تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردەکانی سووریا؟

سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو لە ماوەی رۆژانی داهاتوو لە رۆژهەڵاتی فورات لە دژی کورد، هەواڵی دا، بەڵام دەبێ چاوەروان بین بزانین ئەو هەڕەشەیە دەچێتە قۆناغی کردەوە یان نا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوو رۆژ لەوە پێش (٥ی ئاکتەوبری ٢٠١٩) ڕایگەیاند: بۆ جێگر کردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریادا ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی ئەنجام دەدەین و ئێمە بۆ ئەنجام دانی ئەو ئۆپەراسیۆنە تەواو ئامادەین و پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فوراتمان تەواو کردووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیشی کرد کە فەرمانی پێویست بۆ ئەنجام دانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە رۆژهەڵاتی فورات دەرکراوە.

پاش لێدوانەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی فورات لە دژی شەڕڤانانی کوردی پاڵپشتکراوی ئەمریکا، گرتەگەلێکی ڤیدئۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیزیۆنی نیشتمانی تورکیا بڵاو بۆتەوە کە نیشان دەدا ئەو وڵاتە خەریکی ڕەوانە کردنی هێزی سەربازی بۆ سەر سنووری سووریایە.

دەیان فیلم و گرتەی هەڵگیراوە لەو کاروانە سەربازیانە پاگەندەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئامادەیی ئەو وڵاتە لە پێناو کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە خاکی سووریا و لە درێژایی سنوورەکانی تورکیا "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا" پشت‌ڕاست دەکاتەوە.

کەناڵی دەوڵەتیی TRTی تورکیاش پشت‌ڕاستی کردەوە کە ئۆتۆمبیلگەلی زیرەڤانی و هێزەکانی چەکداریی زیاتر ڕەوانەی شاری ئاقچەقەڵای تورکیا لە ڕووبەڕووی شاری "گردێ سپی"ی سووریا کراون. هەروەها چەندین گرتەی ڤیدئۆیی بڵاوبۆوە لە سەر تویتەر دەیان ئۆتۆمبیل و پاسی سەربازی نیشان دەدەن کە دەوترێت هەڵگری هێزی سەربازین و بەرەو سنوورەکانی تورکیا و سووریا دەڕۆن.

پێنج شەممەی ڕابردووش مەولوود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا وتبووی گومان ناکات هەوڵەکان لە گەڵ ئەمریکا بۆ کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا بە ئەنجام بگات و وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ویستی خۆیان ئامادەی هێرشی سەربازین.

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و تورکیا لە بابەتی کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتری سووریا بە بێ بوونی هێزێکی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل، ڕێککەوتبوون. ئەنقەرە ئەو یەکینانە بە لقێکی پەکەکە دەزانێ و وەک تیرۆریست ناویان لێ دەبات، بەڵام واشنتۆن بە هاوپەیمانانی ستراتژیکیی خۆی دەزانێت.

پاگەندەکان سەبارەت بە سنووربەندی یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی سووریا لە کاتێکدایە تورکیا و ئەمریکا بۆ ئامادەبوون لەو وڵاتە، هیچکام مۆڵەتیان لە دەوڵەتی دیمەشق وەرنەگرتووە.

بە ئاوردانەوە لەو هەلومەرجە، پێدەچی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ گۆڕانکاریی ونێیە؛ ئەوە هەمان شوێنە کە کوردە پاڵپشت کراوەکانی ئەمریکای لێیە و ئەنقەرە هەڕەشەی سەربازیی لە دژیان کردووە. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە دیمەشق ئامادە بوونی سەربازیی ئەمریکا و تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی بە ناڕەوا و نایاسایی دەزانێ.

هەروەها ماوەیەک لەوە پێش بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا جەختی کرد کە کوردەکانی باکووری سووریا دوو بژێرەیان لە بەردەمە؛ یان بگەڕێنەوە بۆ باوەشی دەسەڵاتی سووریا یان بە توندی هەڵسوکەوتیان لە گەڵدا دەکرێت.

گرینگیی رۆژهەڵاتی فورات

رۆژهەڵاتی فورات خاوەن گرینگترین و گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی لە باری ڕووبەر و بەرهەم هێنانە، بە تایبەت کە کێڵگەی نەوتی عەمەر بەر لە ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژدا بەرهەم هێناوە.

ڕەقە بە تەنیای لە سەدا ٧٠ی سەرچاوە ئاوییەکانی سووریای لە خۆ گرتووە و ئەو ناوچەیە هەروەها خاوەن زەوی و زاری دەوڵەمەند و شوێنی چاندنی گرینگترین بەربوومەکانی کشتوکاڵی سووریایە. ڕووبەری ناوچەی ستراتژیی رۆژهەڵاتی فورات نزیکەی یەک لە سەر سێی سەرزەوینی سووریایە و بە خوانی خوارکی و ئابووریی سووریا دێتە ئەژمار.

ئەو ناوچەیە لە سەدا ٩٠ی داهاتی نەوتی و گازی سووریا و نزیکەی نیوەی گەنم و لۆکەی سووریای لە خۆ گرتووە. پارێزگای دیرەزور لە رۆژهەڵاتی فورات دووهەمین پارێزگای سووریا لەباری ڕووبەر (نزیکەی ٣٣ هەزار کیلۆمەتری دووجا)ـه. زۆربەی بەرهەمی نەوتی سووریا لەو ناوچەیە و خاوەن دەوڵەمەندترین سەرچاوەی گازیی سووریایە.

ئایا ئەردۆغان هەڕەشەی خۆی لە دژی کوردەکان بە ئاکام دەگەیێنێت؟

"رای الیوم" لە یادداشتێکدا لەوبارەیەوە نووسی: "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی زەوینی و ئاسمانیی بۆ کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە رۆژهەڵاتی فورات کردووە و ڕایگەیاندووە کە پلانەکان لەوبارەیە داڕێژراون و فەرمانی هێرشی دەرکراوە و ئەو هێرشە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت".

بە گوێرەی ئەو میدیایە: ئەوە یەکەم جار نییە کە ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات و هۆی ئەو تووڕەییەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕانەپەڕاندنی بەڵێنەکان لە لایەن ئەمریکاوە. ئەو هێزە کوردانەی ئەمریکا پاڵپشتیان لێ دەکات، لە ڕوانگەی ئەردغانەوە لقی سەربازیی پەکەکە و تیرۆریستن و ئەوە نیشاندەری لوتکەی قەیرانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیایە کە پاش کڕینی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا بەوپەڕی خۆی گەیشتووە.

"رای الیوم" ئاماژەی بەوەش داوە: نازانین کە ئەو هەڕەشانە وەک ڕابردووە یان هەولێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەمریکا و خێرایی بەخشین بە ڕەوتی کردنەوەی ناوچەی ئەمن یان دەیەوێ هێرشی یەک لایەنە و داسەپاندنی هەلومەرجی مەبەستی خۆی بە ئاکام بگەیێنێت؟ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایانگەیاندووە کە بەرەنگاری تورکیا دەبنەوە و ئەو هەڵویستە بە بێ گەڕەنتی پاڵپشتیی ئەمریکا مومکین نییە، بە تایبەت کە لە ناوچەدا زیاتر لە ٢٠٠٠ هێزی ئەمریکی لێیە.

ئەو میدیایە زیادیشی دەکات: پرسیارگەلێکی وەک ئەوەی کە ئایا هێزەکانی ئەمریکی تەڤلی کوردەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تورکیا دەبن یان نا؟ یان هەڵویستی دەوڵەتی سووریا هەمبەر بەو هێرشە چیە؟ ئایا پاڵپشتی هیزەکانی تورکیا دەبێ یان بێ لایەنی دەگرێتە بەر و تەنیا چاودێریی دۆخەکە دەکات؟ لە ئارادیە. ئێمە لە سەر ئەو باوەڕە نین کە ئەردۆغان ڕوو لە بژێرەی سەربازی بکات و خۆی تووشی شەڕێکی درێژخایەن لە گەڵ کوردەکانی پاڵپشتکراوی ئەمریکا بکات.

بە وتەی "رای الیوم"، ڕەنگە دەوڵەتی سووریا هەڵوێستێکی تایبەتی نەگرێتە بەر، چونکە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان تورکیا و هەسەدە و ئەمریکییەکان بە قازانجی خۆی دەزانێ، بە تایبەت کە هێزەکانی هەسەدە هەموو ڕێککەوتنەکانیان پێش کردووە و چوونەتە بەرەی ئەمریکا و چیتر متمانەیان پێ ناکرێت. گرینگتر لەوە دەوڵەتی سووریا حەز بە پاراستنی دەسکەوتە مەزنەکانی خۆی واتە کردنەوەی ڕێڕەوگەی سنووریی ئەبووکەماڵ لە گەڵ عێراق بۆ تێکشکاندنی گەمارۆکان دەکات و چاوی لە بازاڕی عێراق بۆ مامەڵە لە گەڵ سووریایە. یەکەمایەتیی ئێستای دیموشق وەرگرتنەوەی ئەدلەب و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی گرووپگەلی تیرۆریستی بە سەر ئەو ناوچەیە و دۆسیەی رۆژهەڵاتی فوراتی داناوە بۆ داهاتوو. بە تایبەت کە رۆژهەڵاتی فورات خاوەن خەزێنەی نەوتی و گاز و بەربوومی کشتوکاڵییە. هەشت ساڵی ڕابردوو ئاستی لێکدانەوەی وردبینانە و ستراتژیی دیمەشقی ڕوون کردۆتەوە".

بێ گومان ئاشکرایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات پاش ئەوەی کە سوپای سووریا زۆربەی ناوچەکانی گەڕاندەوە بۆ باوەشی دیمەشق؛ بۆتە کانوونی جیدیی سەرنجەکان. بە تایبەت کە بەرپرسانی سووریا بەردەوام جەختیان لە زەروورەتی کۆنتڕۆڵی دیمەشق بە سەر هەموو سەرزەوینی ئەو وڵاتەدا کردووە. بەڵام هەر جۆرە هەڵمەتێکی سەربازیی تورکیا لە رۆژهەڵاتی فورات دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەنقەرە لە زەڵکاوی سووریادا نوقم بێت. واباشە تورکیا لە بری هەڕەشە و هێرش کردن، بگەڕێ بە دوای بژێرەیەکی دیکەدا. هەڵبەت بە بڕوای شرۆڤەگرانی ناوچەکە تورکیا ڕوو لە هێرشی سەربازی ناکات و ڕەنگە زۆرتر هەوڵی باج گرتن لە ئەمریکا بۆ کردنەوەی ناوچەی ئەمن دەدات؛ بەلام بەوەشەوە دەبێ چاوەروان بین و بزانین چ گۆڕانکارییەک لە رۆژهەڵاتی فوراتدا ڕوو دەدات.

News Code 28717

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha