ڕێز لە دوو شانۆکار و دەرهێنەری پێشەنگی کورد دەگیرێت

چواردەهەمین خولی مێهرەجانی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بڕیارە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەو مێهرەجانە ڕێز لە نێعمەت ئیزەدی و سەعید خەیروڵڵاهی وەک دوو شانۆکار و دەرهێنەری پێشەنگی کورد بگرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بنکەی هەواڵی چواردەهەمین خولی مێهرەجانی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ڕایگەیاند کە بڕیارە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم خولەی مێهرەجانی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ڕێز لە نێعمەت ئیزەدی و سەعید خەیروڵڵاهی وەک دوو هونەرمەند و شانۆکاری پێشەنگ و چالاکی ئەو بوارە بگیردرێت.

نێعمەت ئیزەدی لە دایکبووی ١٩٧٢ی شاری مەریوانە و لە تەمەنی ١١ ساڵانەوە لە بواری شانۆدا چ وەک ئەکتەر و چ وەک دەرهێنەر چالاکە و شانۆگەلی "مێمێسیس"، "لە تەنیشت شێری ئاگرکوژێنەوە"، "میوانی"، "دادپەروەران"، "دوژمنی خەڵکی"، "پڵەنەگ لە مەیدانی شەڕ"، "مردووانی بێ کەفن و گۆڕ"،"ئاژاکس"، "ئاندروا"، "شەولەبان"، سەرمایەک بۆ تەرانەوەی بووکەکان" و ... بەرچاوترین بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندن.

ناوبراو هەروەها بەڕیوەبەر و داوەری چەندین خولی مێهرەجانی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بووە و بەردەوام وەک هاندەر و مامۆستای بەرەکانی دوای خۆی، ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە گەشەی هونەری شانۆیی مەریوان.

هەروەها سەعید خەیروڵڵاهی لە دایکبووی ١٩٨٠ی شاری دێهلۆران و بەرپرسی ئەنجومەنی نمایشی ئیلامە. ناوبراو لە پەنای خوێندنی زانکۆیی لقەکانی سینەما و سناریۆ، وەک نووسەر و دەرهێنەر لە ١٧ خولی مێهرەجانی شانۆی فەجر و ١٣ خولی مێهرەجانی شانۆی مەریوان و ٥ خولی مێهرەجانی شانۆی زانکۆیی بەشداری نواندووە.

شانۆگەلی "هەملێتی ئەتۆمی"، پەردەخوێنیی "شیرین و فەرهاد"، "ڤلادیمیر و ستراگۆن هەر دوو زیندوون"، "ناودار"، "کەژاڵ"، "خودابەس"، "شەلواری کەتانی تایلەندی"، "دەورییەک بۆ سەرەخۆشی"، "سۆزی کەمان لە چاخی سەهۆڵین"، "سەمفۆنیای ئێسکە تەلەزم بردووەکان"، "خەونی شیرینی نهەنگی کوێر"، "مەلەکووت"، "بڕوانامەی ڕەتبوونەوەی خەرمانان"، "وێستاو لە سەر هێڵی ئۆستووا"، "من وشترێکی سی ساڵەم هەیە"، "حوکم" و ... بەشێکن لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە وەک دەرهێنان و نووسین.

خەیروڵڵاهی هەروەها چەندین خەڵات و بڕوانامەی لە فێستیڤاڵ و مێهرەجانە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان پێبەخشراوە کە بەرچاوترینیان خەڵاتی یەکەمی دەرهێنەری لە مێهرەجانە نێونەتەوەییەکانی شانۆی فەجر و شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٣ بووە و هاوکات ٥٠ دیپلۆمای فەخری لە مێهرەجانی دیکە مسۆگەر کردووە.

News Code 28066

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 13 =