ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی پارێزگاکان: تۆپۆگرافیای پارێزگای کوردستان بە چەشنێکە کە لە وەرزەکانی پاییز و زستان هەردەکانی بە بەفر داپۆشراوە و زەوی و زارەکانیشی لە بەهاردا ڕواڵەتێکی ڕەنگانە بە خۆوە دەگرێت.
بەرزایی زۆر و دەشتی بەرین لە پەنای چیا سەربەرزەکانی بەشێکن لە گرینگترین تایبەتمەندیگەلی ناوچەی جوگرافیایی پارێزگای کوردستان و بەو هۆیەیە کە وەرزی زستانی ئەم پارێزگایە نمونەیەکی بێ هاوتایە لە جوانی و نەخش و نیگار.
کە پاییز لە نیوە تێدەپەڕی ناوچەی هۆبەتوو و دیواندەرە و بە تایبەت هاوێری هەزارکانیان بەژنی بەفرین دەپۆشێ، کەچی لە مەریوان و سەوڵاوا و گوندە سنوورییەکان وەرز وەرزی ڕنین و تەکاندنی هەنار، گوێز و ترێ ڕەشەیە.
دەشتە بەرینەکانی ناوچەی ساران کە دەگاتە کۆتایی مانگی خەزەڵوەر تارای سپی بە سەردا دەدا و تاجی سپی بەفر لە بەرزاییەکان تا قەد پاڵی کێوەکان دێت و لە خوارەوە کانیاوە پڕئاوەکان دەتەقێنەوە و لە گەڵ بایەکی تەز و سارد کوانووی ماڵەکان دادەگیرسێن و خەڵکی ڕوو لە جلی گەرم و کورسی دەکەن.
لە کوردستان وەرزی زستان لە سەرماوەزەوە دەست پێ دەکات و کە هات، کەلی تەتە و رێگەی هاتوچۆی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان دادەخرێت؛ داخرانی کەلی تەتە تا گوڵانی ساڵی داهاتووی بەردەوامە و لە گەڵ چکۆلەترین داکردنی بەفر، لەوێ دەیکاتە تۆف و شەختە و کڕێوە.
سەرماوەز و جلی سپی پۆشینی کوردستان
هۆبەتوو کە بە بەرزترین شوێنی ئێران و کوردستان ناسراوە، هەرچی ساڵە زووتر لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای کوردستان سپی پۆشە و ئەو جلە زستانییەی تا دوا حەوتەکانی گوڵانیش داناکەنێت و قووڵایی بەفری بۆ ڕچە شکاندن نابێت.
بەلام چیرکی سنە و شارەکانی دیکەی پارێزگای کوردستان لە وەرزی زستاندا تا ڕادەیەک جیاوازە و لە گەڵ داکردنی یەکەم کلوو بەفرەکان و سپیپۆشی ئاویەر بەرزی، لە قەپاڵیدا خەڵکی بۆ خلیسکێنە و یاری زستانی بانگهێشت دەکات.
بۆ خەڵکی گرینگ نییە لە کام کاتژمێری شەوورۆژدا بەفر دادەکا و رۆژە یان شەوە، هەموو لەوێن و بە دەم یاری و تریقانەوە بازاڕێک خۆش دەکەن لە گەمەی بەفر و هەڵم و شەڕە تۆپەڵە و بووکە بەفرینە.
هەڵبەت خەڵکی سنە لە زستاندا تەنیا بە ئاویەر داناکەون و ڕوو لە پارکی دیدگە و بەرزاییەکانی ملەی سلوواتئاواش دەکەن و هەزارن کەس و بنەماڵەی سنەیی تا درەنگانێکی شەو، ژیانیان بە بەفر و یارییەکانی دەخەملێنن.
هەڵبەت ئەم جۆرە بەزمانە تەنیا تایبەتی سنە نییە لە شارەکانی مەریوان، سەقز، بانە، بیجار و تەنانەت قوروەش بازاڕی زستانی گەرم و چێژبەخشە.
جوانییەکانی زستانی کوردستان لەوەش تێدەپەڕێ و قەندیلی سەهۆڵینی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو پارێزگایە بە تایبەت لە ملەی ژاڵانە لە سەر رێگەی سەوڵاوا بەرەو هەورامان وەک گلۆپێک دەدرەوشێنەوە سەرنجی رێبوارانی ئەو رێگەیە بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.
لە چیا پڕ لە بەفر، یەخچاڵگەلی سروشتی و تاڤگە سەهۆڵینەکانی بگرە تا ناوچەگەلی بەفرگر و ملەی سەخڵەتەکانی ژاڵانە، تەتەی سەوڵاوا و مامۆخی سنە، ڕووداوە وەرزییەکانی تاڵاو و زرێوارەکانی و گۆڕانی شێوازی ژیانی خەڵکی هەموو دەرفەتێکن کە لە پەنای گەشەی گەشتیاری زستانی، دەتوانن پەنگراوانە دەفرایەتی و سەرمایەیەکی لە بن نەهاتوو بن.
کانییە تەقیوەکان، باڵندەگەلی میوانی تاڵاو سەهۆڵینەکان و کلۆنیی چەند هەزار پەلەوەری میوانی زرێواری مەریوان، ژیان و دابونەریتی زستانی گوندنشینان، دیمەنە چێژبەخشە کوێستانییەکان و گەشانەوەی بازاڕگەلی خۆجێی بەشێکن لە دەفرایەتی گەشتیاری زستانی کوردستان.
زستان و پیاسە لە سەر توێژی سەهۆڵینی دەریاچەی زرێوار
زستان کە دێت و رۆژانی ساردی بەفرانبار دەردەکەوێت، یەکێک لە جوانترین ڕاکشە گەشتیارییەکانی کوردستان و رۆژئاوای ئێرانیش جوانەکانی دەکاتەوە، چونکە توێژی سەرەوەی دەریاچەی زرێوار بە تەواوەتی دەیبەستێ و خەڵکی بۆ دیتنی ئەو دیمەنە دڵڕفێنە تەنانەت ئامادەن بە سەر ئەو توێژە سەهۆڵینەدا پیاسە بکەن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و پاش هەڵکردنی سەرمای تاقەتپڕوکێنی پارێزگای کوردستان، توێژی سەرەوەی دەریاچەی زرێوار بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک دەیبەستێ و جگە لە خەڵکی مەریوان، ژمارێکی زۆری خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت پارێزگاکانی دیکەی وڵات بۆ دیتنی ئەو دیمەنە ڕادەکێشرێنە ئەو شوێنە. لەمناوە بایسکڵسواری لە سەر سەهۆڵی زرێوار کە لەو کاتەدا وەک نگینی کوردستان دەدرەوشێتەوە، بازاڕێکی گەرمی دیکەی بەزمی زستانی ئەم پارێزگایە.
جوانییەکانی کوردستان لە وەرزی زسیان تەنیا بە بەفر و گەمەی زستانی نەبەستراوەتەوە. تەنیا ئەوەندەیە کە زستان و بەفر بیانوویەکە بۆ بەڕێوەچوونی ئایینگەلی مەزهەبی و جەژن و شادی بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی کەونارایی لە زستانی هەورامان
ئایینی پیرشالیار لە شاری هەورامانی سەر بە شاری سەوڵاوا ناسراوەترین ڕێوڕەسمی زستانی کوردستانە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە دوای دەنگدانەوەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تەنانەت گەشتیارانی دەرەکیشی لە ناوەڕاستی مانگی رێبەنەداندا ڕاکێشاوەتە ئەم ناوچەیە.
دواچوارشەممەی بەر لە ١٥ی رێبەندان جەژنی پیرشالیار بە بەشداریی گرووپگەلی جۆراوجۆری مەولوودی خوێنی و زکری دەروێشانە دەست پێ دەکات و خەڵکی لە دوور و نزیک بۆ بەشداری لەو ڕێوڕەسمە دێرین و شکۆمەندە ڕوو لە هەورامان دەکەن.
بەڕێوەچوونی سێ رۆژ مراسیمی زکر و سەما، دەفژەنی و قوربانی کردن لە هەورامان تەخت دەبێتە هۆی ئەوەی هەرچی ساڵە تۆڕە جۆراوجۆرە گەشتیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە سەرمای سەخڵەتی زستان بە تێپەڕین لە ملە و زەنوێرەکان و لە ژێر شەختە و کڕێوە خۆیان بگەیێننە ئەو ناوچەیە.
زستان کە دێت جوتیاران و وەرزێرانی گوندنشینی کوردستان جەژن و شایی دەگێڕن و بەو هۆیەی وەرزەکانی دیکە بە ئیش و کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، زستان باشترین وەرزە بۆ ژن و ژن خوازیی گوندنشینان؛ بێ گومان شایی و هەڵپەڕکەی ژێر بەفر بە جلی هەزار ڕەنگی کوردییەوە، دیمەنێکی ڕەنگاڵەی دیکەیە کە خەڵکی کوردستان بە بەژنی بەفرین و سپیپۆشی زستانی دەبەخشن.
زستان لە کوردستان جوانی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بە داخەوە دەرفەتی بینرانی بەو هەمووە دیمەن و دوورنوێنەیەوە نەڕەخساوە و نە تەنیا گەشتیارانی دەرەکی، بەڵکوو تەنانەت گەشتیارانی ناوخۆییش بە هۆی نەبوونی زانیاری و ڕاگەیاندنی گونجاو و هاوکات نەبوونی ژێرخانی پێویست لە دیتنیان بێ بەش کراوە.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە بوونی سنووری هاوبەشی زیاتر لە ٢٢٠ کیلۆمەتریی پارێزگای کوردستان لە گەڵ هەرێمی کوردستان باشترین هەلە لە پێناو ئامادەبوون و میوانداریی گەشتیارانی عێراقی، تا بە کەمترین تێچو و هەڵبەت بە زیاترین ئاستی سوود و بەهرە ئەو دەرفەتە وەبەر بهێنرێت.
بۆچوونی ئێوە