کێ تاوانباری دۆخی نالەباری کۆڵبەرانی کوردستانە

کۆڵبەری لە سنوورەکانی پارێزگای کوردستان لە کاتێکدا هێشتا درێژەی هەیە کە بە داخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هیچ ئیرادەیەک سەبارەت بە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە لە ئارادا نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی پارێزگاکان: بە مەرگی دوو برا لە سنوورەکانی پارێزگای کوردستان لە کاتی کۆڵبەری، بۆ جارێکی دیکە کێشە و پرسی بنەمایی ساڵانی ڕابردووی کوردستان بۆوە مانشێتی میدیاکان و تەنانەت ڕاگەیاندە نێودەوڵەتیەکان و هەڵبەت کەسانێک کە دەبێ وەڵامدەری ئەو دۆخە بن، ئێستا لە قەبارەی خاوەن حەقدا کەسانی تر لۆمە دەکەن.

کۆڵبەری لە کوردستان نەک چیرۆکێکی نوێ، بەڵکوو لە ساڵانی زۆر دوورەوە و لە قەلافەتی جۆراجۆردا لە سنوورەکانی کوردستان و هەڵبەت تاقمێک لە پارێزگا سنوورییەکانی وڵات بووە و بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی جۆراوجۆر لەو پێناوەدا دراوە، هێشتاش کۆڵبەران قوربانی سەرەکیی بڕیارگەلی جێبەجێ نەکراوە و بەڵێنە وەدی نەهاتووەکانن.

مەرگی دوو برای کۆڵبەری خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان بووە هۆی ئوەی بۆ جارێکی دیکە بابەتی کۆڵبەری لە کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی رۆژئاوایی و تەنانەت رۆژهەڵاتی ببێتەوە مانشێتی سەرەکی هەواڵەکانی وڵات و هەڵبەت لەمناوە کەسانێک بوونە داواکاری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگری دۆخەکە؛ ئەویش ڕێک ئەو کەسانەی کە دەبێ خۆیان لە بەردەم ڕای گشتیی وەڵامدەری کارەکانیان بن.

پارێزگای کوردستان خاوەن زیاتر لە ٢٢٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لە گەڵ عێراقە و ئەو سنوورە دەتوانێ دەفرایەتییەکی زۆر باش بێت لە پێناو گەشەی مامەڵەی سنووری. سنووری هاوبەشی پارێزگای کوردستان سەرەڕای بوونی سنووری ترانزیتی باشماخی مەریوان و دوو بازاڕچەی سنووریی سێفی سەقز و سەیرانبەندی بانە، بە داخەوە جگە لە کۆڵبەری و ڕووداوی دڵتەزێن و جەرگبڕ، هیچ دەسکەوتێکی دیکەی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە نەبووە و نییە.

گەمە بە پلانی ساماندانی سنوورگەلی وڵات

چیرۆکی ساماندانی سنوور لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی وڵات بەر لە دەوڵەتی ڕۆحانی خرایە ڕوو و هەنگاوە سەرەتاییەکان لە پێناو پراتیگی کردنی جێبەجێ کرا، بەڵام بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕۆحانی، پلانی پێشوو ئارشیڤ کرا و ئەمجار چیرۆکی ساماندانی مامەڵەی سنووری لە سەرتاسەری وڵات بە تایبەت لە پارێزگای کوردستان خرایە ڕوو.

لە ئیستادا نە تەنیا جەماوەرێکی نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەسی لە شارە سنوورییەکانی مەریوان، سەوڵاوا، سەقز و بانە، بەڵکوو گەنجانێکی بیکار لە شارەکانی دیکەی پارێزگاوە ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و بە کۆڵبەری مەعاشی خۆیان دەگەڕێنن.

بێکاری و نەبوونی بەستێنی لەبار بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە ناوچەگەلی سنووری بە تایبەت لە رۆژئاوای وڵات لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕوو لە زیادبوونی ژمارەی کۆڵبەران؛ مرۆڤگەلێک کە ژانی ژیان و نەبوونی داهاتی گونجاو هاتنی داون بۆ گرتنەبەری ئەو رێگەیە وەک دوا تیشکی هیوایان لە پێناو بە دەست هێنانی نانی سبەی بنەماڵەکانیان.

دەوڵەتی ڕۆحانی لە کاتی هاتنە سەرکار بە خستنەڕووی بەڵێنگەلی وەدی نەهاتوو لە بواری ساماندانی کۆڵبەری، بەشێکی زۆری دەنگی خەڵکی ئەم ناوچەیەی خستە ناو سندووقەکانی خۆیەوە، بەڵام ئەوڕۆ پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٦ ساڵ لەو رۆژانە، هێشتا باسێک لە وەدی هاتنی بەڵێنەکانی لەو پێناوەدا نییە.

لە ماوەت ساڵانی ڕابردوو پلانگەلێکی جۆراوجۆر بە شێوەی تاقیکارانە سەبارەت بە ساماندانی کۆڵبەران لە پارێزگا لە داخستنی یەکجاریی سنوورەکان تا بە پیلەوەر کردنی کۆڵبەران ئاراستە کراوە، بەڵام هیچکام لەو هەنگاوە بە ئەنجام نەگەیشت و ئەوڕۆ هێشتاش کۆڵبەری وەک کێشە و پرسێکی جیدی لەو بەشەی خاکی وڵات درێژەی هەیە.

پلانی ساماندانی سنوورەکان بە باشی ئەنجام نەدرا

شەهریار حەیدەری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری سنووریی وەزارەتی ناوخۆ لە دوایین لێدوانێدا وێرای ڕەخنە لە پلانی ڕێڕەوەکانی کۆڵبەری، دەڵێت: لە ڕابردوودا پێڕەونامەیەک بوو کە لە چوارچێوەیدا پلانێک لە ژێر ناوی کۆڵبەری لە سنوورەکانی سیستان و بەلووچستان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا پێناسە کرابوو.

ناوبراو بیری هێنایەوە: ئەو پێڕەونامەیە بە هۆی کێشەکانی بە باشی جێبەجێ نەکرا و گرفتگەلێکی بۆ خەڵکی سنوورنشین بە دواوە بوو.

حەیدەری لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئامانجی پێڕەونامە تۆکمە کردنی مەعاشی خەڵکی سنوورنشین بوو، بەڵام بە کردەوە ئێمە هیچ تۆکمەبوونێکمان لە مەعاشی خەڵکیدا نەدی و ئەویش بە هۆی کێشەگەلێک بوون کە لە ڕابردوودا لەو پێڕەونامەیەدا بوون.

هەروەها بەرێوەبەری بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراو لە پارێزگای کوردستان لەبارەی یارمەتییەکانی دەوڵەت بە کۆڵبەران، وتی: یارمەتیگەلی دەوڵەت بە کۆڵبەران تەنیا بە چەند جار کۆتایی پێ نایە، بەڵام دەکرێ ئاماژە بە هەنگاوی بەرچاو لەو بوارەدا بکرێت. بە ئاوردانەوە لەوەی کە ساڵی ڕابردوو بازاڕچە سنوورییەکانی پارێزگا بە هۆی هەندێک گۆڕان و گۆرانکاری داخراوە، دەوڵەت بۆ یارمەتی بە مەعاشی سنوورنشینان پلانگەلێکی خستۆتە ڕوو کە هاتنی ١٠٠ جۆر کاڵای لە ١٣٣٩ کاڵایەک کە پێشتر لە رێگەی سنوورەکانەوە ئاودیوی وڵات دەکرا، ئازاد کرد.

عەلی خودا وەیسی ئاماژەی بە هەنگاوە ئەنجام دراوەکانی دیکەی لە پێناو یارمەتی بە کەسانی دانیشتووی سنووری کرد و وتیشی: هەنگاوی دووهەمی فرۆشی نەوت و گاز بە سنوورنشینان و ڕشتنی بەهرەی فرۆشی ئەو سووتەمەنیانە بە حیسابی دانیشتووانی سنووری بوو کە لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو سەبارەت بە پرسی وامگەلێک کە بڕیار بوو بە کۆڵبەران بدرێت، ڕایگەیاند: بە داخەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەو پلانە هەندێک دەزگای بەڕێوەبەری کەم کاریان کرد، بەڵام بۆ پێشخستنی ئەم پلانە لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتای لە لایەن مەجلیس پەیجۆری پێویست ئەنجام درا و بوودجەیەک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانە پێویست بوو کە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٩٨دا پێشبینی کرا، بەلام هێشتا هەندێک لە دەزگاکان پراتیگی کردنی ئەو پلانەی ڕاگرتووە تا بە پلان‌داڕشتنی ڕێک و پێک‌تر ڕای پەڕێنێت.

بەڵێنی ڕەبیعی سەبارەت بە بیمەی کۆڵبەران ئەرشیڤ کرا

هاوکاتی بەڵێنەکانی بەرپرسانی پارێزگایی، عەلی ڕەبیعی کە ئەوڕۆکە وتەبێژی دەوڵەتی تەگبیر و ئومێدە، لەو کاتەدا کە وەزیری هەرەوەزی، کار و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی بوو لە پرۆگرامێکی تەواو بانگەشەیی بەڵێنی بیمە کردنی کۆڵبەرانی دا و تەنانەت بۆ ئەو چیرۆکەی ڕێوڕەسمی کرانەوە و دەسپێکێکی پڕ لە قسە و باسی لە سنە وەڕێخست.

لە کاتی بەڵێنی ڕەبیعی سێ ساڵ تێدەپەڕێت و ئێستا کە وەزیر نییە، هیچ هەواڵێک لە ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنە لە ئارادا نییە.

بەڵام بەڵێنەکان بۆ ساماندانی ئەو دۆخە تەنیا بە پارێزگار و وەزیر کۆتایی پێ نایەت و جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماریش لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی و لە میانەی دیدار لە گەڵ کۆمەڵەی نوێنەرانی کوردستان لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیدا بەڵێنگەلێکی دیکەی سەبارەت بە چیرۆکی کۆڵبەری ئاراستە کرد.

چارەدۆزیی بێ ئەنجامی جەهانگیری

جێگری یەکەمی ڕۆحانی لەو دانیشتنەدا وێرای دەربڕینی سپاس و پێ زانینی لە بەشداریی هەمەلایەنە و متمانەی باڵای پارێزگای کوردستان بە ڕۆحانی بۆ درێژەی رێگەکەی، وتی: هیوادارم پرسەکانی ئەم پارێزگایە و لەوان کردنەوەی رێگەگەلی گوندی و گەشەی پیشەسازی و کشتوکاڵ لە چوارچێوەی جێبەجط کردنی بەكگەی گەشەی کوردستان بە زووترین کاتی مومکین چارەسەر بکرێن.

ناوبراو پاشان ئاماژەی بە پرسی کۆڵبەری لە پارێزگادا کرد و بە دەربڕینی ئەسفی لە پەرەسەندنی ئەو پیشە تاقەت پڕووکێنە بە هۆی گرفتی مەعاش، ڕایگەیاند: دیتنی وێنەگەلی خەڵکی ناوچە کە بۆ مەعاشیان شانیان داوەتە بەر کۆڵبەری و هەڵگرتنی باری قورس و لە تاقەت بەدەر، جەرگبڕە و دەبێ بۆ یارمەتی بەوان بیر لە چارەیەک بکرێتەوە.

جەهانگیری بە پێداگری لەوەی کە پارێزگار و نوێنەرانی مەجلیس دەبێ بۆ ساماندان و چارەسەریی ئەو پرسە پلانگەلێکی وەک کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکان ئاراستە بکەن، وتی: دەوڵەت بۆ چارەسەریی ئەو پرسە، پێشوازی دەکات لە ئایدیا و پلانگەلی ئاڵتەرناتیڤ و تەنانەت یارمەتی مادی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ئەو لە چینە لە کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی کۆڵبەری وەک پێشەیەک لە ژیانی کوردستاندا کۆتایی پێ بێت.

بەڵێنەکانی جێگری یەکەمی ڕۆحانی بێ ئەنجام مایەوە

بەڵێنەکانی جەهانگیری نە تەنیا بەو دیدارە کۆتایی پێ نەهات، بەڵکوو لە دانیشتنە جۆراوجۆرەکانی دیکەشدا سەبارەت بە چیرۆکی کۆڵبەری لە کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی رۆژئاوایی وڵاتدا مژاریکی دیکەی ورووژاند کە ئەوانیش تەنیا هەر لە سەر زاران مانەوە و جێبەجێ نەکران.

بۆ وێنە جێگری یەکەمی ڕۆحانی لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە سەفەری بۆ کرماشان جارێکی دیکە ئاماژەی بە پرسی کۆڵبەری کرد و کۆڵبەری بە کارێکی سەخلەت و تاقەت پرووکێن و بە دوور لە پریستیژی ئینسانی زانی و وتیشی: دەوڵەت بۆ پاراستنی کەرامەتی سنوورنشینان پلانگەلێکی زۆر باشی هەیە تا داهاتی گونجاو بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دابین بکات.

بازاڕی بەڵێنیەکان داغە و لەمناوە دووکەڵی کەمتەرخەمی و ناپابەندی بە بەڵێنەکان دەچێتە چاوی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ئەوانن کە هەرچی جارە بە هۆی ڕووداوی جۆاروجۆر کەس و کار و خۆشەویستانیان لە دەست دەدەن.

بەڕێوەبەرانی دوێنێ و تاوانبارانی ئێستا، خاوەن حەقەکانی ئەوڕۆ

خاڵی جەرگبڕتری ئەو بابەتە، ئەو ڕا و بۆچوونانەیە کە لە لایەن بەرپرسانی دوێنیی وڵات ئاراستە دەکرێت. کەسێک کە چوار ساڵ پارێزگاری کوردستان بووە و چوار ساڵیش وتەبێژی دەوڵەت و دەسکەوتی نە تەنیا لە بوار کۆڵبەریدا، بەڵکوو لە کەرتەکانی دیکەشدا جێی سەرنج نییە، ئەوڕۆ لە قەڵافەتی کەسێکی داواکار پلار دەگرێتە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد و مەرگی دوو گەنج و میرمنداڵی خوڵکی گوندی نێ دەداتە پاڵ کارنامەی ئەو.

کەسێکی دیکە کە تا دوێنی شاگەشکە دروشمی تا ١٤٠٠ لە گەڵ ڕۆحانیی هەڵدابوو، ئەوڕۆ دەناڵێنێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شین و ڕۆیەتی کە مەرگی ئەو دوو گەنجە لە ئەنجامی کەمتەرخەمی هەمبەر بە کوردستان ڕووی داوە.

لایەنگران و هاوڕێیانی دەوڵەت کە بە دەنگی لە سەدا ٧٢ی کوردستانییەکان بە تایبەت خەڵکی شارەکانی مەریوان بە ڕۆحانی سەرخۆش بوون و پلە و پێگەیەکیان مسۆگەر کردبوو، تەنیا وەڵامیان بەو ڕووداوە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە ئینستاگرام و هاوخەمی و ئەسف دەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

هەڵبەر لەمناوە دوژمنانی شۆڕش هەلیان قۆستۆتەوە و بە ڕێکخستنی هەموو دەفرایەتییەکانیان پلار دەگرنە نیزام و شۆڕش و بەو بیانووە بە دوای ئاژاوەنانەوەی ئیتنیکی و مەزهەبی لە کوردستانن و هەڵبەت بەڕێوەبەرانێک کە دەبێ وەڵامدەری هەڵسوکەوتیان بن، هێشتاش بێدەنگن و بە ئارامی پاڵیان بە کورسییەکانیانەوە داوە و هیچ دەزگا و ناوەندیک نایەوێی لێیان بکۆڵێتەوە.

کۆڵبەری لە کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی وڵات هێشتاش قوربانی لێ دەکەوێتەوە و بە داخەوە لەوکاتەشدا بەرپرسان هێشتا بە کەمتەرخەمییەوە بە لایدا تێدەپەڕن و هەڵبەت بە ئاوردانەوە لە فەزای گشتیی زاڵ بە سەر وڵاتدا نابێ بەمزووانە چاوەروانی هەنگاو و جووڵەیەک بین.

News Code 29968

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 12 =