بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، باجی قائید سەبسی سەرۆک کۆماری تازە کۆچکردووی تونس، یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەیە کە بە شێوەی دیموکراتیک لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژاردرا. ئەو لە سەرودەمی شۆڕشی ٢٠١١ لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەدا بوو؛ شۆڕشێک کە نە تەنیا بووە هۆی وەلاوەنرانی زەینولعابدین بێن عەلی، سەرۆک کۆماری پێشووی تونس و گۆڕانکاریی بەربڵاو لەو وڵاتەدا، بەڵکوو رێخۆشکەر بوو بۆ گۆرانکاریی سەرتاسەری لە جیهانی عەرەب.
هێشتا ڕوون نییە کە کێ دەبێتە جێنشینی باجی قائید سەبسی، بەڵام ئەو پێشتر وتبووی هیوادارە کە کەسێکی گەنجتر حکوومەتی ئەو وڵاتە بە دەستەوە بگرێت.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە مەرگی ئەو تەنیا سێ کەسی دیکە لە سەرتاسەری جیهان هەن کە لە دەیەی ٩٠ی تەمەنیاندا بەرپرسایەتی رێبەری وڵاتەکەیان لە ئەستۆیە.
گۆڤاری نیوزویک لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی پیرترین رێبەرانی زیندووی جیهان، ئاماژەی بە ماهاتیر محەمەد سەرۆک وەزیرانی مالزیا کردووە کە لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە و پێدەچی لە مێژووی مالزیادا نۆهەمین رێبەری پیری ئەو وڵاتە بێت کە توانیویە لەو تەمەنەدا دەسەڵاتداریی وڵاتەکەی بکات.
ماهاتیر پێشتریش لە ساڵەکانی ١٩٨١ تا ٢٠٠٣ بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ سەرۆک وەزیرانی مالزیا بووە و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتە هەلێکی دووبارەی بۆ ڕەخساند کە بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی خۆی و لە جێی "نەجیب ڕەزاق"ێک دانیشێت کە بە تاوانی گەندەڵی لە پۆستی سەرۆک وەزیران کشابووەوە.
ئێلیزابێتی دووهەم شاژنی بەریتانیا پاش ماهاتیر دووهەمین رێبەری پیر و بە تەمنی جیهانە کە لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە سەڵتەنەتی ئەو وڵاتەدا ماوەتەوە؛ ئەگەرچی رێبەریی بەریتانیا لە ئەستۆی ئەو نییە و ئەو ئەرکە خراوەتە ئەستۆی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لەم دواییەدا بە بۆریس جانسۆن ئەسپاردراوە.
شاژن ئێلیزابێت هەروەها درێژترین ماوەی رێبەریی لە ناو رێبەرانی زیندووی جیهان بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە و بۆ ٦٦ ساڵ دەچێت کە شاژنی بەریتانیایە.
سەباح ئەحمەد جابر سەباح "ئەمیری کوەیت"یش لە مانگی ڕابردووەوە هەنگاوی ناوەتە دەیەی ٩٠ی ژیانی و بە چۆتە ڕیزی رێبەرانی ٩٠ ساڵەی جیهان. ئەو ئەمیرە پێشتر بۆ ماوەی چوار دەیە و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ وەزیری دەرەوەی کوەیت بووە.
تەنیا چەند مانگ لەوە پێش، وڵاتێک کە بە هەبوونی گەنجترین رێبەری جیهان ناوبانگی دەرکردووە، یەکێک لە پیرترین رێبەرانی جیهانی لە دەست دا. کاتێک کیم جۆنگ ئۆن لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ لە کۆریای باکوور بە دەسەڵات گەیشت، تەنیا ٢٧ تەمەنی بوو. ئەو رێبەرە گەنجە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری شەپۆلگەلێکی نێودەوڵەتیی بەرچاوی وەڕێخستووە، بەڵام گۆڕانکاریی زۆریشی لە وڵاتدا ساز داوە کە یەکێک لەو هەنگاوانەی وەلاوەنانی کیم یۆنگ نام، سەرۆکی گشتیی ٩١ی ساڵەی پێشووی پرێزیدیۆمی کۆمەڵەی باڵای گەلی کۆریای باکوور بوو کە بۆ ماوەی دوو دەیە لەو پۆستەدا بووە.
لە کاتێکدا کە هیچ رێبەرێکی ئەمریکی لە دەیەی ٩٠ی ژیانیدا لە پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەمریکادا نەبووە، دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتە پیرترین کەسێکە لە مێژووی ئەمریکادا پاڵی داوە بەو کورسییەوە. ئەو کە لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا بۆتە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، ئێستا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا یەکێکە لە بەربژێرانی سەرۆک کۆماریی داهاتووی ئەمریکا و هاوکات بڕیارە لەو هەڵبژاردنانەدا لە گەڵ بێرنی سەندێرزی ٧٧ ساڵە ڕکابەری بکات.
شایانی باسە، بە گوێرەی یاساکانی ئەمریکا، سەرۆک کۆماری ئەو ولاتە دەبێ لانی کەم ٣٥ ساڵ تەمەنی بێت، بەڵام هیچ تەنگەژەیەک لە بەردەم زۆرترین ئاستی تەمەنی سەرۆک کۆماری لەو وڵاتەدا نییە.
بۆچوونی ئێوە