ئەگەر ئێران نەبوایە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش دەبووینەوە

ڕۆحانی وتی:کاتێک کە تیرۆریستەکان لە پێناو ڕووخاندنی بەغدا ودیمەشق هەوڵیان دەدا، ئێران بە هانای هاواری چەوساوەیی دراوسێکانیەوە چوو وئەگەر ئێران نەدەبوو ئەمڕۆکە لە بری گرووپێکی تیرۆریستی ڕووبەڕووی دەوڵەتی داعش دەبووینەوە.

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی لە دووهەمین سمیناری نێونەتەوەیی ژینگە، ئایین و فەرهەنگ بە ئامانجی بەرزکردنەوەی گفتوگۆی نێوان فەرهەنگی بۆ گەشەی پایەدار، ڕایگەیاند: ئەگەر مرۆڤ نەتوانێ پاسەوانی لە ژینگەی خۆی بکات، ژیانی تەواو مرۆڤەکان دەکەوێتە مەترسییەوە و پاراستنی ژینگە ئەرکی گرینگی مرۆڤایەتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و فەرهەنگیی سەرشانی هەموومانە.

ڕۆحانی زیادبوونی نرخی حەشیمەت و هەنگاونانەوە بەرەو پیشەسازی بە بێ ئاوڕدانەوە لە زەروورەتی پاراستنی ژینگەی وەک هۆکاری زەخت خستنەسەر ژینگە لە جیهاندا وەسف کرد و وتی: لە کاتێکدا چاوەروان دەکرا کە هاوکات لە گەڵ پێشکەوتنگەلی پیشەسازی، مرۆڤەکان بە یارمەتیی زانست و ئەندێشە بارستایەک لە سەر شانی زەوی لابەن، بەڵام بە کردەوە دوای تێپەڕینی زەمان، پیشەسازی دەستی داوەتە وێرانی و خاپووڕکردنی ژینگە.

سەرۆک کۆمار دوای ئاماژە بە سووتمەنیی فۆسیلی و شەڕە یەک لە دوای یەکەکان لە دوای سەدەکانی ١٧ەوە و بەهرەوەرگرتن لە چەکی کیمیایی و ناڤۆکی وەک هۆکارەکانی دیکەی فەوتانی ژنیگە و ژیانی مرۆیی، جەختی لە زەروورەتی بەهرەوەرگرتن لە سەرچاوەگەلی نوێ کردەوە و وتیشی: بەهرەوەرگرتن لە زانست بە بێ پلانداڕشتن گەشەی ناپایەداری لێ دەکەوێتەوە و گەشەیەک پایەدارە کە بە توانای ئەو مرۆڤ لە ڕەوتی پیشەسازی و بەهرەوەرگرتن لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان هەمبەر بە زەوی و ژینگە هەست بە بەرپرسایەتی بکات.

دوکتۆر ڕۆحانی جەختی کرد: ناکرێت بە بێ بەهرە وەرگرتن لە ئایین، فەرهەنگ، ئیمان و بایەخە مرۆییەکان پلانی باش بۆ پرسێکی گرینگی وەک ژینگە داڕێژرێت.

سەرۆک کۆمار وێرای داکۆکی لە جێگرکردنی ئاشتی و میانەڕۆیی وەک بنەماکانی دەستەبەرکردنی گەشەی پایەدار، زیادی کرد: ئێمە دەبێ بەرەنگاری زێدەڕۆیی، توندوتیژی و تیرۆریزم بین و هاوکات لە دژی خاپوورکردنی ژینگە بوەستین، چونکا جیهانی ئێمە دەبێ بەری بێت لە توندوتیژی و زێدەڕۆیی و بەهرەی هەڵە لە نەعمەتە سروشتییەکان.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ژینگە، پاراستنی هەرێمی ناوچەیی و جیهانیی وەک ئەرکی هەموانی لێکداوە و وتی: خۆشحاڵم کە دووهەمین سمیناری نێونەتەوەیی ژینگە، ئایین و فەرهەنگ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە بەڵگەی گرینگی هەرێم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قۆناغی کۆتاییە و خەڵکی جیهان زیاتر لە جاران بەها بە مژاری ژینگە دەدەن و هیوادارم ئەم سمینارە ئەو پەیامە گرینگە جیهانییە بە هەموان بدات کە بە یەکگرتوویی، یەکڕیزی و هاوفیکری و هەوڵ و تەقەلای هەموانەوە دەتوانین بەو ئامانجە گرینگە بگەین.

ڕۆحانی ڕوونی کردەوە: ئەمڕۆکە خۆشحاڵم باس لە ئێرانێک دەکەم کە زایەڵەی پلانی رۆژهەڵاتی ناڤینی بێ‌بەری لە چەکی ناڤۆکی، گفتوگۆی شارستانییەکان، پەیوەندیی نێوان فەرهەنگی و ئایینەکان لە مژاری ژینگە و جیهانی بەری لە توندوتیژی و زێدەخوازی لەم وڵاتەوە بەرزبووەتەوە و پەیامی ئەم وڵاتە بۆ جیهان میانەڕۆیی و ئاشتییە.

سەرۆک کۆمار دوای ئاماژە بەوەی کە گەلی ئێران توانیویەتی بە لۆژیک و بەڵگەهێنانەوە و گفتوگۆ لە سەر میزی دانوستان، گرینگترین و ئاڵۆزترین کێشەی یاسایی، سیاسی  و تەکنیکیی ئەم ساڵانە لە گەڵ ۵+۱ چارەسەر بکات، وتی: گەلی ئێران بۆ ٢٠٠ سالیش دەچێت کە پەلاماری هیچ وڵاتێکی نەداوە و کاتێک کەوتە بەر هێرش و دەستدرێژی بە ئازایەتی و دلێرییەوە لە وڵات و گەلەکەی بەرگری کردووە. ئێران وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتی‌خوازانەیە  و بۆ چەندین سەدە پێڕەوان و لایەنگرانی ئایینە جۆراوجۆرەکان پێکەوە بە ئاشتەوایی و برایەتی لەم وڵاتەدا ژیاون.

سەرۆک کۆمار دوای خوێندنەوەی دەوڵەتی یازدەهەم بە دەوڵەتی ژینگە، جەختی لەوەش کردەوە: دەوڵەتی یازدەهەم لە دەسپێکی جالاکییەکانی خۆی وێرای بوونی کێشەگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەردەم و نائەمنی و کێشەگەلی ناوچەیی، هیچکات پرسی ژینگەی فەرامۆش نەکردووە و یەکەمین رۆژەڤی کۆبوونەوەی دەوڵەتی یازدەهەم بابەتی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بوو.

ڕۆحانی کۆکردنەوەی ئۆتۆمبیلگەلی کۆن و پاشکەوتووی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی پیسکردنەوەی هەوا لە شارە گەورەکان، پێداچوونەوە بە کێشەی خۆڵبارینەکان، هەوڵدان بۆ بەرهەم هێنانی بەنزینی یۆرۆ ۴ و پەرەدان و کردنەوەی فازگەلی نوێی گازی لە پارسی جنووبی و بەهرەوەرگرتن لە گاز لە وزەخانەکانی وڵاتی وەک بەشێک لە هەوڵە ژینگەپارێزییەکانی دەوڵەت لەمساڵدا خوێندەوە و زیادی کرد: یەکێک لە هۆکارە کاراکان بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست، هەوڵ و بزاوتی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە کە لەم پێناوەدا میدیاکان، پەروەردە و کەسایەتییە ئایینی و مەزهەبییەکان ڕۆڵێکی زۆر گرینگ لە بواری ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەری بە پرسی ژینگە و پێشگری لە پیسکردنی دەگێڕن.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ژینگە لە کۆتاییدا ئاشتیی جیهانی، بەرەنگاربوونەوەی زێدەخوازی و توندوتیژی و شەڕ لە دژی تیرۆریزمی وەک هۆکاری یەکگرتوویی نێوان ئایینەکان زانی و ڕایگەیاند: کاتێک کە تیرۆریستەکان لە پێناو ڕووخاندنی بەغدا و دیمەشق هەوڵیان دەدا، ئێران بە هانای هاواری چەوساوەیی دراوسێکانیەوە چوو و ئەگەر ئێران نەدەبوو ئەمڕۆکە لە بری گرووپێکی تیرۆریستی ڕووبەڕووی دەوڵەتی داعش دەبووینەوە.

News Code 3046

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =