بەشداریی سەرکردە کوردەکانی عێراق لە پرسەی سەردار سولەیمانی

به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی پڕشكۆی پرسه‌ی سه‌رداری شه‌هید حاج قاسم سوله‌یمانی له‌ سه‌ركونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی بەڕێوەچوو.

 بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر,  پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ یه‌ك شه‌مه‌ 15ی بەفرانبار, مه‌راسیمی پرسه‌ی  حاج قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و هاوڕێیەکانی,  له‌ سه‌ركونسوڵگه‌ری ئێران له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌برا.
  ئه‌م مه‌راسیمه‌  به‌ ئاماده‌بوونی سه‌دان كه‌س له‌ به‌رپرسانی فه‌رمی سیاسی، سه‌ربازی، ئاسایش، ڕۆشنبیری و ئابووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گشتی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین بوو .

هه‌روه‌ها سه‌رۆك و به‌رپرسانی ته‌واوی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، شێخانی عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تیه‌ ئایینی و ڕۆشنبیرییه‌كان، ڕێبه‌رانی ته‌ریقه‌ته‌كان، سه‌رۆك و مامۆستایانی زانكۆ، سه‌رۆكی ژووره‌ بازرگانیه‌كان، گروپه‌ ئابووریه‌كان، بازرگانان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌ڵكانی ئاسایی هه‌رێمی كوردستانی عێراق  و پارێزگای كه‌ركوك به‌شدارییان لەم ڕێوڕەسمەدا کرد.

به‌شداربووانی ئه‌م مه‌راسیمه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌كان و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنیه‌كانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرایه‌وه‌، وێڕای ئاماژه‌دان به‌ ڕۆڵی دیاری شه‌هید سوله‌یمانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و پاڵپشتی له‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌، سه‌ره‌خۆشی خۆیان بۆ شه‌هیدبوونی به‌ڕێزیان گه‌یانده‌ مه‌قامی ڕێبه‌ری شوڕش، حكومه‌ت و گه‌لی ئێران و ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ی ئه‌مریكایان بە توندی ئیدانه‌ كرد. 
  شایه‌نی باسه‌ هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڤال ئه‌بوبكر پارێزگاری سلێمانی، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، پاڤێڵ تاڵه‌بانی كوڕی خوالێخۆشبوو جه‌لال تاڵه‌بانی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، عومەر سەید عەلی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یوسف موحەمەد سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی ئێستای فراكسیۆنی گوڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، موحەمەد حاجی مەحموود سه‌رۆكی حزبی سۆشیالیست، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی نه‌وه‌ی نوێ و نوێنه‌رانی حزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا ئاماده‌بوون.  
مه‌هدی شوشته‌ری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی له‌ میانه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا و له‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ ڕۆڵی دیاری سه‌ردار سوله‌یمانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم كرد.

شووشتەری ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌مریكای به‌ تیروریستی، تاوانكارانه‌ و پێشێلكاریانه‌ی بنه‌ما و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان زانی و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ڕژێمی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رپرسی هه‌رجۆره‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كرده‌وه‌ تاوانكاریانه‌یه‌.

 هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ به‌ره‌كه‌تی خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌، بینه‌ری سه‌ره‌تای كۆتایی مانه‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بین.

له‌ كۆتاییدا، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی تایبه‌تی ئاماده‌بونی پڕشكۆی ته‌واوی به‌رپرسان و كه‌سایه‌تی و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی له‌م مه‌راسیمه‌دا كرد.

News Code 30294

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 0 =