بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی واشنتۆن پۆست و لە کاردانەوە بە هەواڵگەلێک لەبارەی ڕەزامەندی لە گەڵ دەرکرانی ڤیزا بۆ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیدعای کرد کە سەرەڕای ڕەزامەندیی لە گەڵ ئەو کارە، هاتوچۆی زەریف لە ئاستی شاری نیۆیۆرکی بەرتەسک کردووە و وەزیری دەرەوەی ئێران تەنیا دەتوانێ لە مەودای نێوان بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تا شوێنی مانەوەی وەفدی دیپلۆماتیکی ئێران کە تەنیا ٦ بلووک لێک دوورن، هاتوچۆ بکات.
ناوبراو پاگەندەشی کرد: دیپلۆماتگەلی ئەمریکی ناتوانن لە تاراندا هاتوچۆ بکەن، کەواتە ئێمەش هۆکارێک بۆ هاتوچۆی ئازادانەی دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە شاری نیۆیۆرکدا نابینین.
ناوبراو هەروەها خۆی بوارد لە وەڵامدانەوەی پرسیار لە ئەگەری دیداری خۆی یان بەرپرسانی دیکەی ئەمریکی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی دانیشتنەکانی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا ڕەخنەی لە لێدوان و دیمانەی زەریف لە گەڵ میدیاگەلی ئەمریکی گرت و ئەو کارەی بە کەڵك ئاوەژۆیی لە ئازادی رادەربڕین بۆ پەرەدان بە پاگەندەی دزێوی ئێران زانی و ئیدعای کرد کە ئەگەر دەرفەتێکی ئاوا بۆ ئەویش بڕەخسێت ئامادەیە بانگهێشتی میدیایی و تەلەڤیزیۆنی ئێران قبووڵ بکات.
شایانی باسە کە زەریف بۆ بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کردووە و ئێوارەی رۆژی ڕابردوو (یەکشەممە) گەیشتە شاری نیۆیۆرک.
بۆچوونی ئێوە