زەنگی مەترسیداری سەرهەڵدانەوەی بەعسییەکان لە عێراق دەبیسترێت

جموجۆڵی ئەم رۆژانەی ئەندامانی حزبی هەڵوەشاوەی بەعس لە عێراق وەک زەنگێکی مەترسدار بۆ داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە ساڵحی: لەمرۆژانەدا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق شایەدی بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێکی بەرچاو و سەیر و سەمەرە سەبارەت بە جموجۆڵی حزبی بەعس لەو وڵاتەیە. لەم دواییەدا میدیاکان فۆکووسیان خستبووە سەر ژنێک کە لە خۆپیشاندانی رۆژی هەینی کەرکووک ستایشی سەدام دیکتاتۆری پێشووی عێراقی دەکرد و بە گوێرەی سەرچاوەگەلی سەر بە پۆلیسی کەرکووک حوکمی دەستگیریی "ڕەنا حەمید" بەو تۆمەتە دەرکراوە. هێزەکانی ئاسایش کاتێک بۆ دەستگیریی ئەو ژنە ڕوو لە ماڵەکەی دەکەن، دەبینن کە ڕەنا هەڵاتووە و لە ماڵ نییە. هێزەکانی ئاسایش شوێنپێی ناوبراویان هەڵگرتووە و هێشتاش بە دوایەوەن.

شایانی باسە کە بە پێی یاساگەلی دژە بەعس و بەرەنگاربوونەوەی چالاکیگەلی ڕەگەزپەرەستانە و تیرۆریستی و تەکفیری لە عێراق، هەر کەسایەتییەک ببێتە ئەندامی حزبی بەعس یان بە جۆرێک بانگەشە بۆ بیر و هزری بەعسی بکات، ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا دەبڕێت.

هەڵوێستی ئەم  ژنە کەرکووکییەی عێراق بە ڕادەیەک سەیر و سەمەرەیە کە هەواڵەکەی خێرا تەواو فەزای ڕاگەیاندنی عێراقی داگرت و پاش ئەوە میدیاکان ئاماژەیان بە دانیشتنی سەرکردەکانی بەعس لە وڵاتێکی دراوسێی عێراقدا کرد؛ ئەو دانیشتنە بە ئامانجی ڕووخاندنی دەوڵەتی ئێستای عێراق بەڕێوە چووە و نوێنەرانی هەندێک لە گرووپگەلی سیاسی عێراق تێیدا بەشدار بوونە.

لە پەنای یەک دانانی ئەو گۆڕانکارییانە لە سای هەلومەرجی ئێستای عێراق کە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە یەکگرتوویی و هاوڕیزی بۆ ئاوەدان کردنەوە لە پاش شکستی داعش و هەنگاونان بەرەو دیموکراسییە، دەتوانێ وەک زەنگێکی مەترسی لە لایەن بەعسییەکانەوە بێت بۆ گەڕانەوە بە بواری سیاسی عێراق.

ئەوەی کە ژنێکی عێراقی بە بێ ترس و دڵەڕاوکە لە ستایشی سەدامدا دروشم دەدا، دەتوانێ نیشاندەری ئەوە بێت کە لە ئێستادا دارودەستەی بەعسی هەلومەرجی ئێستای عێراقیان بۆ دەست پێکردنەوەی ئاشکرای چالاکییەکانی خۆیان پێ گونجاوە.

ئەندامانی بەعس کە لە کاتی ڕووخانی سەدام، چالاکییەکانیان بە شێوەی ژێرزەوینی درێژە پێ داوە و هەوڵیان داوە بە ئاویلکەیی یان بە یارمەتیی ئەمریکییەکان زیندوو بمێننەوە، هەنووکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەوڵ دەدەن خۆیان ئاشکرا بکەن. ڕەنگە هاوکاریی بەعسییەکان لە گەڵ ئەمریکا پلانێکی مەترسیدا بێت کە لەم دواییەدا لە عێراق ئاشکرا بووە. بە پێی ئەو پیلانە نوێیەی نێوان بەعس و ئەمریکا، بڕیارە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی تیرۆر بکرێن. هەندێک لە گرووپگەلی پاڵپشتکراوی ئەمریکاش ڕاسپێدراون کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەندێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی تیرۆر بکەن.

ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتنی کەرەسەیی لە حزبی هەڵوەشاوەی بەعس و دەڵاندنی خوێنی نوێ لە دەماری مردووی ئەو حزبە بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە عێراق و لەوان لاواز کردنی ڕێکخراوەکانی حەشدی شەعبی بگات کە هەمبەر بە پیلانەکانی واشنتۆن لە دژی عێراق وەستاون و تا ئێستا رێگەیان نەداوە کە تیرۆریستان بە تایبەت تیرۆریستانی داعش بە ئامانجەکانی خۆیان لە عێراقدا بگەن. بەعسییەکانیش پاڵپشتێکی باشتر لە ئەمریکییەکانیان بۆ ئامادەبوونی دووبارە لە بواری سیاسیی عێراق شک نەبردووە و ئامادەن کە بۆ وەدی هێنانی ئەو داخوازییە ببنە دارەدەستی ئەمریکا بۆ سەرخستنی پیلانەکانی لە دژی ئەو وڵاتە.

ئامادەبوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و ڕێکخرانیان بە پێی فەرمانی ١٠ مادەیی ئەم دواییەی عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆتە دڕکێک بۆ چاوی بەعسییەکان. لە لایەکی دیکەوە پێشکەوتنی عێراق لە ڕەوتی سیاسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتە لە پەنای ڕەوتی کامڵ بوونی کابینەی عێراق بۆتە هۆی ئەوەی کە بەعسییەکان نەتوانن دەسکەوتە سیاسییەکانی بەغدا لە سای دەسکەوتە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە دژی داعش ببینن. پێدەچێ وەیشوومەیەک کە سەدام بە پەرەدان بە بیرۆکەی بەعسیزم لە عێراق لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا وەڕێیخستبوو، لەم رۆژانەدا دیسان بۆتە بەڵای گیانی خەڵکی عێراق، هەتا بۆ جارێکی دیکە ببێتە مایەی ترس و دڵەڕاوکە بۆ ئەو خەڵکەی کە بە هیوای ژیان لە وڵاتێکی سەقامگیر و بە دوور لە شەڕ و پێکدادانن.

پێدەچێ کە بەعسییەکان ئەمجار کەرکووکیان کردۆتە ناوەندی پیلانەکانیان و بە گوێرەی بەرپرسێکی عێراقی، شەپۆلی سێهەمی بەعسییەکان لەو وڵاتەدا هەڵمەتی دزێوی خۆیان دەست پێکردووە، چونکە شەپۆلی یەکەمی بەعسییەکان هاوکاری ئەلقاعیدەی دەکرد و لە ساڵی ٢٠٠٦ مزاری پیرۆزی ئیمامانی عەسکەریی دەتەقاندەوە و شەپۆلی دووهەمی هاوکاریی داعشی دەکرد.

بەعسییەکان لە هەلومەرجی ئێستا دەیانەوێ بە دزە کردنە ناو پێکهاتەی کۆمەڵگای عێراق، هەمدیسان ئاگری شەڕی ناوخۆیی و پێکدادانەکان لەو وڵاتە هەڵگیرسێننەوە. بنەماڵەی سەدام لەم دواییەدا بە تۆمەت دان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئیدعایان کردووە کە ئەو هێزانە دەیانەوێ گۆڕی سەدام بدەنەوە. هەر بۆیە هەندێ لە لایەنگرانی دیکتاتۆری پێشوو پێشدەستیان کردووە و بە هەڵدانەوەی گۆڕی سەدام، تەرمەکەیان بردۆتە شوێنێکی دیکە. لە ئێستادا ئەو شوێنە نوێیەی تەرمی سەدامی لێ ئەسپاردە کراوە، نادیارە.

ڕەنگە بکرێت بڵێین کە بەعسییەکان بەو کارە خەریکی لێکدانەوەی ئاستی کاردانەوەی کۆمەڵگا و سیاسەتوانانی عێراقی هەمبەر بە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی بەعسییەکان لەو بوارەدان و ئەگەر شایەدی هەڵوێستێکی یەکپارچە و بە هێز لەو وڵاتە لە دژی حزبی بەعس نەبن، هەنگاوی دواتریان بۆ دزە کردن لە پێکهاتەی کۆمەڵگای عێراق و پیلان داڕشتنی سەربازی لە دژی ئەو وڵاتە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەڵدەگرن، کە پاشهاتی پڕ مەترسیی بۆ سەقامگیری عێراق بە دواوە دەبێت.

بە گشتی دەبێ بڵێن کە بەرپرسانی سیاسی عێراق دەبێ لە هەلومەرجی ئێستا و بە هەستیاری لەو وڵاتەدا دەبێ ئاگاداری هەڵسوکەوتی شاراوە و نهێنیی بەعسییەکان لە عێراق بن، چونکە ئەگەر ئەو هەڵسوکەوتانە لە ئاست و پێوەری چکۆلەدا پشتگوێ بخرێن، ئەگەری هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی ناوخۆیی لە ئاستێکی گەورەتر لەو وڵاتەدا هاوکاتی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی بەعسییەکان لە ئارادایە و لە ڕاستیدا دەکرێ بلێێن کە کرداری ئێستەیان وەک زەنگێکی پڕمەترسی لە دژی داهاتووی سیاسیی عێراق و دەسکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە قۆناغی ئێستادا وێنا دەکرێت.

News Code 27498

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 11 =