ئەمریکا دەیەوێت عێراق بە ٧ هەرێمی جیاواز دابەش بکات

پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای دەرکردنی سەربازانی ئەمریکیی لە خاکی ئەو وڵاتەی پەسند کرد، واشنتۆن هەوڵ دەدا پلانی پێشتری دابەش کردنی عێراق بە چەند هەرێم ڕاپەڕێنێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، رۆژنامەی "الاخبار"ی لوبنانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە واشنتۆن بە بەهرە وەرگرتن لە "هەڵوێستی باڵە کوردەکان و سوننەی عێراق هەوڵی مانەوەی لە عێراق دەدات" و بۆ ئەو مەبەستە دۆسیەی دانەش کردنی عێراق بە چەند هەرێمی دەست پێ کردووە.

بە گوێرەی ئەو رۆژنامەیە، ئایدیای دابەش کردنی عێراق بە چەند هەرێمی، لە ئەنجامی چەندین دانیشتیندا بیچمی گرتووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەڕێوە چووە و لەوبارەیەوە ئەمریکا پشت دەبەستێت بە مادەگەلێک لە دەستووری عێراق بۆ پێشخستنی سیاسەتەکەی و لەوان مادەی ١١٩ کە دەڵێ هەر پارێزگایەکی عێراقی مافی ئەوەی هەیە ئەگەر خوازیاری پێکهێنانی هەرێمێک بێت، ویستەکەی بخاتە ڕیفراندۆمەوە.

هەروەها لە مادەی ١٢٠ی دەستووری عێراقدا هاتووە کە ئەو هەرێمی بۆی هەیە دەستووری نوێی خۆی داڕێژێت و دامودەزگاکانی ئەو هەرێمە دەتوانن دەسەڵات و میکانیزمەکانی دیاری بکەن؛ تەنیا بەو مەرجەی دەستوورەکەیان لە دژی دەستووری دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا نەبێت.

رۆژنامەی "الاخبار" بە ئاماژە بەوەی کە ئەگەر ئەو دوو مادەیە پاڵپشتی سیاسی لێ بکرێت عێراق تووشی کێشەی "دامەزرانی کوردستانی دووهەم" دێت، ڕایگەیاند: لە چەند ساڵی ڕابردووەوە لەو پێناوەدا هەوڵی زۆر دراوە و ئەمریکا دەستپێشخەری ئەو پلانەیە و هەر لە دانیشتنی پاریس لە جووڵای ٢٠١٦ و کۆنفڕانسی بەرهەڵستکارانی عێراقی لە عەمان لە ٢٣ی ئاکتەوبری ٢٠١٦ و کۆنفڕانسی ژێنێڤ لە ١٥ی فێڤرییە و کۆنفڕانسی یەک و دووی ئەنقەرە لە مارچی ٢٠١٧ەوە پێوشوێن دەگیرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەلیم جەبووری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە وتی کە "لە رۆژانی ڕابردوودا دانیشتنگەلێک بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەچووە و تێیدا باس لە ئایدیا جوداکردنەوەی هەرێمی سوننە کراوە و هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەرکەوتووە".

ئەو رۆژنامە لوبنانییە لە درێژەدا بە گرێ دانەوەی سەرهەڵدانی هەرێمی سوننە بە پلانی پاگەندەیی مامەڵەی سەدەی ئەمریکا، دەنووسێ: بە گوێرەی هەواڵە بە دەست گەیشتووەکان لە پێناو ڕاپەڕاندنی پلانی مامەڵەی سەدە، بڕیارە پاریزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بکرێتە دوو بەش و نیوەی لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراق بێت و نیوەی دووهەمی بدرێتە خەڵکی فەلەستین و بەشی بەخشراوە بە خەڵکی فەلەستین لە ئەنبارەوە تا دەشتی تەنیشت سنوورەکانی ئۆردۆن درێژەی دەبێت؛ بەو مەرجەی بەرپرسایەتی پاراستنی ئەو ناوچەیە بدرێتە گرووپگەلی سەربازیی ژێر فەرمانی ئەمریکا.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە دوو ڕوانگە هەمبەر بە ڕاپەڕاندنی پلانی "هەرێمی سوننە" لە ئارادایە کە یەکەمیان پێی وایە هەرێمی ئیداری بۆ هەموو پارێزگا سوننەنشینەکانی وەک ئەنبار، مووسڵ، دیالە و سەلاحەدین پێک دێت و لە پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتی فیدراڵی بەغدا دەبن و ڕوانگەی دووهەم کە لە لایەن حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانەوە پاڵپشتی لێ دەکرێت، سوورە لە سەر پێکهێنانی هەرێمی "عەرەبی سوننە" کە پێکهاتووە کە پارێزگا رۆژئاواییەکان و تا سنوورەکانی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە. ئەگەرچی رێبەرانی سوننە ئەو پلانە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام بە پێی دەرکەوتەکان و لێدوانی دەیڤید شەنکێر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە دانیشتنی دوو حەوتەی ڕابردوو لە ئەبووزەبی، نوێنەرانی ئەمریکی بە ئامادەبوونی تاقمێک لە سیاسەتوانانی عێراقی و لەوان حەلبووسی بە ئاشکرا باسیان لەو پڕۆژەیە و ڕەهەندەکانی کردووە.

رۆژنامەی لوبنانی لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژە بە پاگەندەی ئەمریکی لە ڕاپەڕاندنی پلانی دابەش کردنی عێراق بە چەند هەرێم لە قەوارەی وڵاتێکی فیدراڵی چەند هەرێمە بە پێی جەماوەر، سەرچاوە و فەرهەنگەکان، چۆنیەتی هەرێم‌بەندیی مەبەستی ئەمریکای بە گوێرەی خوارەوە ڕاگەیاند: ١- هەرێمی رۆژئاوای عێراق کە پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین لە خۆ دەگرێ، ٢- هەرێمی نەینەوا کە پارێزگاکانی مووسڵ، شەنگال، تەلعەفەر و دەشتی نەینەوا لە خۆ دەگرێ، ٣- هەرێمی کەرکووک کە پارێزگای نوێی حەویجه، عەزیم، شەرقات و دیالە لە خۆ دەگرێت، ٤- هەرێمی بەسرە کە سێ پارێزگای نوێ لە خۆ دەگرێت، ٥- هەرێمی مەیسان، زیقار و واسیت، ٦- هەرێمی فەرات بە پارێزگاکانی بابل، دیوانییە و سەماوە و ٧- هەرێمی نەجەف و کەربەلا.

News Code 30753

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =