وردەکاری پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ ئۆباما/ ٢ ساڵ بۆ ئاژاوەگێڕان لە ئێران پلانیان داڕشتبوو

سەرۆک کۆماری ئێران لە بیست و شەشەمین کۆڕبەندی بیمە و گەشەی بیمە، وردەکاریی پەیوەندی تەلەفۆنیی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکای شی کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار ئەوڕۆ (چوارشەممە) لە ٢٦ئەمین کۆڕبەندی بیمە و گەشەی بیمە ڕایگەیاند: پیشەسازیی بیمە لە هەلومەرجی ئەوڕۆ گرینگایەتی تایبەتی بۆ ئێمە هەیە و ئەگەر بتوانین ئەو پیشەیە پەرە پێ بدەین، ئاسایش و ئاسوودەیی کۆمەڵگاکەمان زیاتر دەبێت.

روحانی به ئاماژە بەوەی کە وڵاتی ئێمە لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە ژێر شاڵاوی مەترسی و گوشاری گەمارۆکان بووینە، وتی: دەوڵەتی یازدە و دوازدە هەموو هەوڵی خۆیان خستبووە گەڕ بۆ پەرەدان بە بیمە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

سەرۆک کۆمار هەروەها ڕوانییە پەیوەندی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی و ڕایگەیاند: ئەو هەنگاوە لە ئەنجامی ئەودا هەڵگیرا کە بەڵێنیمان دابوو لە ماوەی ١٠٠ رۆژدا خەڵکی شایەدی یەکەمین گۆڕانکاریی گەورە لە بواری ڕیسک کردندا بن. ئەوەش مومکین نەدەبوو مەگەر لە سای پەیوەندی گرتنی دوو سەرۆک کۆمار.

وتیشی: ڕاوێژکاران و هاوڕێیانی من لە سەفەری نیۆیۆرک ڕازییان کردم کە بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکان، وەڵامی ئەو پەیوەندییە بدەمەوە. من لە هۆتێل وەڵامی پەیوەندییەکەم ئۆبامام دایەوە و قسە کردنمان چارەکێکی خایاند و وەک لۆکۆمۆتیوێک بووە پاڵنەرێک بۆ دانوستانەکان.

ڕاشیگەیاند: ئێمە دەوڵەتی نەبووین کە خۆمان لە بەرپرسایەتییەکان بدزینەوە. من دەمزانی ئەگەر لە نیۆیۆرک وەڵامی تەلەفونی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بدەمەوە، لە فرۆکەخانەی مێهرئاباد دەدرێمە بەر پلاری کەوشە کۆنی زێدەگەران و من ئەوەشم بە گیان کڕییەوە و تەنیا بیرم بە لای ئەنجامی گەورەی دانوستانەکان بۆ گەلی ئێران بوو.

ڕۆحانی بیری هێنایەوە کە لەو گفتوگۆ تەلەفونییەدا جەخت لەوە کراوە کە ئێمە چوارچێوەکان دیاری بکەین و ئێمە سێ پرسمان ئاراستە کرد کە سەرەکی‌ترینیان پرسی ناڤۆکییە و ئەوە بووە هۆی ئەوەی لە کەمتر لە ١٠٠ رۆژدا ڕێککەوتنی کاتیی ژێنێڤ مسۆگەر بوو. پاش ئەو ڕێککەوتنە کاتییە گەمارۆکان لە زۆربەی بوارەکاندا و لەوان ئازاد کردنی پارەی بلۆکە کراوەی بانکەکان هەڵگیرا.

سەرۆک کۆمار وتیشی: یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی ڕێککەوتن ئەوە بوو کە ئێران مافی پیتاندنی لە ناوخۆ هەیە و ئەوە گرینگترین دەسکەوت لە ماوەی ١٠٠ رۆژەی دانوستان بوو و ئەوە بۆ هیچکەس جێی بڕوا نەبوو.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە گوشاری زایۆنییەکان و عەرەبستان بۆ دواخستنی ڕێککەوتنی کۆتایی بەرجام دا و ڕاشیگەیاند: ئەو دووە هەمان هۆکاری سەرەکین کە بۆ کشانەوەی کۆشکی سپی لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆکان و لایان وابوو بەو کارە دەبنە هۆی ڕووخانی نیزام و بەڵێنیان بە واشنتۆن دابوو کە لە ژانیڤەی ئەوساڵدا لە تاران دەبن و بۆ ئەو مەبەستە ٢ ساڵ پلانیان داڕشت.

ڕۆحانی بیریشی هێنایەوە کە ئەوە لایەنی بەرامبەر بووە کە لە بەرجام کشایەوە نەک ئێران و زیادی کرد: ئێران لە گەڵ ٦ دەسەڵاتی گەورەی جیهانی گرێبەستی واژۆ کرد کە هەر خۆیان گرێبەستەکەیان پێشێل کرد و ئێمە هێشتا پێی پابەندین، تەنانەت کەمکردنەوەی پابەندییەکانیش کە لەم دواییەدا ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی بەرجام بووە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش دا: لە ڕاستیدا ئەمریکا دەیەویست باری سەر شانی خۆی بخاتە سەر شانی ئێران و دەیانەوت کە ئەوە ئێوەن کە حازر بە دانوستان لە گەڵ ئەمریکا نین و ئەگەر ئەوە هەنگاوە هەڵگرن هەموو گەمارۆکان لادەبرێن. لە وەڵامدا پێم وتن ئێوە هەموو گەمارۆکان هەڵوەشێننەوە، ئێمە بێ سێ و دوو دانوستان دەکەین.

ناوبراو جەختیشی کرد: گەمارۆکان مەترسی‌سازن چونکە زیان بە هەناردە و هاوردە و سەرمایەدانەری دەگەیێنن و دۆخەکە تا ڕادەیەک نائاسایی دەبێت و پێویستە لەو هەلومەرجەدا دەزگاکانی وەک بیمە هەنگاوی بەرز هەڵگرن و هەوڵی سڕینەوەی مەترسی و کێشەکان بدەن.

ڕۆحانی بە پێداگری لەوەی کە لە گەڕانەوەی گەمارۆماندا ئێران خەتابار نییە و ئەوە لە ئەنجامی دەنەدانەکانی زایۆنی و وڵاتانی دواکەوتووی ناوچە بووە، ڕایگەیاند: ئێمە دەلاقەی دانوستانمان دانەخستووە و ئەگەر ئەوان ئامادەی وەلاوەنانی گەمارۆکان بن، ئێمەش ئامادەی گفتوگۆ کردن و دانوستان تەنانەت لە ئاستی سەرکردەکانی ۱+۵ین و ئەوە بە ڕاشکاوی دەڵێین.

News Code 29679

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 9 =