بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، غوڵامحسێن ئیسماعیلی لەو دانیشتنەدا بە ئاماژە بە هەڵوێستی دەزگای داد لە دژی گەندەڵی لە کۆمەڵگای ئیسلامی بە هاوکاریی دەزگای بەڕێوەبەری، وتی: لە دۆسیەگەلی مافیای ئۆتۆمبیلدا بەڕێوەبەری گشتیی ئێران خودڕەو و دوو نوێنەری مەجلیس دەستگیر کراون و تا ئێستا دانیشتنێکی دادگەیان بەڕێوەچووە و هێشتا حوکمیان بۆ لێ نەدراوە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکرانی بەرپرسێکی پێشووی دەزگای داد و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی مانگی سوور کرد و ڕایگەیاند: دۆسیەی یەکەمیان لە قۆناغی توێژینەوەیە و ١٥ کەسی پێوە دەستگیر کراوە و لە دۆسیەی دووهەمدا هۆی دەستگیرکرانی بەرپرسی مانگی سوور و دەستوپێوەندەکانی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی هاوردەی دەرمان بە دراوی دەوڵەتی و گرانفرۆشتنی لە بازاڕدا.
ئیسماعیلی لە درێژەدا باسی لە دەرکرانی حوکمی زیندان بۆ سێ سیخۆر کرد و ڕوونی کردەوە: ئەرەس ئەمیری بە هۆی پەیوەندیی لە گەڵ بەریتانیا و دزەکردنی فەرهەنگی لە رێگەی کۆمەڵگای هونەری و هەوڵی تێکدەرانە بۆ ڕووخاندنی نیزام بە ١٠ ساڵ زیندان و دوو ساڵ بێ بەش بوون لە چالاکیی کۆمەڵایەتی حوکم دراوە و عەلی جەوهەری بە هۆی پەیوەندیی بە مووساد و سیخۆریی بۆ ئیسرائیل ١٠ ساڵ زیندانی پێ بڕاوە و بۆ بە دەست هێنانی دارایی ناشەرعی و ناڕەوا مەحکووم بووە بە ٢ ساڵی دیکەی زیندان و رادەست کردنەوەی ئەو داراییە. ناوبراو لە پێناو وەرگرتنی هاووڵاتێتی ڕژیمی داگیرکەری زایۆنی هەوڵی داوە و لە هەمان کاتدا لە بواری ئاوەدان کردنەوەدا ڕاسپێردراوە بۆ قەرارگای خاتەمولئەنبیا.
وتەبێژی دەزگای داد سەبارەت بە دۆسیەی سێهەمی سیخۆری ڕاشیگەیاند: ئەنووشە ئاشووری فەرد کەسێکی دوو هاووڵاتییە کە هاوکات هاووڵاتیی بەریتانیاشە و پەیوەندی لە گەڵ دەزگای سیخۆریی مووساد بووە و ئیمکاناتێکی زۆری لێ وەرگرتوون و زانیارییەلی زۆری لە وڵات ئاراستەی ئەو دەزگا سیخۆرییە کردووە و لەو ڕووەوە دادگە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان پێ داوە و هاوکات بۆ بە دەست هێنانی دارایی ناشەرعی و ناڕەوا لە مووساد ٢ ساڵی دیکەی زیندان و ڕادەست کردنی داراییەکانی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پێ بڕاوە.
بۆچوونی ئێوە