ئاسایشی ئاوڕێکانی ناوچە لە لایەن وڵاتانی کەنارئاوییەوە دابین بکرێت

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە ئێران دابین کردنی ئاسایشی ئاوڕێکانی ناوچە بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت، وتی: دەبێ ئاسایشی ئاوڕێکانی ناوچە لە لایەن وڵاتانی کەنارئاوییەوە دابین بکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی ئەوڕۆ (دووشەممە) لە پەراوێزی دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرکردەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا، لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دیدار و سەبارەت بە پرسە دوو لایەنەکان، ناوچەیی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد.

سەرۆک کۆمار وێرای ئاراستە کردنی سپاس و پێزانینی دەوڵەت و گەلی ئێران بۆ هەڵوێستی ڕوونی و ئاشکرای دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر گەمارۆگەلی ستەمگەرانەی ئەمریکا لە دژی ئێران، بیری هێنایەوە: ئێران و تورکیا سەرەڕای کێشەکان بەردەوام دەبن لە پەیوەندیگەلی ئابووریان و لەمناوە ئێران پێشوازی دەکات لە ئامادەبوونی سەرمایەدانەران و کەرتی تایبەتی تورکیا لە پێشخستنی پڕۆژەگەلی هاوبەش.

ڕۆحانی وێرای ئاماژە بە هاوکاریی دوو وڵات و پەرەدان بە هاوکاریگەلی بازرگانی بە دراوی نەتەوەیی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران – ئەنقەرە، وتی: بەڕێوەچوونی بیست و حەوتەمین کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریگەلی ئێران و تورکیا لە رۆژانی داهاتوو، دەرفەتێکی زۆر گرینگ دەبێ لە بەردەم گەشەی زیاتری هاوکارییەکان.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە ڕووانینی هاوبەشی ئێران و تورکیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، وتیشی: بە خۆشحاڵییەوە لە بواری هاوکارییەکان لە کەرتی بەرگریدا پێشکەوتنی باش مسۆگەر بووە و رێگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان لەو کەرتەدا ڕەخساوە و ئەوە هەنگاوە دەتوانێ لە دابین کردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و ناوچەدا بەردەوام بێ و پەرە بستێنێت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دابین کردنی ئاسایشی ئاوڕێکانی ناوچە لە لایەن خود وڵاتانی کەنارئاوییەوە کرد و ئامادە بوونی هێزەکانی ئەمریکی و بانگهێشتیان لە لایەن وڵاتانی ناوچەوە بە مایەی کێشە و ناکۆکی زانی و جەختی کرد: پاراستنی ئاسایشی ئاوڕێکانی ناوچەی کەنداوی فارس، دەریای عەمان و تەنگەلانی هورمۆز بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە وەک گەورەترین وڵاتی کەنارئاویی ناوچە تەرکیزی لە سەر کراوە.

ڕۆحانی لە درێژەدا نمانەی هاوکاری سێ قۆڵیی ئێران و تورکیا و ڕووسیای لە دابین کردنی ئاسایشی ناوچە بە تایبەت سووریای نرخاند و ڕایگەیاند: دەبێ یارمەتیی دەوڵەتی سووریا بدەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی تیرۆریستان بە تایبەت لە ناوچەی ئەدلەب و رۆژهەڵاتی فورات و هاوکارییەکان تان ڕیشەکێش کرانی تیرۆریزم لە ناوچەدا درێژەی هەبێت.

لە کۆتاییشدا سەرۆک کۆمار هێرش بۆ سەر یەمەنی بە لێکدانەوەی و نانیشانی هەڵەی ئەمریکا زانی و ڕاشیگەیاند: هەموو دەبێ هەوڵ بدەین بە هاوبەشیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەقامگیری و ئاسایش بگەڕێنینەوە بۆ یەمەن.

لە بەرامبەردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو دیدارەدا وێرای ئاماژە بە پەیوەندیگەلی دۆستانە و برایانە و ڕوو لە گەشەی ئێران و تورکیا، وتی: گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران ناسازێنەرە و لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەنقەرەوە پاراستنی بەرجام وەک هێمایەکی گرینگی سەرکەوتنی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بەهایەکی بنەمایی هەیە.

سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکارییە سێ قۆڵییەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە قەوارەی ڕەوتی ئاستانە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و ناوچەی ئیجانی وەسف کرد و وتیشی: هیوادارم لە ئەنجامی دانیشتنەکانی ئەوڕۆ ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچە و بە تایبەت لە ناوچەی ئەدلەبدا.

ئەردۆغان ئاماژەی بە هاوکارییە هاوبەشەکانی ئێران و تورکیا بۆ داڕشتنی شارۆچکەگەلی پیشەسازیی هاوبەش لە ناوچەی سنوورییەکان وەک شوێنێک بۆ گەشە و ئاسایشی خەڵکی ناوچە، کرد و وتیشی: هەر وەک لە شەڕی داعش و تیرۆریزم لە پشتی دەوڵەت و گەلی عێراق بووین، دەبێ لە قۆناغی ئاوەدان کردنەوەشدا وەک دوو دراوسێی بە هێز یارمەتیی گەل و دەوڵەتی عێراق بدەین.

News Code 28372

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =