محەمەد ڕەزا پوور ئیبراهیمی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، هەنگاوی بەریتانیا بۆ ڕاگرتنی نەوت هەڵگری ئێرانی بە هەڵەیەکی گەورە زانی و وتی: ئەو کارە لە درێژەی دوژمنایەتی بەریتانیا لە گەڵ گەلی ئێران پێش و دوای شۆڕش ئەنجام دراوە و بە دڵنیاییەوە بێ وەڵام نابێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هیچ لە بەرژەوەندییەکانی نیشتیمانی وڵات هەمبەر بەو کارەی بەریتانیا ناکشێینەوە، وتیشی: مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی حەوتەی داهاتوو بڕیاری پێویست لە بارەی ئەو هەنگاوەی بەریتانیا دەگرێت و دەوڵەتیش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات.
بەریتانیا باجێکی قورس دەداتەوە
ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس بە ئاماژە بە زەروورەتی یەکڕیزی نیشتمانی هەمبەر بە داپەڕەکانی ئەمریکا و بەریتانیا وتی: وەزارەتی دەرەوە دەبێ هەڵویستی بەرامبەر بە بەریتانیا داڕێژێت. بێ شک ئەو کارەی بەریتانیا بێ وەڵام نابێت و بەریتانیا باجێکی قورس لەوبارەیەوە دەداتەوە.
نوێنەری خەڵکی کێرمان لە مەجلیس، ئەو کارەی بەریتانیا و ئەمریکا بە نیشاندەری دەستەوەستانیی دوژمنان هەمبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زانی و ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی ناوەتە کەشێکی نوێ و دەستی باڵای هەیە لە ناوچە و جیهاندا. شرۆڤەی دوژمنان نیشان دەدا کە گەمارۆ ئابوورییەکان دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەروەریی ئابووری گەلی ئێران.
هەنگاوی بەریتانیا دەسپێکی شەڕێکی دەروونی لە ناوچە دژی ئێرانە
پوور ئیبراهیمی جەختی کرد: هەوڵی بەریتانیا و ئەمریکا بۆ وەڕێخستنی شەڕی دەروونی لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوە نیشانەی دەستەوەستانی و لاوازییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووری و سەربازی لە گەڵ ئێرانە. هەنگاوی بەریتانییەکان دەسپێکی شەڕێکی دەروونی لە ناوچە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و سازدانی دۆخی تەشەنەدار لە کۆمەڵگایە کە بە فەرمانی ئەمریکییەکان ئەنجام دەدرێت.
ڕاشیگەیاند: ڕەوتی تایبەتمەندییەکانی ئابووری لە بەڕێوەبەریی بازاڕی دراو، ڕەوتی بەرهەم هێنان، تێپەڕین لە نرخی نەرێنیی گەشەی ئابووری بۆ ئیجابی کە لە لایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشبینی کراوە، نیشاندەری هەنگاونانی کۆماری ئیسلامی لە بواری دەسەڵاتی ئابوورییە.
شێوازە جێگرەوەکانی بوودجە بۆ کەمکردنەوەی داهاتی نەوتی
ئەندامی شۆڕای ناوەندیی فراکسیۆنی نوێنەرانی ویلایی مەجلیس، جەختیشی کرد: فرۆشی فەرمی نەوتی ئێران ڕەنگە بگاتە سیفر، بەڵام فرۆشی نافەرمی نەوت بە پێی ئەو گرێبەستانەی لە نێوان ئێران و هەندێک لە وڵاتان تۆمار کراوە، دەبێتە جێگرەوەی فرۆشی فەرمی نەوت. ئەگەر ئەو داهاتەی فرۆشی نافەرمی نەوتیش کەم بێتەوە، شێوازگەلی جێگرەوەی دیکە لە بوودجەدا پێشبینی کراوە.
پوور ئیبراهیمی بە ئاماژە بەوەی کە بۆ ئیدارەی وڵات لە بواری ئابووریدا نیگەرانی جیدیمان نییە و بازاڕی دراو جێی کۆنتڕۆڵ و ئیدارەیە، ڕایگەیاند: ئەورووپا و ئەمریکا هەوڵیان داوە تا بە ڕانەپەڕاندنی بەڵینییەکانیان لە ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران تووشی بەربەست بکەن و ناچارمان بکەن لە خولی نوێێ دانوستانەکاندا بەشێک پابەندیی نوێ قبووڵ بکەن، بەڵام رۆژئاوا هەرگیز بەو ئاواتەی خۆی ناگات.
نوێنەری خەڵکی کێرمان لە مەجلیس ڕاشیگەیاند: ئەوڕۆ رۆژئاوا تێگەیشت کە درێژەی گەمارۆکان نە تەنیا ئامانجەکانی وەدی نەهێناوە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرەو بواری نوێی تێپەڕین لە گەمارۆکان بردووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: داپەڕەکانی دوژمن لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو نیشاندەری لاوازیی دوژمن بۆ بەزاندنی ئابووریی ئێرانە. لەم دواییە وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئابووریی ئێران سەرەڕای گەمارۆگەلی زۆر دژوار و تێکشکێنەرانە، توانیویەتی خۆی ڕێک بخاتەوە. هەر بۆیە ئەوی لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی بە هێمای تێکڕووخانی ئابووریی ئێران وێنامان دەکرد لە ساڵی ٩٨دا وەدی نەهات و کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکی دەرچوون لە گەمارۆکانە.
پوور ئیبراهیمی وتیشی: ئەگەر ئەو بوارە تا مانگەکانی داهاتوو درێژەی هەبێ، ئەمریکا چیتر گەمارۆی نوێی ئابووریی نییە کە بیەوێ بە سەر ئێڕاندا دایسەپێنێ. تێپەڕینی ئێران لە هەلومەرجی دژواری گەمارۆ، بە واتای کۆتایی سیاسەتگەلی گەمارۆی ئابووری لە دژی ئێرانە.
ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس زیادیشی کرد: لە ڕاپۆرتی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەدا هاتووە کە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان گوشار دەخەنە سەر کۆمەڵگەی جیهانی بۆ هاوکاری نەکردنی ئێران، چوار وڵاتی ڕووسیا، تورکیا، عێراق و چین ئەو زاتەیان شکاند و پێدەچی لە داهاتووشدا وڵاتانی دیکە پێڕەوی لە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران نەکەن و ئاواتی داخستنی پەیوەندیی ئابووری لە گەڵ ئێران بە کردەوە وەدی نەیەت و کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لەو قۆناغە تێپەڕێت و بگەڕێتەوە بۆ بەستێنی پەیوەندیگەلی ناوچەیی و جیهانیی.
دەستەوەستان بوونی ئەمریکا و بەریتانیا لە شکستی گەمارۆکانی ئێران
ئەندامی شۆڕای ناوەندیی فراکسیۆنی نوێنەرانی ویلایی مەجلیس بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان لە گەمارۆکانی سەر ئێران دەستەوەستان بوونە، ڕایگەیاند: هەر بەو پێیە باسی شەڕ دەکەن، دەستەوەستانی ئەمریکییەکان لە بابەتی گەمارۆی ئابووری بۆتە هۆی ئەوەی کە پرسگەلێکی وەک شەڕی سەربازی بخرێتە ڕوو. ئەمریکا دەزانێ کە هیچی لە شەڕ بۆ مسۆگەر نابێت و شەرمەزاریی زیاتری ئەمریکای لە ناوچە و جیهان بە دواوە دەبێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەمریکییەکان پێشتر ئیدعایان دەکرد کە ڕەوتی گواستنەوەی دەریایی کەنداوی فارس پاسەوانی دەکەن و هەموو شتێک دەگرنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە بۆ نەوت هەڵگرەکان لە ناوچەدا نیشانی دا کە ئەمریکا دەسەڵاتی بە سەر کەنداوی فارسدا نییە.
پوور ئیبراهیمی بیری هێنایەوە: لە ڕووداوی داخستنی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئەمریکیش خێراترین و پێشکەوتەترین فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئەمریکی لە لایەن هێزی سەربازیی ئێران کرایە ئامانج و ئەمریکا تەواو بەو کارە سەراسیمە بوو و دەیەوێ بە هەر جۆرێک ئابڕووی خۆی کۆ بکاتەوە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیس لەوبارەیەوە ڕوونی کردەوە: ئەمریکییەکان هەوڵیان دەدا لە گەڵ ئێران ڕێک بکەون تا لە بەرامبەر داخرانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی داخراوە لە ناوچەیەکی بەری لە جەماوەر و بێ بایەخی ئابووری لە ناو خاکی ئێران بە شێوەی بەرتەسک بوردۆمان بکەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران پێی ڕاگەیاند کە چکۆلەترین دەستدرێژی بۆ سەر ئێران بە مانای شەڕی بە تەواو مانا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و وەڵام دەدرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە کۆتایی سیاسەتگەلی گەمارۆیی ئەمریکا لە دژی ئێران کرد و وتیشی: هەڵوێستی بەهێزی رێبەری باڵای شۆڕش هەمبەر بە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بووە هۆی لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەدا و ئەمریکا لای خەڵکی جیهان لە قەوارەی وڵاتێک دۆش داماو و دەستەوەستان لە بەرامبەر ئێراندا وێنا کرا.
بۆچوونی ئێوە