بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، د.مەحموود عەرەبۆ، سەرکردە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە ۵-۱۲-۲۰۱۹، شاندێکی ئەنەکەسە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە".
ئەو سەرکردەیەی (پەدەکەسە) لەبارەی گرنگی سەردانەکە دەڵێت "سەردانەکە گرنگە، چونکە هەردوولا لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ دەکەن و تاوتوێی هێرشەکانی تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکە لە تورکیا دەکەن. هەروەها باسی دۆخی ئاوارەکان دەکرێت کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و لە ناوچەکانی دیکە نیشتەجێبوون".
د.مەحموود عەرەبۆ ئاماژە بەوەش دەکات کە بڕیارە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی مژاری لیژنەی دەستووری نوێی سووریا بکرێت و جەخت لە سەپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بکرێتەوە.
بەگوتەی د.مەحموود عەرەبۆ، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا شاندی ئەنەکەسە جەخت لەسەر بەدەستهێنانی پشتگیری زیاتری رووسیا بۆ جێگریرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێ و پێشخستنی پەیوەندییەکانی ئەنەکەسە و رووسیا دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو شاندەکە لە ئیسماعیل عەساف، کامەران حاجۆ و ئیبراهیم برۆ پێکدێن.
بۆچوونی ئێوە