دواکه‌وتنی مۆڵه‌ت و گۆڕاندنی دڵخوازانه‌ی ده‌ق کیشه‌ی بڵاڤگه‌کانی کوردستان

لە دیداری نێوان خاوەن بڵاڤگە و چاپخانەکانی پارێزگای کوردستان و جێگری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران، بەرپرسانی پیشەی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی پارێزگا، کێشه‌ و گرفته‌کانی خۆیان له‌م کاره‌، باس کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م دیداره‌دا که‌ دوێنێ به‌ به‌شداریی جێگری فه‌رهه‌نگی وه‌زیری ئیرسادی ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌چوو، ره‌حیم جه‌عفه‌ری، سه‌رۆکی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان وتی: ئێمه‌ له‌ ساڵی ۹۴ی هه‌تاویدا ڕێژه‌ی له‌ چاپ دانی کتێبه‌کانمان ۴۰ له‌ سه‌د زیادی کردووه‌ و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌شداین که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌م ساڵدا دووباره‌ زیاتر بکه‌ینه‌وه‌ و چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی کتێب به‌ زمانی کوردی له‌م نێوانه‌دا پشکی باشی هه‌یه‌ و هیچ ئاستێکمان بۆ ڕێژه‌ی له‌ چاپدانی کتێب له‌ به‌رچاو نه‌گرتووه‌.

ئه‌و درێژه‌ی دا: من پێم وایه‌ که‌ پڕۆسه‌ی یاسایی مۆڵه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێب ده‌بێت له‌ خودی پارێزگای کوردستاندا ئه‌نجام ببێت و پێویست ناکات ئێمه‌ ئه‌م هه‌موو کات و وزه‌یه‌ بۆ کارێکی وه‌ها ته‌رخان بکه‌ین کاتێک ئێمه‌ له‌ خودی پارێزگای کوردستاندا که‌سانی زۆر باش و شیاومان هه‌یه‌ تاکوو سه‌رپه‌ره‌شتی ئه‌م کاره‌ بکه‌ن.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م دیداره‌دا دوکتور نه‌جمه‌دین جه‌باری مامۆستای زانکۆی کوردستان له‌ سنه‌ وتی: ویل دۆرانت قسه‌یه‌کی یه‌کجار جوانی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ناو ناچێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌توانێت خه‌سار و لاوازییه‌کانی خۆی بناسێته‌وه‌. به‌م پێیه‌ من لام وایه‌ که‌ بۆشایی نێوان نه‌وه‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ و باشترین ڕێگه‌ش بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ کتێبه‌.

ئه‌م مامۆستای زانکۆیه‌ درێژه‌ی دا: به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێران پڕۆسه‌ی له‌ چاپ دانی کتێب به‌ ده‌یان کێشه‌ی هه‌یه‌ و پڕۆسه‌ی مۆڵه‌تدان به‌ کتێبه‌کان یه‌کجار کاتگره‌ و هیوادارم ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ڕێگه‌ و چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ چون بووه‌ته‌ هۆی دڵسارد بوونه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م بواره‌دا ئیش ده‌که‌ن.

هه‌روه‌ها فه‌رید عزه‌ت‌پوور به‌ نوێنه‌ری له‌ بڵاڤگه‌کانی کوردستان له‌م دیداره‌دا وتی: له‌ مێژه‌وه‌ چاپ هاتووه‌ته‌ کوردستان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه‌. ئێمه‌ کێشه‌ی زۆری وه‌ک به‌ ڕۆژ نه‌بوونی ئامێره‌کانی چاپ، نه‌بوونی بیمه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی چاپخانه‌کان، هه‌بوونی باجی قورس به‌سه‌ر چاپخانه‌کان، نه‌بوونی سه‌حافی مودێڕن له‌ سنه‌، نه‌بوونی یارمه‌تی و قه‌رزی هه‌رزانی بانکی و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی پێشکه‌وتوومان هه‌یه‌ و ئه‌م کێشانه‌ ساڵانێکی زۆره‌ ئێمه‌ ئازار ده‌ده‌ن.

ئه‌و له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرد: یه‌کێکی دیکه‌ له‌ کێشه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ دام و ده‌زگا حکوومییه‌کان ده‌چن کاری چاپی خۆیان بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ ده‌نێرن، ئه‌مه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت به‌ری پێبگردرێت چون کاری دام و ده‌زگا حکوومییه‌کان به‌شێکی زۆری کاری چاپخانه‌کانی ئه‌م پارێزگایه‌ پێک ده‌هێنن.

دواجار سه‌عدی سه‌جادی، به‌رپرسی بڵاڤگه‌ی ئاراس له‌ سنه‌ وتی: به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی کێشه‌کانی ئێمه‌ بۆ چۆنییه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگی ئێران له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ ئیتنیکی و ئایینییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ کاتێک کتێبێک باسی ئه‌م دوو بابه‌ته‌ بکات ڕه‌نگه‌ چه‌ند ساڵ ببات تاکوو مۆڵه‌تی پێبده‌ن و دواجار داوا ده‌کرێت که‌ زۆر شت له‌ کتێبه‌که‌ ده‌ربهێنرێت و بگۆڕدرێت، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ منی خاوه‌ن ئه‌م بڵاڤگه‌یه‌ له‌ جوغرافیایه‌کدا ئیش ده‌که‌م که‌ خوێنه‌ره‌که‌ی داوای ئه‌م کتێبانه‌ ده‌کات.

سه‌جادی جه‌ختی کرد: کێشه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ یاسا لابده‌ین، نه‌خێر ئێمه‌ زۆر به‌ باشی یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆمان ده‌زانین، به‌ڵام کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی وا کتێبه‌کان ده‌خوێننه‌وه‌ به‌ که‌یفی دڵ و بیر و بۆچوونی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن نه‌ک به‌ پێی یاسا که‌ بۆ له‌ چاپدانی کتێبی کوردی و سوننه‌ هیچ ئاسته‌نگێکی دیاری نه‌کردووه‌.

ئه‌و زیادی کرد: یان ئه‌وه‌ی من ویستوومه‌ بچم بۆ فڵان پارێزگای دیکه‌ پێشانگا بکه‌مه‌وه‌ به‌ڵام ڕێگه‌م پێنه‌دراوه‌ باشه‌ کاتێک من به‌ پێی یاسا ئیش ده‌که‌م بۆ ده‌بێت فڵانه‌ به‌رپرس به‌کیف و ڕا و بۆچوونی خۆی به‌ر به‌ فرۆشی کتێبه‌کانی من بگرێت؟

دواجار لە کۆتایی دیدارەکەدا عەباس ساڵحی جێگری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران وڵامی سەرجەم داواکارییەکانی ئامادەبووانی کۆڕەکەی دایەوە و جەختی کرد کە ئەوەی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئسلامی ئێران  کۆتایی ناکات و هه‌وڵ ده‌دات بۆ چاره‌ سه‌ری ئه‌م کێشانه‌.

News Code 2825

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =