کێ دەزانێ ئەبووبەکر بەغدادی و سەرکردەکانی داعش لە کوێن؟

هەفتەی رابردوو قۆناغی چوارەمی "ویستی سەرکەوتن"ی هێزە عێراقییەکان بۆ تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق و بە ئامانجکردنی سەرکردە باڵاکانی ئەو رێکخراوە دەستیپێکرد، لە نێویشیاندا ئەبووبەکر بەغدادی کە هەتا ئێستا زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیەوە لەبەردەست نییە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شرۆڤەکارانی ئەمنیی عێراق و سەرچاوە ئاگادارەکان لە پارێزگای دێرەزوور بە ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)یان راگەیاندووە کە گومان دەکرێ بەغدادی و سەرکردە عێراقییەکانی دیکەی داعش لە سووریا بن.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە خەڵکی دێرەزوورە و پەیوەندیی باشی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا هەیە، دەڵێت کەسێک بەناوی جەبار عێراقی دەشێ زانیاری بەسوودی لەبارەی شوێنی بەغدادی لەبەردەست بێ.

بە گوتەی سەرچاوەکە، جەبار عێراقی لە هۆزی شەمەرە کە هۆزێکی بەدەویی عێراقییە. جەبار عێراقی دەسەڵاتی هۆزەکەی بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی لە سنوورەکان هاتوچۆ بە سەرکردەکانی داعش بکات.

هۆزی شەمەر یەکێک لە گەورەترین هۆزە عەرەبییەکانە. سەرەتا لە ئیمارەتی جەبەل شەمەر لە سعودیە بوون. ئێستا ئەم هۆزە خەڵکێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای عێراقیش هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی روانگەکان لەبارەی تیرۆریزم  (Perspective on Terrorism)، بەشی زۆری سەرکردە باڵاکانی داعش عێراقین. لە راپۆرتێکی مانگی حوزەیرانی ئەو ناوەندەدا هاتووە کە لە 26 سەرکردەی باڵای داعش، 21 یان خەڵکی عێراق و 3 کەسیان خەڵکی سووریا و دوو سەرکردەکەی دیکەش سعودی و ئەوروپین. جیا لەمە لە کۆی 88 فەرماندەی ئەو رێکخراوەش 60 فەرماندەیان عێراقین و تەنیا چوار کەسیان سوورین.

هۆزەکانی جەنابی (لە باشووری بەغدا و نزیک تکریت) و جبوور (لە نەینەوا) بە پێنج فەرماندە بۆ هەرکامیان زۆرترین فەرماندەیان لەناو داعشدا هەیە. دوای ئەوانیش هۆزی ئەبوعیسا (لە فەللوجە) دێ بە چوار فەرماندە. هۆزەکانی ئەبو مەرعی (لە ناوچەی رومادی)، موشاهەدە (لە باکووری بەغدا) و زەوبەع (لە فەللوجە) و کەربەلا (لە قائیم) و موحمەممەدە (لە قائیم) هەرکامیان دوو فەرماندەیان لە نێو داعشدا هەیە. 20 هۆزی دیکەش، هەرکامیان یەک فەرماندەیان لە داعشدا هەیە و هۆزی 27 فەرماندەی دیکەش دیار نییە.

سەرچاوەکە بە (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاندووە، جەبار عێراقی فەرماندەی سەربازیی ویلایەتی جەزیرەیە و زۆر لە بەغدادییەوە نزیکە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە زۆر سەرچاوە پێیانگوتووە بەغدادی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی باغۆز لە ئاداری 2019 لەگەڵ شوانەکان هاتووەتە ناو عێراق. لە دەیە و نیوی رابردوودا پێکهاتەی خێڵەکی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و ململانێی نێوان هۆزەکان هۆکارێکی گەورە بووە بۆ کۆکردنەوەی ئەندام و هاتوچۆی چەکدارەکانی قاعیدە و داعش.

بەغدادی ماوەیەک لە بیابانی رومانە لە پارێزگای ئەنبار ماوەتەوە، بەڵام ئێستا لە دیوی سووریایە. کۆمەڵێک سەرچاوەی هەواڵگری پێشتر ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو کە بەغدادی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی باغۆزدا بریندار بووە، بۆیەش گومان دەکرێ هاتوچۆی نێوان سووریا و عێراق کارێکی ئاسان نەبووبێ بۆی. بەغدادی لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی داعشی راگەیاند.

زانیارییەکان لەبارەی فەرماندە کوژراو و زیندووەکانی داعش چوونیەک نین. پێشتر ئەبوو عەلی ئەلبەسری، فەرماندەی شانەی هەواڵگریی سقووری عێراقی، بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندبوو کە زۆربەی فەرماندە سەربازییەکانی داعش کوژراون، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان هێشتا لە عێراقن و ژمارەیەکی زیاتریش لەو فەرماندانە لە سووریان.

فازڵ ئەبوو رەغیف، شارەزای کاروباری تیرۆر، بە راپۆرتەکەی راگەیاندووە کە "هیچ گومانی تێدا نییە بەغدادی لە سووریایە، چونکە عێراق چیدی شوێنێکی گونجاو نییە بۆ پەرەپێدانی شانەکانی داعش".

 بە بۆچوونی ئەبوو رەغیف، داعش ئێستا لە ئیدلب، تەدمر و کەمپی ئەلهۆل لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ بنکەی جەماوەری و پشتیوانی دەگەڕێ.

هیشام ئەلهاشمی، شارەزا و راوێژکاری عێراقیی کاروباری تیرۆر، لە لێدوانێکدا بۆ راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "هیچ کەس نازانێ ئێستا پلەبەندیی دەسەڵات لە داعشدا چۆنە" لەبەر ئەوەی ئەو رێکخراوە لە 2018 وە شێوازی کاری خۆی گۆڕیوە. لەبارەی سەرکردەکانی خۆیەوە زیاتر لە جاران بە نهێنی کار دەکات.

ئەلهاشمی کە یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتەکەی ناوەندی روانگەکان لەبارەی تیرۆریزمە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەمریکا خەڵاتی بۆ سەری سێ ئەندامی باڵای داعش داناوە، لەوانەش بەرپرسی دیوانی دارایی و دوو پیاوی هۆزی جبوور.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هەفتەی رابردووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئیدارەی واشنتن خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هەر چەشنە زانیارییەک داناوە کە کوشتن یان دەستگیرکردنی نوعمان عەبد نایف نەجم ئەلجبووری، سامی جاسم محەممەد ئەلجبووری و ئەمیر محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان ئەلمەولای لێ بکەوێتەوە.

وەسیق ئەلهاشمی، بەڕێوەبەری گرووپی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، بە دەنگی ئەمریکا (VOA) دەڵێ: "ئەم کەسانە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە رێکخستنەوەی ریزەکانی داعش، دوای ئەوەی ئەو گرووپە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی لە عێراق و سووریا لەدەست دا، لە چەند مانگی رابردوودا ئەبووبەکر بەغدادی زۆر پشتی بەوان بەستووە بۆ رێکخستنەوەی گرووپەکە و پەیوەندیکردن بە گرووپە بچووکترەکانەوە، دوای ئەوەی کاربەدەستە باڵاکانی رێکخراوەکە لە شەڕدا کوژران".

بەرپرسانی ئەمریکی و شارەزایان پێیانوایە ئەلمەولا شوێنگرەوەی بەغدادی دەبێ. ئەلمەولا کە بە حاجی عەبدوڵڵاش ناسراوە، بە ئیدیۆلۆگی سەرەکیی داعش دادەنرێ و حوکمەکانی ئەو لە پشت زۆربەی بیروباوەڕە توندئاژۆکانی داعشە و گومان دەکرێ خۆی چاودێری هەندێک لە هێرشەکانی داعش لە دەرەوەی سووریا و عێراق بکات.

ژێدەر؛ ڕووداو

News Code 28171

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 1 =