ژینگەی هێرکوول لە دڵی کەرەفتوودا

"ئەوە ماڵی هێرکوولە و هەر کەس بێتە ماڵی پارێزراوە"؛ ئەو ڕستەیە کە گرێ دەرەوەی دوو شارستانییەتی کۆن و دەوڵەمەندی مێژوویی ئێران و یۆنانە، لە سەردەرانەی ژوورێک لە نهۆمی سێهەمی ئەشکەوتێکی کوردستاندا نووسراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی فەرهەنگی: بێ گومان هەمووان ناوی هێرکوول پاڵەوان و ئۆستوورەی ناوداری یۆنانیان بیستووە و بە دەیان فیلم و چیرۆک و ئەنیمەیشێنیان لەبارەی بینیوە و خوێندۆتەوە. هێرکوول کوڕی ناهەرمانی زیئۆس و هەروەها تاقە کەسێک بوو کە لە دایکێکی زەوینی لە دایک بوو و پاش مەرگی بووە خودا و نمانەی دێوەزمەبەزێنی و وقارەمانی لە چیای ئۆلۆمپ.

ناسینی هێرکوول لە فەرهەنگی ئێرانی بۆ سەردەمی هەخامەنشینی و شەڕيکانی نێوان پادشاکانی ئێرانی و یۆنانی دەگەڕێتەوە. بەڵام دوای هێرشی ئەسکەندەر لە سەرەتای سەدەی پێنجی بەر لە زایین و دامەزراندنی حکوومەتی سلووکی دەروازەیەکی گەورەتری بەڕووی فەرهەنگی یۆنانی لە ئێراندا کردووە و بە هۆی پاڵەوان خۆشەویستی و دەوڵەمەندی فەرهەنگی حیماسی لە ئێران، هێرکوول یەکێک لەو کەسایەتییە مێتۆلۆژیانەیە کە خێرا لای ئێرانییەکانەوە پێشوازی لێ دەکرێت و لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا چەندین پەیکەرەی بەردین و مەفرەغی لێ ساز دەکرێت کە پەیکەرەی پاڵکەوتووی لە بێستوون یەکێک لە نمونانەیە.

بەڵام نمونەیەکی سەیرتر لە پێشوازی لە ئۆستوورەی پاڵەوانی ژوورێکە لە نهۆمی سێهەمی ئەشکەوتی کەرەفتوو لە ٧٠ کیلۆمەتریی باکووری رۆژئاوای شاری دیواندەرە لە ناو زنجیرە کێوێکی قسڵی کە بە ئەشکەوتی هێرکوول ناسراوە و لە سەردەرانەی بە زمانی یۆنانی نووسراوە: "ئێرە ماڵی هێرکوولە و هەر کەس بێتە ماڵی پارێزراوە و نابێ دزێوی و گەندەڵی ڕووی تێ بکات". ئەم وێنەیە کارێکی کردووە کە لە زۆربەی دەقە کۆنەکان کەرەفتوو بە ئەشکەوتی هێرکوول ناوی لێ ببرێت.

ئەم ئەشکەوتە سەیر و سەمەرە دەسکردە کە هێشتاش دەوڵەمەندە بە ڕاز و نهێنیی زۆر، لە سێڕیانی تیکاب لە سەر جادەی دیواندەرە – سەقز لە ناوچەی گۆڕبابا عەلی هەڵکەوتووە و رێگەی چوونە ئەشکەوتەکە بە چەندین تابلۆ و ناونیشان دیاری کراوە. کاتێک دەگەیە بەردەم ئەشکەوتی کەرەفتوو، جگە لە سێحرای بوونی ئەو ئەشکەوتەکە، سرووشتی سەرسەوز و بەرجەوەندی دڵڕفێنی ئەو شوێنە سەرنجت ڕادەکێشی و ئامادەی سەفەرێکی ڕاچڵەکێنەر بە ناو دڵی مێژوو و ئەفسانەکانتدا دەکات.

دوای تێپەڕین لە دوو پەیژەی ئاسنین و سەرکەوتن بە سەر گاشيبەردەکاندا دەگەیە دەرانەی ئەشکەوت و سەر دەکەی بە ناو جیهانێکی دەسکرد و داتاشراوە لە بەرد و دەلاقەگەلێک دەبینی کە دەڕوانێتە سارا و دۆڵ و سرووشتی بەرینی ئەو ناوچەیە. کاتێکد دەگەیە دواهەمین ژوور، حەوزێکی سارووجی بە قووڵایی کەمەوە لە پەنای ئاگردانێک دەبینی کە لە خۆیاندا بیرهێنەرەوەی شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینەکانی خەڵکێک بوونە کە سەردەمانێک لەم ژوورانەدا و لە دڵی ئەم ئەشکەوتەدا ژیاون.

نهۆمی دووهەمی ئەشکەوتەکە لە سەر کەلێنێکدا کراوەتەوە کە دەرگانەی سرووشتی ئەشکەوتەکە بووە و دیوارەکانی ئەملا و ئەولای بە شێوەی ئاسۆیی و ڕێک و پێک کون کراون. ئەوسا لە ڕێڕەوێکی ١٠ پلەیی و تەنوورێکی ٣ مەترییەوە هەنگاو دەنێتە نهۆمی سێهەم کە بە شێوەیەکی تایبەتی و وردبینانەوە چێ کراوە. تەواو دەرگاکانی ئەشکەوتەکە لە بەرد و دارن و دانیشتووانی بە هەڵکەندنی تەنوورە و پێ پلیکان رێی قووڵاییان بۆ گەیشتن بە ئاوی ژێر ئەشکەوتەکە بڕیوە. هەڵبەت لە جێ جێی ئەشکەوتکە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو دەبێ بە گەمی هاتوچۆ بکەی.

وێنە و نیگاری کۆنینەی جۆراوجۆری وەک وێنەی مرۆڤ، ئاژەڵ و ڕووەکگەلی جۆراوجۆری وەک مامز، کەڵە کێوی، سوار، ئاژەڵی سەیر و سەمەرە لە سەر دەرگا و دیواری ئەو ئەشکەوتە هەڵکەندراون و هەرکام لە وێنەکان دەتبەنە چاخێکی مێژوویی و بیرت دەهێننەوە کە کەرەفتوو نەک یەک شارستانییەتی تایبەتی، بەڵکوو چەندین شارستانییەتی لە سەردەمی نوێ بەردین (لە ٥ تا ٦ هەزار ساڵ بەر لە مێژۆو)، تا سەردەمی ماننایی، مادەکان و ... لە خۆی گرتووە.

بەشی سرووشتی ئەم ئەشکەوتە خاوەن چەندین داڵانی جۆراوجۆر و نزم بە ڕێڕەوگەی سەخڵەتە کە بە ئاو و گۆمێکی قووڵ کۆتاییان پێ دێ و دانیشتەی ئەم بەشە وەک کەوانە و خڕۆکە و چەند ڕەهەندی دەرکەوتوونەتەوە و لە پەنای قەندیل تایبەتییەکان کەشێکی شاعێرانە و پەیکەرتاشانەیان بەو ئەشکەوتە بەخشیوە.

رۆژهەڵاتناسان و توێژەرانێکی زۆری وەک دێمۆرگان، ڕاولینسۆن، کرێپۆرتێر و خانەکیف لە سەفەرنامەکانیاندا باسی کەرەفتوویان کردووە و هەر کام نەخشەیەکیان لەو ئەشکەوتە ئامادە کردووە و کامڵ کردووە و دواتر کۆنینەناسان و توێژەرانێکی وەک ئاستین و فۆن‌گاڵ هەنگاوی بەرزتریان هاویشتووە و بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئەم ئەشکەوتە قسڵییە و لە سەردەمی سێهەمی زەویناسیدا ساز بووە و لە سەردەمی مێزۆزۆییک لە ژێر ئاودا بووە و لە کۆتاییەکانی ئەو چاخەدا لە ئاو هاتۆتە دەرێ و پێشینەی ژیانی مرۆڤ تێیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سلووکی، ئەشکانی، ساسانی و ئیسلامی و لە هەموو ئەو جاخانەدا کەرەفتوو قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ پاراستن و لە خۆگرتنی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ڕەنگە هەر بەو پێیەشە لای یۆنانییەکان وەک ماڵی هێرکوول وێنا و بە شوێنێکی پارێزراو وەسف کراوە.

هەڵبەت بوونی کەتیبەی سەردەرانەی ژووری هێرکوول، بۆتە هۆی ورووژانی هەندێ گومان لەبارەی تێدا ژیانی کاتیی سکووکییەکان لە سەردەمی هێلێنیدا، بە تایبەت دوای پاشەکشێیان بەرەو رۆژئاوای ئێران پاش شکستیان بە دەستی مێهردادی دووهەمی ئەشکانی و ڕووخانی یەکجاریان.

هاوکات خود چێکاری و نژیارڤانی ئەم ئەشکەوتە نیشاندەری هوش و لێ‌زانینی باڵای دانیشتووانیەتی، بە چەشنێک کە لە وەرزی زستاندا ناو ئەشکەوتەکە گەرمە و لە هاویندا زۆر فێنک.

ئەشکەوتی کەرەفتوو یان وەک توێژەرانی رۆژئاوایی دەڵێن، "ماڵی هێرکوول" یەکێکە لە ئاسەواری نەتەوەیی کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بە ژمارەی ٣٣٠ تۆمار کراوە و هەرچی ساڵە میوانانێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ زێدی کوردستان ڕادەکێشت.

News Code 30054

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 10 =