دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لە گەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس وێرای ئاماژە بە تۆکمەکردنی هاوکاریی نێوان لایەنەکان، سەبارەت بە هەڵوێستەکانی کۆشکی سپی هەمبەر بە سووریا و بابەتەکانی دیکە قسەی کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە کەناڵی "المیادین"، باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە وتەدانێکیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس، وتی: ئێمە لە پێناو شەڕ لە دژی تیرۆریزم و جێگرکردنی ئاشتی لە ناوچەی عەرەبیدا هەوڵ دەدەین و بە هاوکاریی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری لە دژی تیرۆریزمی داعشدا دەوەستین.

ناوبراو وتیشی: ئێمە لە پێناو کەمکردنەوەی گرژی و تەنگژەکانی سووریا هەوڵ دەدەین و چارەسەریی قەیرانی سووریاش تەنیا لە رێگەی گواستنەوەی سیاسییەوە مومکینە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئیدعای کرد: هاوکاریی نێوان ئەمریکا و عەرەبستان بنچینەدارە و ناکرێت بە بێ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاری لە گەڵ ئێران ڕێککەوین. مسۆگەر کردنی ڕێککەوتن لە گەڵ ئێران بە مانای چاوپۆشی لە کردەوەکانی ئەو وڵاتە لە ئاژاوەنانەوە و سازدانی ناپاوەجێی نییە.

ئۆباما جەختی لەوە کردەوە: بارودۆخی ئێستای سووریا زۆر دژوار و ئاڵۆزە و بنیاتنانەوەی وێرانییەکانی شەڕ پێویستی بە کاتێکی درێژخایەن هەیە. دەبێ رێگەچارەی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە بڕەخسێت و ئێمە رێگاگەلی مومکین بۆ پشتیوانی لە ئاگربڕمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئاگربڕ لە سووریادا شکێنەرە.  

ئۆباما زیادی کرد: وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری لە بابەت ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە گەڵ ئێران نیگەرانن. ئێران ئەو شتانەی کە دەبوو بە پێێ ڕێککەوتنی ناڤۆکی جێبەجێی کردبایە، جێبەجێی کردووە. دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک نییە.

بەوەشەوە ئۆباما لە بەشێکی دیکە لە لێدوانەکانیدا وتی: واشنتۆن ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکە کە ڕووی لە هاوپەیمانان و هاوبەشانی بێت. ئێمە پەرە بە رێگاکانی هاوکاریی ئابووری لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاری دەدەین و هاوبەشانمان لە ئەنجومەنی هاریکاری پابەندن بە شەڕ دژی داعش و کەمکردنەوەی قەیرانەکانی دیکەی وەک سووریا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێرای ئاماژە بە ڕەزامەندیی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری لە پشتیوانی کردنی دەوڵەتی نوێی لیبیا، جەختی لەوەش کردەوە: عەبادی هاوپەیمانێکی باشە بۆ ئێمە و کێشەکانی ئێستای بەغدا کێشەی ئایینی و مەزهەبی نییە و ئێمە لە پێناو جێگرکردنی پاوەجێی لە عێراقدا هەوڵی زیاتر دەدەین.

لە لایەکی دیکەوە محەمەد بێن زاید ئالی نەهیان جێنشینی ئەبووزەبی وتی: کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاری لە گەڵ ئەمریکا لەم قۆناغە هەستیارەدا خاوەن بایەخێکی ئەوتۆیە. ئێمە پێویستمان بە زەمانێکی زیاتر بۆ تۆکمەتر کردنی کارگرووپی هاوبەش و بەتواناکردنی بۆ بەرەنگابوونەوەی هەڕەشەکان هەیە.

News Code 3029

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =