جوگرافیا و مێژووی کوردستان گەشتیاران بانگهێشت دەکات

کوردستان یەکێک لە ئەو شوێنانەیە کە هەم لە باری مێژووییەوە و هەم لە باری جوگرافیایی و فەرهەنگی و تەنانەت بازرگانییەوە، بەستێنی باشی هەیە بۆ وەرگرتنی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پارێزگای کوردستان بە ناوەندیی سنە وەکوو ناوچە کوردەوارییەکانی دیکە پڕە لە شوێنی مێژوویی و جوگرافیایی ناوازە و هەڵکەوتە کە ئەمەش خۆی بووەتە هۆی دروست بوونی فەرهەنگی تایبەتی ناوچەکە. ئەو تایبەت بوونە دیسان خۆی لە بوارەکانی تری ژیان ڕەنگی داوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرەنجی گەشتیاران لە هەر دوو بەشی ناوخۆیی و بیانی.

لە ئەم زنجیرە ڕاپۆرتەدا کە سێ بەشی هەیە و پێشتر دوو بەشی بڵاو بووەتەوە، هەوڵ دراوە بەرچاوترین شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کوردستان بخرێتە بەرچاوی هۆگرانەوە. لە ئەم بەشەشدا هەوڵ دەدەین بە هاوکاری سەرۆکی گرووپی گەشەی گەشتیاری ئیدارەی گشتی میراتی فەرهەنگی کوردستان، شوێنە گەشتیارییەکانی بیجاڕ، قوروە و کامیاران بخەینە بەرچاوی هۆگران و گەشتیارانەوە.

قەڵای قەمچقای و پێڵی مێژوویی سەڵواتاوا لە بیجاڕ

ئاوات مەکاری لە ئەم بەشە لە قسەکانی وتی: ئەگەر بچینە رۆژهەڵاتی پارێزگا، دەگەینە شاری بیجاڕ، قەڵای مێژووی قەمچقای، بازاڕی کۆن و تیمچەی حاجی شاباز، سەرای ئەمیر تومان، گوندی مێژووی خەسراوا، گوندی سەڵواتاوا کە پێڵی مێژوویی هەیە و لە سەر ڕۆخانەی قزڵ ئۆزەن دانراوە و هەروەها شوێنی باخچەی ئاژەڵانی بیجاڕ لە شوێنە گرینگەکانی ئەو شارە بۆ گەشتیاریانە.

سەراوی قوروە و گۆمی بابە گوڕگوڕ

ناوبراو زیادی کرد: شاری قوروەش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگایە کە دەروازەی هاتن بۆ پارێزگای کوردستان لە پێتەخت و ناوچە ناوەندییەکانی ئێرانەوە. سەراوی ئەو شارە شوێنێکی جوان بۆ گەشتیاران دێتە ئەژمار. هەروەها ناوچەی پارێزراوی بەدر و پەرێشان بە ڕووبەری ٤٣ هەزار دۆنم لە مەودای ١٢ کیلۆمەتری باشووری شاری قوروە هەڵکەوتووە، ناوچەیەکی کوێستانی کە لە کێوەی بەردینە، دۆڵی جوان، تەپۆڵکە و بەرزاییەکانی لێک بەستراو پێک هاتووە.  کانی بابە گوڕگوڕیش لە ئەو شارە لە ناوچە سەرەنج ڕاکێشەکانی تری گەشتیاری دێتە ئەژمار.

کارناسای گەشتیاری میراتی فەرهەنگی کوردستان درێژەی دا: لە بندەستی قوروە و لە مەودای نێوان ئەو شارە و سنە، شاری دێولان هەڵکەوتووە کە لە ئەو شارە خەڵکی لە قەراخەکانی دوو بەنداوی سوورهاڵ و بەردە ڕەشە بۆ گەشت و گوزار کەڵک وەردەگرن.

پاڵنگان، گوندی پڕ لە گەشتیار لە کامیاران

ناوبراو زیادی کرد: لە باشووری ترین خاڵی پارێزگا، شاری کامیاران هەڵکەتووە کە ڕێگای پێوەندی ئەو شارە لە گەڵ مەریوان زۆر زۆر جوانە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارستانە، زیارەتگەی شێخ عەباس کۆمایین هەیە، گوندی گەشتیاری پاڵنگان بە نەژیارڤانی پلیکانی و کۆگای پەرواری ماسی، کانی تاڤگەکان و باخەکانی دەوروبەری شوێنێکی زۆر باش بۆ گەشتیارانە. دەریاچەی بەنداوی زیویە، زیارەتگەی حەزرەتی عەکاشە لە گوندی کاشتەر کە لە سەر ڕێگای گوندی پاڵنگان جێی گرتووە و گوندی تەنگیوەر و نووسراوە مێژووییەکە لە ناوجە جوان و گەشتیارییەکانی کامیارانن.

مەکاری لە بەشێکی تر لە قسەکانی خۆی ڕۆڵی خەڵک لە چالاک کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی زۆر کاریگەر وەسف کرد و وتی: ئەبێ خەڵک زیاتر پەروەردە بکرێن تا تێبگەن کە میراتی مەعنەوی یەکێک لە گەورەترین سەرمایەکانی ئێمەیە.

شانەی جێژن و ڕووداوەکانی کوردستان

ناوبراو وتیشی: بابەتە گەشتیارییەکانی تریش کە لە کوردستان هەن، باسی ڕووداوەکانە، ئێمە خەریکی پێکهێنانی شانەیەکین کە بریتیە لە شانەی کاتی بەڕێوە چوونی جێژنەکان وەکوو ڕێوڕەسمی کۆمسای و زەماوەندی پیرشالیار، فێستیڤاڵەکان وەکوو فێستیڤاڵی ئەسبی جوانی کوردی، فێستیڤاڵی تووە فەرەنگی گوندی شیان، قۆرە لە گوندی دۆڵاو، بەی زەردی گوندی تا، شاتووی گوندی گەلێن، هەناری گوندی سلێن، تووە سپییەی گوندی بێساران و ... .

کارناسی گەشتیاری میراتی فەرهەنگی کوردستان وتی: بە داخەوە ڕووداوێک کە بۆ ئەو فێستیڤاڵانە ڕوو دەدات ئەوەیە کە مانگەکانی مانگی (قەمەری) هەر ساڵ ١٠ ڕۆژ دەکەوێتە پێشەوە و هەر بۆیە مانگەکانی موحەڕەم، سەفەر و ڕەمەزان دەکەێتە نێو کاتی بەڕێوە چوونی ئەو فێستیڤاڵانەوە، هەر بۆیە ئێمە ڕۆژژمێرێکی نەگۆڕمان نە لە کوردستان و نە لە ئێران نییە، هەرچەند ئێمە ڕۆژژمێر و شانەی گەشتیاری خۆمان پێک دەهێنین.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتیشی: بۆ ناسینی زیاتری پارێزگای کوردستان، جگە لە ماڵپەڕی ئیدارەی گشتی میراتی فەرهەنگی پارێزگای کوردستان، ماڵپەڕی گەشتیاری پارێزگاش بە ناونیشانی wwww.tkurd.ir   زانیاری پێویست دەداتە گەشتیاران. هەروەها ئاپێکیش بە ناوی " میوان" پێک هاتووە کە دەتوانن دانلۆدی بکەن و لە گەڵ شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کوردستان ئاشنا ببنەوە.

بە پێی ئامارەکان، پارێزگای کوردستان لە پشووەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ یەکێک لە ئەو پارێزگاگەلە بووە کە زیاترین ئاماری گەشتیاری هەبووە کە بە پێی هەبوونی کەم و کۆڕی ژێرخانەکانی گەشتیاری، پێویستە بەرپرسانی پێوەندیدار زیاتر هەڵ بدەن بۆ دابین کردنی ئیمکاناتی ڕفاهی و ژێرخانە گەشتیارییەکان لە ئەو پارێزگا.

News Code 27592

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 8 =