هاجەرە خاتوون؛ زیارەتگەی خاتوونێک لە بنەماڵەی پێغەمبەر

هاجەرە خاتوون خوشکی ئیمام ڕەزا و کچی ئیمام مووسای کازم (دخ)ـه کە لە سەفەری ئیمام ڕەزا بۆ خوراسان کۆچی دوایی کردووە و لە گەڕەکی کۆنی "سەرتەپۆڵە"ی شاری سنەدا ئەسپاردە کراوە و ئەو شارەی پیرۆز کردووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی: لە گەڕەکی سەرتەپۆڵە، لە شەقامی سەلاحەدین ئەیووبی شاری سنە کە دەگەیتە بەر بینای حەرەمی هاجەرە خاتوون، یەکەمین شتێک سەرنجت ڕادەکێشێ، قوفڵی چکۆلەی بەستراوە بە زەنجیری ئەستووری دەرگای دەرەوەیە کە بە پێی عادەت و باوەڕی ئایینی خەڵکی ئەو شارە بۆ وەرگرتنی نیاز و حاجەت کراوە و بوونی زەنجیر و بەستی دەرگا بەو مانایە کە ئەگەر کەسێک پەنا بباتە بەر ئەو شوێنە پیرۆزە، لە ئەمانە و پارێزراوە.

شوکروڵڵای سنەیی لە توحفەی ناسرییەدا لەبارەی ئەو بارەگایە دەنووسێت: لە گەڕەکی تەپۆڵەی چکۆلە مەزارێک بە ناوی هاجەرە خاتوونی خوشکی ئیمامی هەشتەم، ئیمام ڕەزا (دخ) هەڵکەوتووە کە شوێنی زیارەتی هەمووانە. ئەڵڵا یەعقووب ناوێک لە تەنیشتی مزاری ئەو حەزرەتە مزگەوتێکی چکۆلەی ساز کردووە و بە مزگەوتی هاجەرە خاتوون ناسراوە. دواتر حاج شێخ شوکروڵڵا وەک شێخێکی ئیرشاد و مامۆستای تەریقەی نەقشبەندی لەو مزگەوتەدا جێگر دەبێ و بە تەواوی نۆژەنی دەکا و پەرەی پێ دەدات و ئێستا لە سای ڕیزی خاوەن مزارەکە و ناوبانگی حاجی شێخ شوکروڵڵا مزگەوتەکە بۆتە بەست و هێمنگەی دەرەوە و ناوەوەیە و تاقمێکی زۆری دەروێشان و ڕیازەتکێشان تێیدا نیشتەجێن و بۆتە تەکیەی هەژاران، غەریبان و بێ کەس‌وکاران و تەواو چێشت و نان و تیتۆڵی لە کە بریتییە لە رۆژانە ٥٠ مەن نانی ویشک جگە لە خۆرشت و پێداویستییەکانی دیکە ئەستۆی شێخ شوکروڵڵایە".

حەرەم پێکهاتووە لە سێ حەوشە بە فەزاگەلی مەزارین، مزگەوت و شوێنی ئەسپاردە کردنی شێج و مەشایخ و گەورەکانی شاری سنە و بخاوەن دوو دەرگا لە گۆشەی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتە کە دەکەوێتە سەر بازاڕچەی سەرتەپۆڵە.

ئەم شوێنە پیرۆزە وەک لە کتێبی مێژووی مەردووخدا ئاماژەی پێ دراوە، بە هۆی ئیرادەتی خەڵکی بە بنەماڵەی پیرۆزی ئەهلی بەیت لە جێ جێی ئێران باغ و زەوی و زارێکی زۆری بۆ وەقف کراوە کە داهاتیان تەرخانی نۆژەن کردنەوە و خەرجی میوانان و خزمەتکاران و مجێوەرەکانی دەکرێت.

کاتێک هەنگاو دەنێتە ناو حەوشەی حەرەمەوە دەنگی دڵگری دەف ڕۆحت بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و بینایەکی کۆن و دێرینی یادگاری سەردەمی قەجەری دەبینی کە داڕشتەی هەیوانی ئەستوون‌داری تەنیشتی باشووریی بیرهێنەرەوەی شیوازی نژیارڤانیی کوردستانییە و شێوەی تایبەتیی گەچبڕی و نەخش و نیگاری هەڵکۆڵراوەی جوانیی چەند هێندەی بەخشیووە بەو حەرەمە.

لە حەرەم هەنگامە و سەڵایەکی تایبەتی دەبیسترێت و وادیارە خاتوونێک ڕێوڕەسمی مەولوودیی لەو شوێنە پیرۆزە گرتووە و دەنگی سەمای دەفی ئەو ڕێوڕەسمە بەرەکەتی مەولوودی بە سەر خەڵکانی دیکەدا دەبارێنێ.

لەولاوەتر خانمێک لە پەنای زەریح نقوڵ و نەباتی موتفەرک کراوەی بە ناو خەڵکیدا دابەش دەکات و تاقمێکی دیکە خەریکی گرێ دانی شاڵی سەوز هیندەی ئاوات و نیازیان بە زەریحەوەن و داوای وەدی هاتنی حاجەت و ڕەوایان لە رێگەی خاتوونی خۆر لە خودای مەزنن.

کە لە خاوەن ڕێوڕەسمی مەولوودییەکە هۆی بەڕێوەبردنی ئەو مراسیمە لە ماڵی هاجەرە خاتوون دەپرسی، دەڵێ: ساڵانێکە دوور کێشە و گرفتێک هاتە سەرڕێم و لە عالەم و ئادەم ناهومێد مام و دەستەوداوێنی بارەگای خاتوون بووم و ناهومێد لە دەرگای نەچوومەوە. ئێستا چەند ساڵە لەو کاتە تێدەپەڕێ و من هەموو ساڵێک لەم ماڵە پیرۆزە مەولوودی دەخوێنم تا زیارەتکارانێک کە ڕوو لێرە دەکەن لە مولوودییەکە و زیکر و ناوی خودا بەهرەمەند بن و هیوادارم بە حەقی ئەو خاتوونە بەرزە حاجەت و نیازی هەمووان وەدی بێت.

لە ناو قەرەباڵغی دەنگەکان دەنگی شین و گریان ژنێک سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت؛ ژنە دەگری و هاوار و داوا دەکات دۆعای خیڕی بۆ بکەن و تێکرای خەڵکی ناو حەرەم بە دەنگی ئەوەوە دەگرین و دۆعای بۆ دەکەن. کە لە هۆی گریانی ژنە دەپرسم، ژنێک لەولاوەتر دەڵێ: چەند مانگێکە کۆڕەکەی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ چۆتە کۆماوە و هێشتا بە هۆش نەهاتۆتەوە و ئەو ژنە پیرە دەستەوداوێنی هاجەرە خاتوونە و هەموو رۆژێک دێتە ئێرە و شەفای کوڕەکەی لێ داوا دەکات.

ئێرە شوێنێ عاشقان و بێ هیوایان و دڵ بڕوانە و هاجەرە خاتوون، ئەو خاتوونە پیرۆزە دەرگای حەرەمی بە ڕووی هەزاران کەسی هیوا بڕاوە کراوەتەوە و هەر کەسەو لە گۆشەیەک دەستەوداوێنی زەریحی حەرەمەکەیەتی.

کە لە حەرەم دێیتە دەرێ، دەرەوەی حەرەمیش ڕێک وەک ناو حەرەم گەرم و سەرنج ڕاکێشە و لەوێشدا پیاوان و ژنان بە دڵ و بە گیانەوە گوێیان داوەتە دەنگی ئاسمانی و ڕۆحانی دەف و قورئان و دوعای ناو حەرەم و لە دوورەوە داوای حاجەت و نیازیان لەو خاتوونە نوورانییە دەکەن.

خەڵکی بە ئیمانی شاری سنە هەرچی ساڵە لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی و لەدایکبوونی ئیمام ڕەزا (دخ) برا گەورەی هاجەرە خاتوون، سەردانی ئەو شوێنە پیرۆزە دەکەن و لە رێگەی ئەو خاتوونەوە دەستەوداوێنی ئیمام ڕەزا (دخ) دەبن.

بارەگای هاجەرە خاتوون یادگاری سەردەمی قەجەرییە و مزگەوتێک لە تەنیشت هاجەرە خاتوون بە ناوی "مەلا یەعقووب" چێ کراوە کە بە مزگەوتی هاجەرە خاتوون ناسراوە؛ خوالێخۆشبوو حاجی "شێخ شوکروڵڵا" باوکی حاجی "شێخ عەبدوڵڵا" نۆژەنی کردۆتەوە و خوالێخۆشبوو حاجی "جەلالی" منداڵی خوالێخۆشبوو محەمەد سادق دانگێک لە دووکانەکانی پاساژی شابازیی وەقفی مزگەوتی هاجەرە خاتوون کردووە.

مزگەوت و زیارەتگەی هاجەرە خاتوون کە یەکێک لە گرینگترین مزگەوتەکانی شاری سنەیە، لە لایەن عارفی گەورە "حاجی شێخ شوکروڵڵا"ی ناسراو بە "شابازی سنەدێژ" نۆژەن و بەربڵاوتر کراوە و وەقفێکی زۆری بۆ ئەو کۆمەڵە لەبەر چاو گرتووە.

ئەم شوێنە سەردەمانێک جێی دەرس و وانەی ئایینی و فەقێ و مەلایان بووە و بە تایبەت ساڵێکی نە زۆر دوور خوالێخۆشبوو خەلیفە عەلی ئەکبەر خەرازی درۆشی شەمسئەدینی و پاشان خوالێخۆشبوور ئوستوواری سوپای دەستەی سەراج (سەنیعی) لەو مەزارگەدا کلاسی قورئانیان بووە کە تا ئێستاشی لە سەر بێت، کلاسەکان بەردەوامن.

شایانی باسە کە بە ئاوردانەوە لە پۆتانسیەلی گەشتیاریی ئەو شوێنە پیرۆزە، بەوجۆرەی کە پێویستە ئاوری لێ نەدراوەتەوە و بە نیسبەتی شوێنە پیرۆز و موتفەرکەکانی شاری سنە و شارەکانی دیکەی وڵات تا ڕادەیەک پشت‌گوێ خراوە و بە کەمتەرخەمی لە گەڵیدا جووڵاونەتەوە.

ئەگەرچی ئەو شوێنە پیرۆزە لە خۆیدا یەکێکە لە گرینگترین شوێنە ئایینی و گەشتیارییەکانی شاری سنە و خەڵکانێکی زۆر لە جێ جێی ئێران دێنە زیارەتی ئەو خاتوونە ئاسمانییە و بە دڵێکی پڕ باوەڕ و ئیمانەوە سەردانی دەکەن.

News Code 29600

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 9 =