پەکەکە شەڕ و نائارامی هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوشتنی سەرکردەکەی پەکەکەوە هەبێت و نیگەرانی خۆیشی لە بوونی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماڵپەڕی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوپەیوەند بە پەکەکە بڵاوکردەوە.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: "لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە."

ئەوەش هاتووە: "ئێمە سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە، کە بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان."

ڕاشگەیێندراوە کە " بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان ‌پەکەکە و تورکیا."

ئەوەش هاتووە: " لێرەدا جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارین کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نییە."

لە کۆتاییدا ڕاگەیێندراوە: "دەبێت هەموولایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت."

News Code 27339

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 13 =