هەر جۆرە شەڕێک لە دژی ئێران تەواو ناوچەکە تێوەدەگلێنێت

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵڕۆژی سەرکەوتنی بەرخۆدان لە شەڕی ٣٣ رۆژەدا وتی: هەر جۆرە شەڕێک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتە هۆی لە ئاگردا گلانی تەواو ناوچەکە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە کۆڕبەندی "نەسر و کەرامە" بۆ بەرزڕاگرتنی سێزدەهەمین ساڵوەگەری سەرکەوتنی بەرخۆدانی لوبنان لە شەڕی ٣٣ رۆژەدا وتی: پاش تێپەڕینی ١٣ ساڵ لە شەڕی ٣٣ رۆژەی ساڵی ٢٠٠٦ هێشتاش خەڵکی متمانەیان بە توانستی بەرخۆدان هەمبەر بە ڕژیمی زایۆنی زۆرە و ئاوەدانی شارۆچکە و گوندەکانیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.

ناوبراو بە ئاماژە بە سەقامگیری و ئاسایشی باشووری لوبنان، وتیشی: لە پاش شەڕی ٣٣ رۆژە، خەڵکی لوبنان وڵاتەکەیان بە متمانە بە هاوکێشەی "سوپا، گەل و بەرخۆدان" بنیات ناوەتەوە؛ شەڕێک کە ئەوکات بە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێشدەستی ئیسرائیل بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ بە سەر لوبناندا سەپا.

سەید حەسەن نەسروڵڵا لە درێژەدا ڕووانییە ئامانجەکانی شەڕی ٣٣ رۆژە و چۆنیەتی کۆتایی هاتنی و ڕایگەیاند: ئامانجی دوژمنان لەو شەڕە ڕووخاندنی حزبوڵڵا و سڕینەوەی یەکجاریی بەرخۆدان لە لوبنان، عێراق و فەلەستین، ڕووخاندنی دەوڵەتی سووریا و گەمارۆی ئێران بوو. بەڵام کاتێک ئەمریکا و زایۆنیزم بینیان کە لەو شەڕەدا شکستیان هێناوە، لە شەڕی دژی بەرخۆدان کشانەوە.

ڕاشیگەیاند: لەو شەڕەدا جان بۆڵتۆنی ڕاوێژکاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و نوێنەری ئەوکاتی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتبووی تەنیا بە چەک داماڵینی حزبوڵڵا شەڕی لوبنان دەوەستێت، بەڵام کاتێک پاشەکشێی ڕژیمی زایۆنی بینی، ئەویش ڕەزامەندی خۆی بۆ کۆتایی شەڕەکە ڕاگەیاند.

ناوبراو توانستی ئێستای حزبوڵڵای لوبنان بە نیسبەتی ساڵی ٢٠٠٦ و شەڕی ٣٣ رۆژە زۆر بەرزتر وەسف کرد و ڕوو لە ڕژیمی زایۆنی جەختی کرد: ئەگەر هەنگاو بنێنە هەر جێیەکی خاکی لوبنان، تووشی هەمان چارەنووسی ساڵی ٢٠٠٦ دێن و لە هەر جێیەک بیدۆڕێنن، لەوێ جەژن و خۆشی بەڕێوە دەچێت. ئەو حزبوڵڵایەی کە سەردەمانێک ئێوە بە دوای لە ناو بردنی بوون، ئەوڕۆکە بۆتە دەسەڵاتێکی ناوچەیی.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان بیری هێنایەوە: شەڕی ٣٣ رۆژە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ڕژیمی زایۆنی دەرخست و ئەوڕۆکە ئیسرائیلییەکان چیتر دڵنیا نین کە بتوانن بە سەر لوبناندا سەرکەوتن. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە بەشێکین لە بەرخۆدان؛ بەرخۆدانێک کە بۆ پێشگری لە شەڕەکان و سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزم پشتی پێ دەبەستن.

سەید حەسەن نەسروڵڵا تێچووی بەرخۆدان و وەستانی زۆر کەمتر لە تێچووی تەسلیم و خۆ بە دەستەوەدان زانی و جەختیشی کرد: بەوشەوە حزبوڵڵا بەردەوام خوازیاری ئاشتی و سەقامگیریی ناوچە بووە و ئەوانی ئێستا لە ناوچەدا لە تەپڵی شەڕ و ئاژاوە دەدەن نەتانیاهۆ و عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتن.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕووانییە پاشەکشێی بەرپرسانی ئەمریکی لە پرسی شەڕ دژی ئێران و ئەوەی بە دەسکەوتێکی گەورەی مێژوویی خوێندەوە و وتی: لە ڕاستیدا هەر جۆرە شەڕێک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتە هۆی لە ئاگردا گلانی تەواو ناوچەکە.

News Code 27897

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 11 =