نوێترین بەرهەمی "عەزیز وەلیانی" چاپ و بڵاو کرایەوە

"تاسەی قەڵەم" نوێترین بەرهەمی نووسەری بە توانا "عەزیز وەلیانی" کە پێکهاتووە لە کۆمەڵە وتارەکانی ئەو نووسەرە لە لایەن ناوەندی ژیر چاپ و بڵاو کرایەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "تاسەی قەڵەم" کە پێکهاتووە لە کۆمەڵە وتارەکانی عەزیز وەلیانی لە قەوارەی وەزیری و لە دووتۆی ٦٥٦ لاپەڕەدا لە لایەن ناوەندی ژیر چاپ و بڵاو کرایەوە.

نووسەر لە پێشەکی ئەو کتێبەدا دەڵێت: "لە مەڵبەندێکی ئەوتۆدا قەڵەم چۆن بسەکنێ کە لووزەوی فرمێسکی چارەڕەشان بەری سووتانی دڵ ناگرێ؟ قەڵەم چۆن لە نووسین بوەستێ کە هاوار بۆ نان و ژیان لە بن باڕستی ڕنووان دەخنکێ؟ قەڵەم چۆن ڕۆبندرێ کە مەنجەنیقی مەینەت و بێ‌بەشی و ... گەنج و لاوانی وڵات تاو دەدا کە ڕا کەن بەرەو هەندەران، بەرەو چارەنووسی نادیار. دە جا، قەڵەم! بە نووکی بە بڕشت کێوی غەم و پەژارە تێک‌ڕمێنە و پێ بنێ هەرێمی هەراوی هیوا و هومێد بۆ نەخشاندنی کۆشکی تاسە و ئاواتە پیرۆزەکانت. سەرلەنوێ، دیسان بنووسەوە بۆ نەمانی شەڕ، بۆ نەمانی دەرد و میحنەت، بۆ یەک بوون و ڕێز لە کەڕامەتی ئینسان. بنووسە بۆ هەورەکان. بە خوڕ ببارێنن، با لە جێی گۆلاوە شلوێ و لیخنەکان، جاڕەگوڵی سەربەستی بڕوێن. بنووسە لە پێناو تاسەی وڵاتێکی پڕ شکۆ و ئاوەدان. بنووسە پیرۆزبایی لە بەهارێکی هەتاهەتایی ...".

 عەزیز وەلیانی لە دایکبووی شاری مەهابادە و نزیکەی نیو سەدەیە چالاکانە لە بواری فەرهەنگ و هزری کوردیدا چالاکە و وێرای هاوکاریی بەردەوامی لە گەڵ گۆڤارەکانی سروە و مەهاباد، چەندین بەرهەمی بە پێزی بە ناوەکانی "ژیلەمۆ" و "کارەساتێکی مێژوویی" ئاراستە کردووە و ئێستاش کتێبێکی بە زمانی فارسی بە ناوی "لێکدانەوەیەک لە بنەماکانی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی" ئامادەی چاپە.

News Code 28524

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 13 =