عەمارەتی ئاسەف؛ هێمایەک لە شوناسی کورد

عەمارەتی ئاسەف یان یانەی کورد لە سنە هێمایەکە لە شوناسی فەرهەنگی گەلی کورد و خەزێنەیەکی جەماوەرناسیی کوردانە کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەفەوی لە لایەن "ئاسەفی گەورە" (میرزا عەلی نەقی خانی لەشکەرنووس) بنیات نراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی فەرهەنگی: عەمارەتی ئاسەف کە بە یانەی کورد ناوی لێ دەبرێت؛ هەمان عەمارەتی مێژوویی بە نژیارڤانیی تایبەتی لە شەقامی شاپوور لە نزیکی مزگەوتی دارولئیحسانی شاری سنەیە کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی سەفەوی و فۆڕمی نژیارڤانیی جێ پەنجەی سێ سەردەمی سەفەوی، قەجەری و پاڵەویی پێوە دیارە و ئێستا وەک مۆزەخانەیەک ئاوڕی لێ دەدرێتەوە کە پێکهاتووە لە نیگارخانە و هاتنگە، حەمام، ژوورگەلی تایبەتی ژیانی شاری، قوتابخانە، تەون‌چنی، خشڵ و جەواهر، بەشی کشتوكاڵ، پیشە و تەکنیکەکان، بەشی بەڵگە و وێنەگەلی مێژوویی، ژووری خان، بەشی جل و بەرگ، ژووری ڕاو، ژووری پیشەگەلی دەستی، متبەخی ژیانی گوندی، کتێبخانە و ناوەندی بەڵگە و دایکۆمێنت لە ڕووبەڕێکی نزیکەی ٤ هەزار مەتری دووجا.

ئەم عەمارەتە خاوەن چوار حەوشەی سەرەکی یان دەرەوەیی، ناوەوەیی، حەوشەی متبەخ و حەوشەی خزمەتکارانە کە هەرکام بەستێنی تایبەت بە خۆیان هەیە و گێڕەوەری چوار قۆناغی مێژوویین؛ قۆناغێ یەکەم کە تایبەتە بە بەشی باکووریی عیمارەت پێکهاتووە لە تەلاری ڕێوڕەسمەکان، ژوور و ڕێڕەوەکان و بەشێک لە لای رۆژهەڵاتی کە هەر لە سەردەمی سەفەوی چێ کراون. قۆناغی دووهەم کە تایبەت بە نیوەی یەکەمی دەسەڵاتدارێتی قەجەری گۆشەگەلی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی حەوشەی دەرەوەیی و حەمامی عەمارەت ساز کراوە و لە قۆناغی سێهەم واتە لە نێوان ساڵەکانی ١٣١٢ تا ١٣١٦ی هەتاوی (کۆتاییەکانی دەسەڵاتی قەجەری) فەزاگەلی ناوەوەیی، سەردەرانەی هاتنگەی نیوهەشتی و پێوە زیاد کراوە و بەشی رۆژئاوایی تەلاری ڕێوڕەسمەکان لەو قۆناغەدا نۆژەن کراوەتەوە و لە قۆناغی چوارەم واتە لە نێوان ساڵەکانی ۱۳۷۸ تا ۱۳۸۲ی هەتاوی هەموو بەشيکانی عیمارەت نۆژەن کراوەتەوە و بەردەکانی حەوشەی سەرەکی و حەوشەی خزمەتکاران گۆڕاون و داڕێژراونەتەوە و هەر لەو قۆناغەدا (ساڵی ١٣٧٥) بە ژمارەی ١٨٢٢ لە لیستی ئاسەوارە نیشتمانییەکاندا تۆمار کراوە.

حەوشەی سەرەکیی عیمارەت فۆڕمێکی چوارگۆشەی هەیە و هەیوانی ئەو حەوشەیە بە شێوازی نژیارڤانیی ئیسفەهانی داڕێژراوە. لە ناوەڕاستی حەوشەدا ئاونمایەکی لێیە کە ڕاست لە بەرامبەر تەلاری سەرەکی لە گۆشەی باکووریی حەوشە و لە تەنیشت باخچەیەکی دڵڕفێن سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

کاتێک هەنگاو دەنێیە ناو تەلاری سەرەکی لە کەشێکی ڕەنگاڵەدا کە لە سای پەنجێرەکانی تەلار و تیشکە هەمەڕەنگەکانی ساز بووە، خۆت لە جیهانێکی دیکەدا دەبینیت؛ جیهانێک بە هەیوانی تایبەتی لە سەر ئەستوونی دارینکە سەرئەستوونەکانی بە هونەری موقڕەنسکاری ڕازاوەتەوە و بن میچێکی گومبەزی‌ئاسا جوانیی تەلارەکەی دوو هێندە کردووە.

لەمبەر و ئەوبەری ئەو تەلارە دوو ڕێڕەوگە بە دەرگای تۆناتۆنی هەڵکەوتووە و هەموو ڕووبەری تەلارەکە بە هونەری گەچبڕی و ئۆرسییەکی زۆر جوانی خاوەن نەخش و نیگاری ئیسلمی سەرنجەکان ڕادەکێشن.

عیمارەتی ئاسەف لەو کاتەوە بینایەکی کەسێنی و شوێنی ژیانی بنەماڵەی ئاسەف وەزیری بووە، تا ئێستا گۆرانی زۆری بە سەردا هاتووە و شایەدی زۆر گۆرانکاریی گرینگی فەرهەنگی و مێژوویی بووە، هەر بۆیە ئەوڕۆ وەک عیمارەت و یانەی کورد لە شاری سنە دەیناسن و بە هۆی تایبەتی بوونی بینا و نژیارڤانیی لای تەواو لایەنگرانی ئەم فەرهەنگە و هونەر و مێژووی ئێرانی ناسراوە و هەرچی ساڵە لە رێگەی دوور و نزیکەوە گەشتیاران و لایەنگرانی بانگهێشتی بەسەرکردنەوەی بەسەرهاتەکانی دەکات.

ئەم عیمارەتە لەو کاتەوە خرایە ژێر چاوەدێریی میراتی فەرهەنگی بووە ڤیترین و هێمایەک بۆ هونەر و شوناس و شێوازی ژیانی گەلی کورد و بە پەیکەرە و کۆتەڵ و وێنەی مێژوویی رازاوەوە. لەمناوە بەشی ناوەدارانی کورد کە بەرهەمی هونەریی هادی زیائەدینی هونەرمەندی ناسراوەی کوردی سنەییە، یەکێکە لە بەشە تایبەتییەکانی عیمارەت کە پەیکەرە و کۆتەڵی چەندین کەسایەتی گەورە و ناوداری کوردی لە خۆ گرتووە؛ کەسایەتیگەلێک کە هەرکام ڕۆڵێکی گرینگ و بەرچاویان بووە لە پێشخستنی فەرهەنگ و مێژووی کورد و گەشەی شاری سنە. ئەوە سەرەڕای بەشی جەماوەرناسی و مرۆڤ‌ناسیی یانەی کوردە کە دەوڵەمەندە بە هەموو جۆرە کۆتەڵ و پەیکەرە و هێما و ئاسەواری جۆراوجۆری فەرهەنگی و مێژوویی کوردەکان.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بینایە ڕەچاو کردنی هەلومەرجی هەرێمی و بە کار هێنانی لە نژیارڤانیەتی. واتە بەو پێیەی شاری سنە لە ناوچەی کوێسانی هەڵکەوتووە و داڕێژەرانی بیناکە بۆ پاراستنی دانیشتووان لەو سەرما و سەخڵەتییە خۆیان بواردووە لە فۆڕمگەلی کراوە کە تێیدا گۆشەی باکووری و باشووری بەرزترن لە گۆشەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی و لە بری ئەو کارە ڕوویان لە فۆڕمی چڕ و پلانی چوارگۆشەیی ناوە. یانەی کورد لەو فۆڕمەدا بە شێوەی دوو نهۆمی شەش‌پاڵوویی داڕێژراوە کە لە خۆیدا باشترین فۆڕمە بۆ کۆنتڕۆڵی گەرمای ناوخۆیی لە زستاندا. بەشی سەرەکیی بینا بۆ بەهرە وەرگرتنی زیاتر لە تیشکی هەتاو لە باکووری حەوشە و ڕوو لە قیبلە چێ کراوە و بۆ کەم کردنەوەی سەرما لە زستاندا لە دیوار و تیڕغەی ئەستوور و میچی دووتوێژی کەڵک وەرگیراوە.

هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکە و سەرنج‌ ڕاکێشی یانەی کورد بوونی یەکەمین حەمامی تایبەتی شاری سنە لەو عیمارەتەیە کە لە سەردەمی قەجەری و بە نمانە وەرگرتن لە فۆڕمی ئیسفەهانی داڕێژراوە و خاوەن ئەستوونگەلی بەردینی داتاشراوە بە جوانکاریی قسڵ و کاشییە.

News Code 29501

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 8 =