ئاڵ‌وگۆڕی فه‌رهه‌نگی نێوان هه‌رێم و پارێزگای کوردستان په‌ره‌ده‌سێنێت

جێگری وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران دوێنێ ئێواره‌ له‌ میانه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ خاوه‌ن بڵاڤگه‌ و چاپخانه‌کانی پارێزگای کوردستان له‌ ڕادەست کردنی دەسەڵاتی ده‌رکردنی مۆڵەتی بڵاو کردنەوەی کتێبی کوردی بە پارێزگای کوردستان هەواڵیدا.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، سه‌ید عه‌باس ساڵحی جێگه‌ری فه‌رهه‌نگی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی دوێنێ ئێواره‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن بڵاڤگه‌ و چاپخانه‌کانی پارێزگای کوردستان دیداری کرد و لە ڕادەست کردنی دەسەڵاتی ده‌رکردنی مۆڵەتی بڵاو کردنەوەی کتێبی کوردی بە پارێزگای کوردستان هەواڵیدا.

ساڵحی لە کۆبوونەوەدا وتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە نێوان بەشێکی گرنگ لە چینی فەرهەنگی کوردستان ئامادە بووم. من لەم ماوە کەمەدا کێشەی زۆرم بۆ باسکراو بە وردیش هەر هەموویانم بیست. به‌ گشتی ئێمه‌ ده‌مانه‌ویت به‌ره‌و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان بڕۆین، ئێوه‌ له‌م دووساڵه‌دا دیوتانه‌ که‌ چیمان کردووه‌ و لانی که‌م به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی نه‌شری کتێبی کوردی ده‌توانێت ئه‌م قسه‌ی من بسه‌ڵمێنێت."

ئەو زیادی کرد: "سه‌باره‌ت به‌م پێشنیاره‌ که‌ پڕۆسه‌ی مۆڵه‌ت دان به‌ کتێبه‌کان هه‌ر له‌ پارێزگاکان ئه‌نجام بدرێت ئێمه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ و ڕه‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ سڵانێکی زۆره‌ له‌ تاران کراوه‌ و ناکرێت یه‌ک شه‌وه‌ ئه‌نجام ببێت من بۆ هه‌نگاوی یه‌کم پێشنیار ده‌که‌م که‌ سه‌ره‌تا له‌ به‌شی کتێبی کوردیدا ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌ین و دواجار بۆ کتێبه‌کانی دیکه‌ش ئه‌م ڕه‌وته‌ جێبه‌جێ بکه‌ین."

ساڵحی له‌ به‌شێکی تری وته‌کانیدا وتی: "باسی ئاڵ‌وگۆڕی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان بابه‌تێکه‌ که‌ ئێمه‌ش پشتیوانی لێده‌که‌ین و لامان وایه‌ که‌ که‌لتووری ئێران ته‌نیا به‌ سنووره‌کانیه‌وه‌ دیاری ناکرێت و هاوپه‌یوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و مێژوویی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی دراوسێیه‌کانی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وامان لێده‌کات که‌ هاوکاری دۆستانه‌ و فه‌رهه‌نگی زیاترمان پێکه‌وه‌ بێت، که‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێساکانی ئێراندا بگونجێت کێشه‌ی نییه‌ و هیوادارم پارێزگای کوردستان بتوانێت کتێبی زۆر باش بۆ هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی دیکه‌ هه‌نارده‌ بکات."

شایانی باسە کە جێگری فەرهەنگی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران لە میانی سەردانێک بۆ پارێزگای کوردستان کارگە و نووسینگەی بەشێکی زۆر لە بڵاڤگە و چاپخانەکانی ئەم پارێزگایەی به‌سه‌ر کرده‌وه‌ تاکوو لە نزیکەوە کێشەکانیان ببینێت.

 

News Code 2824

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =