تورکیا تەموورەی کرماشان بە ناوی خۆیەوە تۆمار دەکات!

بە گوێرەی لێدوانی هونەرمەندانی کرماشانی، تورکیا لە درێژەی دزینی ئاسەوارگەلی نیشتمانی گەلانی دیکە، خەریکی تۆمار کردنی جیهانی ئامێرەی تەموورەی کوردی بە ناو خۆیەتی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تورکیا خەریکی تۆمار کردنی ئامێری تەموورەی کوردی لە یۆنسکۆ بە ناو خۆیەتی و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو شایەدی دزینی ناوی ناوداران و ئاسەوارگەلی زۆری ئێرانی و لەوان کەسایەتی مەولانای ڕۆمی، شێخ حەسەن خەراقانی، فارابی، ئێبنی سینا و ... لە لایەن ئەو وڵاتەوەین، بە بێ ئەوەی کاردانەوەی فەرهەنگ‌ناسانی جیهانی و بەرپرسانی ئێرانی بە دواوە بێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی مۆسیقای کرماشان وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە و پێداگری لە کوردی و کرماشانی بوونی ئامێرەی تەموورە، ڕایگەیاند: ئەگەرچی ئەم هەواڵە بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە قوونییەدا لە تاقمێکی مۆسیقارم بیست کە بە دوای تۆمار کردنی ئامێری تەموورەوەن و لەم دواییەشدا چەند هونەرمەندی دیکەی تورکیا ئەم بابەتەیان پشت‌ڕاست کردەوە.

فەرزاد شاسەواری ڕاشیگەیاند: ڕەنگە تورکەکان بیانەوێ جۆرە تەموورەیەکی تایبەتی تورکی بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، بەڵام گرینگ ئەوەیە بەو کارە ناوی تەموورە بۆ یەکەم جار بە ناوی تورکیاوە گرێ دەخوات.

ئەگەرچی ئەم هەواڵە هێشتا بە فەرمی لە هیچ کۆدا بڵاو نەبۆتەوە، بەڵام بە پێی پێشینەی کارەکانی تورکیا و لەوان تۆمار کردنی ناوی کەسایەتی و ئاسەواری فەرهەنگی ئێرانی بە ناوی خۆیەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بێ هۆ نییە کە مەترسیی تۆمارکرانی تەموورە کرماشانی ببێتە دەنگۆیەک و کەشی هونەری – مۆسیقایی ئێران دابگرێت. بە چەشنێک کە بە وتەی شاسەواری تاقمێکی پێکهاتوو لە ٦٠٠ هونەرمەند و ژەنیاری تەموورە لە کاردانەوە بەو هەواڵە بە دەوری یەکدا کۆبوونەتەوە و هەوڵی بەڕێوە بردنی پڕۆگرامێک بۆ ناسین و ناساندنی ئەو ئامێرە دەدەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی مۆسیقای کرماشان لەبارەی تەموورەوە وتی: ئەوە ئامێرێکی ئایینی یارسان و عەلەوییەکانە کە پەیوەستە بە کوردەکان و جوگرافیای کرماشان تا سنوورەکانی رۆژئاوایی وەک گاوارە و داڵاهۆ و گۆران. بە چەشنێک لەو شارانەدا خەڵکی لە ورد و گەورە تەموورە دەژەنن و لە هەموو ماڵەکانیاندا تەموورەیەک دانراوە.

ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەنجومەنی مۆسیقای کرماشان بۆ ناساندنی ئەو ئامێرە وتیشی: مێهرەجانی تەموورە لە کرماشان هەرچی ساڵە دەوڵەمەندتر لە ساڵی پێشووی بەڕێوە دەچێ و هیوادارین لە ساڵی داهاتووشدا شایەدی سێهەمین خولی بەڕێوەچوونی ئەو مێهرەجانە بین. هەروەها ئەم ئەنجومەنە بە دوای کردنەوەی نووسینگەی نیشتمانی تەمووڕە و ئەو ئامێرانەی سەرچاوەیان لە تەموورە گرتووە لە پڕۆگرام و مێهرەجانەکانی تەموورەدا جێ بکرێنەوە.

بە وتەی ئەو هونەرمەندە ئەنجومەنی مۆسیقای کرماشان لە سەر داوای مامۆستا شارام نازری و هاوکاریی هونەرمەندانی چالاکی وەک مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی و گرووپە ژەنیارەکانی دیکەی تەموورەی پارێزگای کرماشان و بە پێکهێنانی گرووپێکی ٦٠٠ ژەنیاری تەموورە کراوەتەوە و بڕیارە بە مەبەستی تۆمار کردن و ناساندنی ئاخێزگەی ئەو ئامێرە مۆسیقایی- ئایینییە سێ بەرهەمی جێی فەخر و شانازیی تەموورەژەنی بە دەنگی مامۆستا نازری لە شوێنەواری مێژوویی و جیهانی بێستوون ئاراستە بکرێ و بە ڤیدئۆش بڵاو بکرێتەوە.

شایانی باسە، ٧ ساڵ لەوە پێش ئاتووسا موئمێنی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی تۆماری ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی لە ئامادەکردن و ناردنی دۆسیەی تەموورەی کرماشانی لە پێناو تۆماری جیهانیی بۆ ڕێکخراوی یۆنسکۆ هەواڵی دا و وتبووی: شێوەی داڕشتنی ئەو ئامێرە لە لیستی میراتی نیشتمانیدا تۆمار کراوە و ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی خەریکی ئامادەکردنی دۆسیەی تۆماری جیهانی تەموورەیە.

بەڵام ئێستا دوای حەوت ساڵ نە تەنیا ئەو دۆسیە ئامادە نەبووە، بەڵکوو یانەی تەموورەی گۆران کە بە هەوڵی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی کرابۆوە و هەوڵی خوێندنەوە و توێژینەوە و ناساندنی ئەم ئامێرەشی دەدا، لە سەردەمی سەرۆک کۆماری پێشوودا تێک درا و ڕوون نییە هۆکارەکانی کەمتەرخەمی لەوبارەیەوە چین و لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. تەنانەت ئەوەی لە تۆماری نیشتمانشدا ئاوڕی لێ دراوەتە شێوەی داڕشتنیەتی نەک شێوە ژەنیاری و نەریت و ئایینەکانی پشت‌سەری.

News Code 30037

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 8 =