ئەمریکا ناچارە واز لە گوشارەکانی لە دژی ئێران بێنێت

سەرۆک کۆمار وتی: ئەمریکا ناچارە درەنگ و زوو، پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، دەستهەڵگری گوشارە لانی‌زۆرییەکانی لە دژی ئێران بێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، حوجەیولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئەوڕۆ "دووشەممە" لە دیداری "سابرامانیام جایشانکار" وەزیری دەرەوەی ھیندستان لە تاران، بەڕێوەچوونی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵاتی بە ھۆکاری پەرەسەندنی پەیوەندیی ھەمەلایەنەی ئێران و هیندستان زانی و وتیشی: گومان لەوەدا نییە کە بە ئیرادەی بێ بڕانەوەی دوو وڵات، لە داھاتوودا پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوانمان زیاتر پەرە دەستێنێ.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە گرینگایەتی زۆری دابین کردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بۆ ئێران و ھیند، ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دابین کردن و پاراستنی ئاسایشی پاوەجێی ناوچەکە بە تایبەت کەنداوی فارس و دەریای عومانە و لە هەلومەرجی ئێستادا کە ئەمریکا بە گەمارۆگەلی یەک لایەنەی هەڵی کوتاوەتە سەر گەلی ئێران، دەبێ هەوڵ بدەین کە پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوانمان بە باشی بپارێزرێت و بەردەوام بێت.

ناوبراو ھاوکاریی چەند قۆڵی ئێران و ھیندستان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بە گرینگ زانی و جەختی کرد: ئەمریکا ناچارە درەنگ و زوو، پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، واز لە گوشارە لانی‌زۆرییەکانی لە دژی ئێران بێنێت.

هەروەها لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ھیندستانیش وێڕای پێداگری لە پەرەپێدانی ھاوکارییەکانی کەرتی دەوڵەتی و تایبەتیی دوو وڵات، وتی: ئێران و ھیندستان پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ و لەمێژینەیان پێکەوە ھەیە.

سابرامانیام جایشانکار بە ئاماژە بە گرینگی تایبەتی پەرەپێدان بە پەیوەندیی نێوان بانکەکانی ئێران و ھیند لە سۆنگەی بڕەودان بە پەیوەندی و ھاوکاری بازرگانی و ئابووریی نێوان دوو وڵات، زیادی کرد: ھاوکارییەکانی ئێران و ھیندستان لە بەندەری چابەھاری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، بە باشی خەریکە ڕادەپەڕێندرێ و دەبێ لە ئاراستەی خێراکردنەوەی ڕەوتی ڕاپەڕاندنی پرۆژەکان لەو ناوچەیەدا ھەوڵ بدرێت.

شایانی باسە، دانیشتنی لێژنەی ھاوبەشی ئابووریی ئێران و ھیندستان ڕۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات لە تاراندا بەڕێوە چوو.

News Code 30003

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =