مۆسیقای کوردستان کاریگەریی بەرچاوی لە سەر مۆسیقای ئێران هەیە

بیژەن کامکار دەڵێت: کاریگەریی مۆسیقای کوردستان لە سەر مۆسیقای نیشتمانی یەگجار زیاترە لە کاریگەیی مۆسیقای نیشتمانی لە سەر مۆسیقای کوردستان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کوردی: بیژەن کامکار ئێستا لە هەرەتی ٧٠ ساڵیدا لە شوێنێک وەستاوە کە سەرەڕای نەخۆشی و چەندین نەشتەرگەریی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، دەتوانێت شانازی بە تەمەنێک خزمەتی بە مۆسیقای ئەم گەلە بکات. هونەرمەندێکی بێ وێنە کە ئامێری دەفی لە خاناقاوە بردە بواری مۆسیقا و بە ژەنیارییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگی ئەم ئامێرە عێرفانییەی بە گوێی جیهاندا گەیاند.

بیژەن کامکار ئێستا یەکێکە لە ٣٠ ناوداری کورد کە لەم رۆژانەدا و لە میانەی کۆنگرەی ناودارانی کورد ڕێزیان لێ دەگیردرێت و هەوڵەکانیان دەنرخێندرێت و ئامادەبوونی لە پایتەختی فەرهەنگی کوردتان هەلێکی ڕەخساند بۆ وتووێژی چڕ و پڕی هەواڵنێری ئاژانسی فارس لەبارەی مۆسیقا بە گشتی و مۆسیقای کوردی بە تایبەت و رێکارەکانی بەردەم گەشەی مۆسیقای نەریتی کورد لە گەڵیدا کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* پەیوەندی لێک هەڵنەبڕاوەی بنەماڵەی کامکارەکان لە گەڵ مۆسیقا بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، وەک یەکەم پرسیار حەز دەکەین باسی ناسیاویی بیژەن کامکار و مۆسیقا و ئامێری دەف‌مان بۆ بکە؟

ـ من لە شارێکدا لە دایک بووم کە لە پەنای مزگەوت و منارەکان پڕ بوو لە تەکیە و خانەقا و لە هەر کۆڵانێکی لانی کەم یەک دوو تەکیەی لێ بوو. شارێک کە ناوی گرێی خواردبوو بە ناوی دەفژەنانێکی وەک حاج خەلیفە کەریم سەفەوتی، خەلیفە میرزا ئاغەغەوسی، ماشەڵڵا بەختیاری، محێدین بڵبانی و سەید شەمس قورەیشی. هەر بۆیە لە گەڵ چاو و گوێ کرانەوەم ڕووم لە خانەقا کرد و گوێم بە دەنگی "دەف" زاخاو درا.

* ئەو هۆگرییەی سەردەمی منداڵیت چۆن بێرە گەیشت؟

ـ منیش وەک زۆربەی مامۆستایانی ناوداری بواری مۆسیقا لە بەردەستی باوکم ڕاهاتم؛ وانەی مۆسیقا لە بەردەست حەسەن کامکار فیر بووم. لە گەڵ ئەو مەشقی مۆسیقایە دەف و زیکری دەروێشانەم بینی و دەمدی کە چۆن شێخ دەگاتە گوڕەپانی شار دەروێشان بە سەما و دەف ژەندنەوە دەچنە پێشوازیی و گۆڕەپان دەبووە شوێنی بە یەک گەیشتنی دەف و دەروێشان. ئەوەم بینی هۆگری دەف بووم.

هەر لەو ساڵانەدا بە بێ ئەوەی لای کەسێک فێری هونەری ژەندن بم، خۆم لە ماڵێ لاسایی شێوەی جووڵەی دەستی ژەنیارانم دەکرد و لە میرمنداڵیدا بە شێوەی جیدی پەیجووری دەف ژەندن بووم.

* دەف چۆن ئامێرێکە؟

ـ ئامێری کووبەیی ڕەهەندیان هەیە. ئەگەر تایبەتمەندیی لە مۆسیقا چوار ئەستوون و یەک ئەستوونی گرینگ بێت، ئەوا دەف یەکێک لەوانە و زنجیر و هەیبەتەکان ڕەهەندیان بەو ئامێرە کووبەیی داوە.

سەرەتا کە دەفم بە دەستەوە دەگرت، هەستم دەکرد کە دەف ئامێرێکی لاپان و زەبەلاحە و هەڵگرتن و ژەندنی پێویستی بە دەست و مەچەکی پاڵەوانی هەیە. بەڵام ئێستا دان بەوەدا دەنێم کە ئەو ئامێرە لە دەست و مەچەکی ناسکی هەندێ ژەنیاری ژندا زۆر دەنگ و نەوایەکی خۆشتری لە ژەندنی پیاوان هەیە.

* یەکەمین چالاکیی پڕۆفێشناڵتان لە چ کات و لە کوێدا دەست پێکرد؟

ـ یەکەمین جالاکیی پڕۆفێشناڵم لە بواری مۆسیقا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆرانیبێژیم لە ڕادیۆ سنە.

* ئەی یەکەمین هەوڵ و هەنگاو بۆ جێگرکردنی ئامێری دەف لە گرووپی کامکار لە کەیەوە دەستی پێکرد؟

ـ ئو پێشنیارە یەکەم جار لە لایەن باوکمەوە بوو، بەڵام ئەو بڕیارە بە هۆی چوونی من بۆ سەربازی و هەروەها درێژەی خوێندنم لە زانکۆی تاران بۆ ماوەی چەند ساڵ وەدوا کەوت.

تا بەر لەو بڕیارە دەف ئامێرێکی ئایینیی ناو خانەقا بوو، بەڵام لە ڕابردوودا و پاش بینینی چەندین ژەنیاری لە باوکم، ئەو ورەیەم لا ساز بوو کە دەست بدەمە دەف و ئەو ئامێرە بژەنم.

* لە جێیەکدا وتووتانە کە دەفتان لە گۆشەی خانەقاوە بردە بواری مۆسیقا؟

ـ وایە و ئەوە ڕاستییەکە کە بڕوام پێیەتی. دەف کە ساڵانێک لە ڕێوڕەسمگەلی خانەقایی و زکر و سەماع دەروێشەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا، من بە مۆسیقای نەریتیی ئێرانم ناساند و بە باشترین شێوە کەڵکم لێ وەرگرت. لە لایەکی دیکەوە بە بەشداری لە زۆربەی فێستیڤاڵە ناسراوەکانی جیهاندا ئەو ئامێرەم بە خەڵکی جیهان ناساند.

* ئایا مۆسیقای کوردستان کاریگەریی لە سەر مۆسیقای ناوچەکانی دیکە و شوێنەکانی وڵات بووە؟

ـ خوالێخۆشبووی باوکم لە ماوەی سێ دەیەدا قوتابیی زۆری لە بواری ژەنیاریی مۆسیقادا ڕاهێنا و بە دوای ئەودا برایانی یووسف‌زەمانی جێ پێی تایبەتیان لە مۆسیقای وڵاتدا کردەوە و بێ گومان دوو کەس لە کاریگەرترین ئۆرکێست فلارمۆنییەکانەکانی ئێستای وڵات هەر لەو بنەماڵەیەن کە قوتابیی بەردەستی باوکم بوون.

بنەماڵەی کامکارەکان لە ناساندنی مۆسیقای خانەقاییدا ڕۆڵێکی گرینگی بووە و ئەو مۆسیقایە و ڕیتمی خانەقایی بە زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا بەشداری فێستیڤاڵەکان دەبن، ناساند. کەواتە ئەگەرچی مێلۆدی لە مۆسیقایەدا یەکە، بەڵام ئەوی لە مۆسیقادا جیاوازە وەک عەرەبەکان دەڵێن لازیمەیە و گومان مەکەن کە تایبەتمەندیی مۆسیقای هەوارمی بە تایبەت ڕیتمەکانیان ناسنامەیەکی جیاوازە.

کەسانێک کە لە مۆسیقادا ئیش دەکەن دەتوانن هەست بە کارێگەریی مۆسیقای کوردستان لە سەر مۆسیقای هەموو ناوچەکانی ئێران بکەن و ئەوە لە سای ئامێری دەفە. سەردەمانێک دەف لە خانەقاکان لێدەدرا، بەڵام ئەوڕۆکە لە تەواو ژانرە مۆسیقاکان لە پاپەوە تا نەریتی شایەدی بە کار هێنرانی دەف‌ین و ئەو کاریگەریانە کاریگەرییەکی کەم نین.

* ئایا مۆسیقای کوردستانیش کاریگەریی لە مۆسیقای ناوچەکانی دیکە  وەرگرتووە؟

ـ بێ گومان هەر وایە، ئەو گۆڕانە بەرامبەرە؛ مۆسیقای کوردستانیش کاریگەریی لە مۆسیقای نیشتمانی وەرگرتووە. بەڵام ئەی خۆزگە من کورد نەبایەم و بە ڕووانینێکی نارسیستانە نەزانرابا گەر بڵێم مۆسیقای کوردی کاریگەریی زۆر زیاتری بووە لە سەر مۆسیقای نیشتمانی بە نیسبەت ئەو کاریگەرییەی کە مۆسیقای نیشتمانی لە سەر مۆسیقای کوردستان بوویەتی.

ناڵێم مۆسیقای کوردستان باشترە، بەڵکوو دەڵێم کاریگەریی مۆسیقای کوردستان لە سەر مۆسیقای نیشتمانی زۆرتر بووە و ئەوڕۆ دەبینین کە هەندێ ڕیتیمی باوی کوردستان ئاوێتەی مۆسیقای نیشتمانی بووە.

* بۆ گەشەی مۆسیقای کوردستان بە پێی تایبەتمدنییە ڕەسەکانی مۆسیقای کوردی دەبێ چ هەوڵ بدرێت؟

ـ بەردەوام وتوومە مۆسیقای کوردستان لە باری چەندایەتییەوە گەشەی بەرچاوی بووە، سەردەمانێک لە شاری سنە باوکم ڕاسپێردرا کە گرووپێکی مۆسیقایی پێک بێنێت. ئەو کات هەموو کوردستان گەڕا و نەیتوانی بە ڕێژەی پێویست ژەنیار کۆ بکاتەوە، چالاکانی بواری مۆسیقا لەو دەمدا نەدەگەیشتنە ژمارەی قامەکانی دەست.

بەڵام ئێستا هەر لەو کوردستانە لە سای هەوڵی چالاکانی ئەو بوارە و هەڵبەت دڵسۆزیی هەندێک دەزگای فەرهەنگی گرووپی ئۆرکێست فلارمۆنیکمان هەیە کە لە خۆیدا هەنگاوێکی بێ وێنەیە. لام وایە ئەگەر لەوبوارەدا پاڵپشتیی پێویست لە پارێزگای کوردستان بکرێت، دەیان گرووپی وەک شەیدا سەر هەڵدەدات.

ئەوە بەو مانایە کە مۆسیقای کوردستان لەباری چەندایەتییە گەشەی بەرچاوی بووە، بەڵام ئەوی من ڕەنج دەدا ئەوەیە کە ئەو مۆسیقایە لە باری کوالیتییەوە گەشەیەکی ئەوەتۆی نەبووە و هێشتا پێویستی بە کاری شلگێرانەیە.

* هۆکاری ئەم ناڕەزایەتییە لە کوالیتی مۆسیقای کوردی بۆ چێ دەگەڕێتەوە؟

ـ بە داخەوە مۆسیقای کوردی لە باری کوالیتی رۆژ بە رۆژ لە دابەزینە و ڕووی لە مۆسیقایەک ناوە کە هی ئێمە نییە و هەر ئەو بابەتە ئاستەنگێکی جیدیی لە بەردەم ئێمە لەو بوارەدا دروست کردووە. لام وایە ئەو نۆرمە نوێیە تەنانەت ئەگەر بە باشترین شێوە ئاراستە بکرێت و بتوانێ پلە و پێگەیەک لە جیهاندا مسۆگەر بکات، بەو پێیەی لە بنەما و چوارچێوەی ڕەسەنی خۆی دابڕاوە، بێ بایەخە.

وەک بیستوومە لە هەرێمی کوردستانیشدا مۆسیقای کوردی ئاوێتەی مۆسیقای پاپ بووە و زۆرتر بەرەو ئەو ئاراستە دەڕوات. ئەگەرچی زۆر حەز بە مۆسیقای پاپ دەکەم، بەڵام مۆسیقای پاپ بە مۆسیقای خۆماڵی نازانم و هەرچی لەو بوارەدا هەوڵ بدەین، چووینەتە خزمەتی مۆسیقای رۆژئاوایی و ئەوە بێ کەڵکە.

لە بەرامبەردا ئەوڕۆ ملۆدییەکانی ناوچەزۆر شلگێرانە لە لایەن ژەنیاران و چالاکانی ئەو بوارەدا پێوشوێن دەگیرێت، بەڵام پرسی ڕیتم و جووڵە دەتوانێ بە بەهرە وەرگرتن لە ڕێتمەکانی خود کوردستان بە تایبەت ناوچەی هەورامان باشترین دەسکەوتی بە دواوە بێ، چونکە هەر بەو ڕیتمانە دەتوانین هەموو جیهان بێنینە سەما و هەڵپەڕکێ و ڕەقس.

* هۆکاری بەهانەدان بە ڕیتمگەلی نەریتی و دابەزینی مۆسیقای کوردستان لە چیدا دەبینن و پێشنیاری ئێوە بۆ دەرچوون لەو دۆخە چییە؟

ـ یەکێک لە گرینگترینی ئەو هۆکارانەی بۆتە هۆی دابەزینی مۆسیقای کوردی لە باری کوالیتییەوە سەروومیدیاگەلی وەک ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنە. سەدان و بگرە هەزاران کەناڵی بیناری و بیساری لە جیهاندا بۆ چەسپاندنی مۆسیقای رۆژئاوایی هەوڵ دەدەن و لەو پێناودا بەرنامە ئامادە دەکەن، کەچی لە وڵاتی ئێمە گۆژمەیەک بۆ کارێکی ئاوا تەرخان نادرێ.

هەر بۆیە پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئەگەرچی ڕەنگە ئێمە لە بواری فریاکەوتنی هونەری مۆسیقادا دەرەقەتی بەرپرسانی لاواز و تەنانەت میدیاگەلی فەرمی بێین، بەڵام کەمایەسیی تەکنۆلۆژیامان بۆ قەرەبوو نابێتەوە. زیندوو و کارامە بوونی هونەر پێویستی بە بەرهەم هێنان هەیە و بە داخەوە بەرهەمە هونەرییەکان بە خۆرایی و لە رێگەی هەمان تەکنۆلۆژیای رۆژی وەک مۆبایل و ... خێرا بڵاو دەبێتەوە و هیچ داهاتێک دەستی هونەرمەند ناگرێت. جیهانی سەرمایەداری پشت‌ئەستوورە بە سەرمایە و چۆنە لە دۆخێکی ئاوادا هونەر دەتوانێ بە بێ پاڵپشتی و سەرمایە درێژە بە ژیانی خۆی بدات.

مۆسیقا بە بڕوای من لە لایەن تەکنۆلۆژیا و مۆبایلەوە بەرەو لە ناوچوون دەچێ و هەر بۆیە لام وایە ئەو بەستێنە زیاتر لە جاران پێویستی بە سەرمایەدانەرییە. دەنا بە زووترین کات شایەدی لە ناوچوونی مۆسیقا دەبین.

* پاڵپشتی لە هونەرمەندانی چالاکی کوردستان چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ چکۆلەترین پاڵپشتییەک لە زۆربەی هونەرمەندان و ناودارانی کوردستان ناکرێت، بەڵام سەرەڕای تەواو ئەوانە لە سای هەوڵ و شەونەخەونیی زۆریان بێرە گەیشتووین و هیوادارین بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە کۆنگرانە بتوانێ ئەمان بە باشترین سێوە بە کۆمەڵگای کوردی بناسێنێت.

* ئێستا کە باسی کۆنگرە کرا حەز دەکەم ڕوانینی ئێوە لەبارەی کۆنگرەی ناودرانی کورد بزانم؟

ـ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە خۆیدا هەنگاوێکی گرینگ و بایەخمەندە، ئەگەرچی لام وایە ئەو هەنگاوە درەنگ هەڵگیراوە و دەبێ زووتر هەوڵی بۆ درابایە، بەڵام هیوادارم ئەو هەنگاوە تەنیا بە ڕێوڕەسمێک کۆتایی پێ نەیەت. بەڵکوو رێخۆشکەر بێت بۆ هەنگاوگەلی بەردەوام و گەورەتری فەرهەنگی لە کوردستان.

میدیاگەلیش دەبێ لەو پێناوەدا هەوڵی باشتر بدەن بۆ ڕۆماڵ کردنی بەربڵاوی کۆنگرەی ناودارانی کورد، هەتا هەموو جیهان شایەدی ئەم ڕووداوە گرینگە بن و ئەم هەلە وەک بۆمبایەک لە جیهاندا دەنگ بداتەوە.

News Code 27223

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 6 =