بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەرپرسی کۆمیتەی باڵندەناسیی ئەنجومەنی سەوزی چیا وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: لە درێژەی پشکنینی رۆژانەی گولی زرێوار، گرووپی باڵندەناسی ئەو ئەنجومەنە جۆرێک باڵندەی نوێێ لەو گۆلە و پارێزگادا دۆزییەوە.
ناسح حسێنی بە ئاماژە بەوەی کە بە دۆزرانەوەی ئەو باڵندەیە ژمارە و جۆری باڵندەکانی گولی زرێوار دەگاتە ٢٨٢ جۆر، ڕاشیگەیاند: ئەو باڵندەیە ناوی چۆلەکە پەرچەی ڕازاوەیە و ١٠ سانتی مەتر درێژە و کلکێکی بڵند و بۆر و زەیتوونی ڕەنگی هەیە و پشت و باڵەکانی رێگەرێگەی تاڵەبۆر و قاوەییە.
زیادیشی کرد: چۆلەکە پەرچە زوو زوو کلکی دەجووڵێنێ و وەک باوەشێن بە کاری دێنێ لە ژێر کلکی خاڵی ڕەش و قاوەیی تۆختری گەورەی هەیە. پەری بە ڕەنگی ئاڵتوونییە و دەندووکێکی زەردی تاڵی هەیە و لاقەکانیشی زەردی مەیلەو سەوزن.
ناوبراو بیری هێنایەوە: ژینگەی ئەو باڵندەیە لە ناوچە دڕکاوی و بۆتەیی یان ناوچەگەلی ویشک بە داپۆشراوەیی گیایی کەمە و گەلێ جاریش لە کێڵگە و لە ناو وێرانەی دەرەوەی گوند و شارەکاندا هێلانە دەکات.
شایانی باسە، تیمی باڵندەناسی ئەنجومەنی سەوزی چیا سێ ساڵ لەوە پێش پێکهات و لەو ماوەیەدا توانیویەتی چەندین جۆرە باڵندەی گۆلی زرێوار بناسێنێت و دۆسیەی تایبەتیان بۆ پێک بێنێت.
بۆچوونی ئێوە