی بە تیرۆریست ناو دەبرد. ئەو لێدوانانە بە چ ئامانجێک دەکرێ و بە بڕوای ئێوە حاج قاسم سولەیمانی کێ بوو. ئایا تیرۆریست بوو یان کەسێک بوو کە گیان و ماڵی خەڵکی لە چنگی تیرۆریستان رزگار دەکرد؟

ـ زلهێزانی وەک ئەمریکا هەرکەسیان بەدڵ نەبێت پێی دەڵێن تیرۆریست. بۆ نموونە ماوەیەک دژی ئیمارات بوون بەڵام کاتێک لە گەڵ ئەو وڵاتە گەیشتنە ڕێککەوتن، سەرۆکی ئەمریکا وتی ئیمارات دۆست و برادەری ئێمەیە. بناغەی کاری ئەمریکییەکان ئەوەیە و تا ئەو کاتەی لە گەڵیان باش بیت لە گەڵتن، بەڵام کە دژیان وەستایت دەبیتە خراپ.

کۆماری ئیسلامی ئێران و حاج قاسم و هاوکارەکانی لە شەڕی دژ بە داعشدا دەوری تایبەتیان بینی و بە ڕای من ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران و حاج قاسم نەبوونایە بەغدا و دیمەشقیش ئێستا لە بندەستی داعشدا بوون. بەڵام بە هۆی ئێرانەوە ڕووسیا هاتە ناوچەکە و حیزبوڵڵا هاتە سووریا و بەرگریی لەو وڵاتە کرد. بەرگریی لە عێراقیش کرد. لە عێراق داعش گەیشتبووە ئەبوو غەریب و کەربەلا و ناوچەکانی تر. حاج قاسم دەورێکی باڵای بینی لە شەڕی داعش. بەڕێزیان کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ بوو توانی بەرەی شەڕ لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و ئەقغانستان وەک یەک فەرماندەیی بکات و هەموو ئەم وڵاتانە لە ڕێگەی حاج قاسمەوە پەیوەندییان لە گەڵ ئێران بوو. حاج قاسم لە لوبنانەوە حیزبوڵڵای بۆ بەغدا و سووریا دەبرد. لە سووریا و یەمەن و ناوچەکانی تر یەک بەرەی پێکدەهێنا و خۆی دەبوو بە فەرماندەی ئەو بەرەیە.

* جگە لەو دانیشتنانەی لە گەڵ بەڕێزیان بووتە و بە ئاوردانەوە لەوەی کە ئێوە لەو کەسانە بوون کە بۆخۆتان ڕاستەوخۆ ئامادەی بەرەکانی شەڕ دەبوون، ئایا یادەوەرییەکی تایبەتتان لە مەیدانی شەڕێش لە گەڵ حاج قاسم هەیە؟

ـ لە کەرکووک بووم هەواڵیان بۆ هێنام کە پێشمەرگە هێرشی کردووە و نەیتوانیوە بەرگریی داعش بشکێنێت و ۳۰ پێشمەرگە شەهید بوون. دەستبەجێ خۆم گەیاندە ناوچەکە. بینیم حاج قاسم لە بەرەی شەڕدایە. لێی پرسیم کە بۆچی لێرەم. لە وەڵامدا گوتم هێزی پێشمەرگە شەهیدی داوە بۆیە خۆم گەیاندۆتە ئێرە. حاج قاسم لە وەڵامدا وتی: من بە برایانی یەکێتیم وتبوو کە بە بێ هەماهەنگیی من هێرش نەکەن. لەوێ کۆبوونەوەیەکمان کرد. ئەبوو مەهدی موهەندیس‌یش لە گەڵ حاج قاسم بوو. لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێک درا کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ئازادکرانی ناوچەکە.

* هەواڵی شەهید کرانی بەڕێزیانتان چۆن پێگەیشت و لەو کاتەدا چ هەستێکتان بوو؟

ـ هەواڵی شەهیدبوونی ئەو بەڕێزە شتێکی چاوەڕوان‌نەکراو نەبوو. ڕۆژانە لە یەمەن و لوبنان و دیمەشق و بەغدا و هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بوو. خۆی نەدەشاردەوە. بۆیەش ئەگەری شەهیدکرانی زۆر بوو. بەڵام هەواڵی شەهیدبوونەکەی لای من گران بوو و دڵی تەزاندم، بە تایبەت کە وەک میوانێک لە عێراق شەهید بوو.

* بە شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی، بەرەی بەرخۆدان یەکێک لە گرینگترین هێماکان و فەرماندە گەورەکانی خۆی لە دەست دا و زیانێکی قورس بەو بەرەیە گەیشت. ئێوە داهاتووی بەرەی بەرخۆدان پاش شەهید کرانی سەردار سولەیمانی چۆن پێشبینی دەکەن، پێتان وایە ئەو ڕەوتەی سەردار سولەیمانی دەستپێکەری، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپگەلی تیرۆریستی و داگیرکەرانی ئەمریکی لە وڵاتانێکی وەک عێراق و ئەفغانستان و سووریا یان جێگەکانی دیکە، جٶناوچۆن درێژە پێ دەدەرێت؟

ـ دیارە حاج قاسم خاوەن کەسایەتییەکی تایبەت بوو. پەیوەندیی باشی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان و وڵاتانی جۆربەجۆر بوو و لە گەڵ هەموویان ڕاستگۆ بوو. لە بیرمە لە گەڵ چەند حیزبێکی تر لە گەڵ حاج قاسم کۆبوونەوەمان کرد و داوامان لێ کرد لە هەڵبژرادنەکاندا یارمەتیمان بدات. حاج قاسم لە بەرانبەردا گوتی: "من دۆعای خێرتان بۆ دەکەم کە سەرکەوتوو بن". دوو مەلامان لە گەڵ بوو. بە گاڵتەوە گوتم: "حاجی ئەگەر پێویستمان بە دۆعای خێر بێت ئەوە دوو مەلامان لە گەڵە!" سەردار سولەیمانی پەیوەندیی باشی لە گەڵ هەموو لایەنەکان بوو و ئەم تایبەتمەندییە ئەخلاقییانە وای کردبوو ناوچەکە بکاتە یەک بەرەی یەکگرتوو. ماوەی ۲۵ ساڵدا کە پەیوەندیی لە گەڵ ئەو وڵاتانە، حاج قاسمی کردبووە کەسایەتییەکی پسپۆڕ. بە بڕوای من تا ۲۰ ساڵی داهاتووش کەس وەک حاج قاسم نایێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران ۷۰ بۆ ۸۰ ملیۆن حەشیمەتیەتی. زۆ کەسایەتیی ناسراو و بەرجەستەی سیاسی و سەربازی لە ئێران هەن، بەڵام بە بڕوای من حاج قاسم لە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئاستی ناوچەکە کەسایەتییەکی تاقانە بوو. دۆزینەوەی کەسایەتییەکی لەو چەشنە تا ٢٠ ساڵی داهاتوو زۆر دژوارە.

* دیارە تۆڵەی سەردار سولەیمانی، دەکرانی داگیرکەرانی ئەمریکی لە ئاستی ناوچە بە تایبەت لە عێراقە. بە بڕوای ئێوە ئەو بابەتە کە ئێستا شلگێرانە لە عێراقدا پێوشوێن دەگیرێت، بە کوێ دەگات. ئایا ناوچە لە داگیرکەرانی ئەمریکی پاک دەبێتەوە یان نا؟

ـ ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی داوە، بەڵام دەرکردنی ئەمریکییەکان ئاسان نییە. ئەمریکا بەو ئاسانییە دەست لە سەر ناوچەکە هەڵناگرێت. ئیدعای ئەمریکا ئەوەیە کە ملیاردەها دۆلاری خەرجی عێراق کردووە و داوای ئەو پارەیە دەکات کە دەڵێت سەرفی کردووە. لە سووریا کشانەوە بەڵام هێز و تانک و کەرەستەی سەربازیی خۆیان لە کێڵگە نەوتییەکان جێگیر کردووە. ترامپ ئەو کاتەی لە سعوودیە گەڕایەوە، نەیوت لە گەڵ ئەو وڵاتە ڕێککەوتووە، بەڵکوو گوتی: "زیاتر لە ۴۰۰ ملیارد دۆلارم لە سعوودیە هێناوەتەوە بۆ ئەمریکا. ڕاستییەکەی ئەمریکا هەر ئەمەیە بەڵام ترامپ بە ئاشکرا و سوور دەیدرکێنێت. ئەمریکا ئەو وڵاتەیە چاوی تەماحی بڕیوەتە سامان و نەوتی وڵاتانی دیکە.

* ئەگەر بتانەوێ چەند ڕستە لە گەڵ سەردار سولەیمانی قسە بکەن، وەک هاوڕێ و کەسێک کە پەیوەندی باشتان لە گەڵیدا بووە، چی پێ دەڵێن؟

ـ پێی دەڵێم: بەڕێز حاج قاسم ئێوە وەک موجاهیدێک، وەک کەسایەتییەکی قارەمان، وەک کەسایەتییەکی لەخۆبردوو و وەک کەسێک کە ژیانی فیدای وڵات و ئامانجی خۆی کرد، سەدان کیلۆمەتر دوور لە زێدی خۆت شەهید کران. ئێوەی بەڕێز بۆ هەمیشە لای خەڵکی بەویژدان دەمێنێتەوە. شەهیدبوونی بەڕێزت لێرە لە عێراق هەڵگری ئەو پەیامەیە کە لە ڕێگای ئامانج و وڵاتی خۆتدا شەهید بوویت و بە قەناعەتی من جێگات بەهەشت دەبێت.

* لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک بۆ وتن ماوە و باسی نەکراوە، بیفەرموون

ـ بە بڕوای من لە هەر کۆمەڵگا و وڵاتێکدا بە چەند ساڵ و بە هەڵکەوت کەسایەتییەک بەو تایبەتمەندیانە دەردەکەوێت و سەردار سولەیمانی یەک لەو کەسایەتیانەیە؛ دۆزینەوەی کەسێکی ئاوا چەتوونە، کەسێک کە لە پێناو بەرگری لە خاک و نیشتمان و وڵات و خەڵکی چەوداوە و هاوڕێیانی تەمەن و ژیانی خۆی بەخت کرد.

ناوی حاج قاسم بۆ هەمیشە لە مێژوودا دەمێنێتەوە. حاج قاسم مێژوویەکی بۆ خۆی و بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دۆست و برادەر و ناوچەکەش تۆمار کرد.

جیاوازیی شەهادەت و مەرگی ئاسایی ئەوەیە کە شەهید گیانی خۆی لە پێناو ئامانج و گەل و نیشتمانی خۆی بەخت دەکات. گەورەترین سەرمایەی هەموو ئینسانێک گیانی ئەو ئینسانەیە و ئەم مرۆڤانە بە گوێرەی بڕوای ئیسلامی، ڕۆژی قیامەت لە بەرەی پێشەوەی بەهەشتدا دەبن.

News Code 31065

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 2 =