بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر; نێچیرڤان بارزانى لەو دیدارەدا دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆم نهفتى ڕووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.
میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵوێزى ڕووسیاى لە بەغدا و کونسولى گشتیى لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نهفتى ڕووسى پێکهاتبوون لەو دیدارەدا بوون.
هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
بۆچوونی ئێوە