ئەمریکاییەکان بۆ دیدار دەپاڕانەوە/سیاسەتی گوشاری زۆرینە شکستی هێناوە

ڕێبەری باڵای ئێران وتیان: ئەمریکاییەکان تا کۆتایی هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی کە دیمەنێکی سەمبۆلیک دروست بکەن کە ئێران تەسلیم بووە و سەرۆک کۆماری ئێران ناچار بکەن بەڵام نەیانتوانی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ  ئەندامانی مەکۆی باڵای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی چاویان بە ئایەتوڵڵا خامنەیی  کەوت.

 ئەندامانی مەکۆی باڵای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە گەڵ ڕێبەری باڵای شۆڕش دیداریان کرد.

رێبەری لەم دیدارەدا ئاماژەیان بە زۆر بابەتی ڕۆژەڤ و گرینگی ناوچەکە و جیهان دا و وتیان: ئەمریکاییەکان لە سیاسەتی گوشارخستنی زۆرینەدا شکستیان هێنا. پێیان وابوو کەئەگەر سیاسەتی گوشاری زۆرینە لە سەر ئێران بسەپێت، کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار دەبێت سازش بکات.

ڕاشیانگەیاند کە تا ئێستا زانیویانە کە گوشاری زۆرینە خۆیان تووشی کێشە دەکات و لەم دواییانەشدا بۆ ئەوەی دیمەنێکی سەمبۆلیک بۆ تەسلیم بوونی ئێران دروست بکەن و سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمان ناچار بکەن دیدار بکات، دەپاڕانەوە و هەڤاڵە ئەورووپایەکانی خۆیان دەکردە نێوبژیڤان، سەرکەوتووش نەبوون و ئەم سیاسەتەش شکستی هێنا.

ڕێبەری سەبارەت بە پرسی ناڤۆکیش وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە کەم کردنەوەی بەڵێنەکانمان و دەبێ بە جیدی بەردەوام بین ؛بەرپرسیارێتیەکەش لە ئەستۆی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیە و دەبێ ئەم کەم کردنەوەی بەڵێنانە بە تەواوەتی و ورد، جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەی دەگەین بە ئەنجامێکی شیاو، کە بێ گومانیش هەر دەگەین بە ئەنجامی شیاو.

ڕێبەری سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی سوپا وتی: سوپای پاسداران لە گەرمەی ڕووداوەکانی شۆڕشدا لە دایک بوو، لە سەردەمی بەرەڤانی پیرۆزدا گەشەی کرد و دوای شەڕیش کە سەردەمی پۆلێن بەندی قووڵ و بەرفراوانی سیاسی و فەرهەنگی نێوان شۆڕش و دوژمنەکان بوو، سوپا بێ بەلاڕێداچوون توانی ڕێگای گەشە درێژەپێبدات.

 وتیشیان: سوپا لە دووڕێیانی "بەرزبوونەوە و بەلاڕێدا چوون" دا بە سەربەرزی هاتەدەر و بنەمای شۆناسی خۆی پاراست و بەرەو بەرز چوونەوە ڕۆیشت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی هەر لەمبارەوە ئاماژەیان بە سەردەمی گەشاوە و درەوشاوەی جەهاد و شەهادەت دا و زیادیان کرد: سی ساڵ پاش بەرەڤانی پیرۆز، شەهادەتی قارەمانی بە ساڵاچووی وەک شەهید هەمەدانی و گەنجی تازە پێگەیشتووی وەک شەهید حوجەجی نیشانەی شوناسی سوپا و تازەیی و گەشاوەیی سوپایە.

ڕێبەری بە ئاماژە بە دوژمنییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و بەرەی چەوسێنەری لە گەڵ سوپا ، ڕایانگەیاند:  ئەم دوژمنی کردنە بە هۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی سوپای پاسدارانە و سوپا لە چاو دۆست و دوژمندا بەرزتر دەکاتەوە.

ئەوان وتیان کە سوپای پاسداران وەک ڕۆڵەی منن و سەدا سەد لە سوپا ڕازیم بەڵام بەم ئاستە لە پێشکەوتنیان  ڕازی نابم و پێم وایە ئەم ڕێکخراوە بە گوێرەی توانایی و دەفرایەتییەکانی دەبێ سەد ئەوەندەی ئێستا پێشکەوێت.

ڕێىەری باڵای ئێران لە بەشێکی دیکەی وتەکانیاندا ئاماژەیان دایە پرسە نیودەوڵەتییەکان و ڕایانگەیاند : ئەگەر بە وردی چاو لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بکرێت، دەزانین کە دوژمنەکان هەرچی زیاتر خەرج بکەن، زیاتر خەساریان لێدەدرێت.

 ئاماژەشیان بە تێچووەکانی دوژمن بە تایبەت ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق و سووریا کرد و وتیان: ئەوان بە تێچووی زۆر داعشیان دروست کرد و پشتیوانی لۆجستیکی، دارایی و پڕوپاگەندەییان لێکرد و ئێستا کە بە ورەی گەنجانی سووی، عێراقی و ئێرانی داعش تێکشکاوە، بە درۆ دەڵێن ئێمە لەناومان برد.
زیادیشیان کرد: سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی لەم ناوچەیەدا 7 تریلیۆن دۆلاریان خەرج کردووە بەڵام لە بەرانبەردا جگە لە خەسار و شکست هیچیان دەست نەکەوتووە ولەمەو بەدواش ئەم رەوتە بەردەوامە.
 
 ئایەتوڵڵا خامنەیی  سیاسەتی گوشاری زۆرینەی ئەمریکایان بە سیاسەتێکی شکست خواردوو و بێ ئەنجام وەسف کرد و وتیان: ئەمریکاییەکان پێیان وابوو کە گوشاری زۆرینەی ئابووری دەتوانێ ئێران ناچار بکات سازش بکەن بەڵام خۆیان تووشی کێشە بوون.
 
جەختیشیان کرد: چەوسێنەران دەڵێن دەیانەوێت ئێران بکەنە وڵاتێکی ئاسایی واتا هاوڕێژ لە گەڵ کاروباری نیزامی  چەوسێنەر بێت بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای  دروست بوونەیەوە تا ئێستاشی لە گەڵ بێت، دژی نیزامی چەوسێنەریی بووە و لەمەو بەدواش تەسلیمی چەوسێنەران نابێت و ڕێگای بەرەنگاریی لە گەڵ سوڵتە گەران درێژە پێدەدات.

News Code 28628

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 2 =