کوردستانی ئێران ناوەندی فەرهەنگی هەموو کوردەکانی جیهانە

سەلاحەدین خەدیو، ڕۆژنامەوان و چالاک و توێژەری فەرهەنگی کورد دەڵێت: داڕێژەران و بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ناودارانی کورد کە ئەم گەڵاڵەیان داڕشتووە و یارمەتی بەرێوەچوونیان داوە دەتوانن ئەو ئیدیعا بکەن کە ئەوە کوردستانی ئێرانە کە ناوەندی فەرهەنگی کوردەکانی هەموو جیهانە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و هونەری کورد- حەلیمە موڵایی: دکتۆر سەلاحەدین خەدیو، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری فەرهەنگی لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری مێهر باسی لە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە کۆنگرەی ناودارانی کورد کە بڕیارە حەوتەی داهاتوو لە شاری سنە بەڕێوەبچێت، کردووە.

دەقی دیمانەکەی دکتۆر سەلاحەدین خەدیو :

کاریگەریی کۆنگرەی ناودارانی کورد ئاوا لە ئاستێکی نێودەوڵەتی و بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای ئێران و سەدان میدیاکاری ناخۆیی و دەرەکی لەسەر گەشەی فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردی چی دەبێت؟

بێ گومان بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نێودەوڵەتی ناودارانی کورد لە سنە ڕووداوێکی فەرهەنگی زۆر گەورەیە کە کاریگەریی و ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی ئیجابی لەسەر گەشەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و زانستی کۆمەڵگای کوردی دبێت. بەتایبەتی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کوردستانی ئێران لە کاروباری فەرهەنگی و بەرنامە وفستیڤاڵ و کۆنگرەی فەرهەنگیدا دوای کوردستانی عێراق و تورکیا کەوتبوو، بەڵام ئێستا بەم کۆنگرە مەزنە کە بڕیارە بەڕێوەبچێت ئەویش لە ئاستێکی وادا و بۆ رێز گرتن لە ناودارانی ناوبەدەری کورد لە جیهان،  دووبارە ناوەندێتی چالاکی فەرهەنگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستانی ئێران. بەڵام ئەگەر چەند مەرجی سەرەکی بۆ بەڕێوەچوونی لەبەرچاو بگیردرێت باشتر ئەو ئامانجانەی خۆی دەپێکێت.

بە ڕای ئێوە ئەو مەرجانە چین ؟

ئەوەی کە کۆنگرە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونیدا باش و بە دیسیپلینەوە بەڕێوەبچێت، پێشتر ئامادەکاری تەواوی بۆ کرابێت لە هەموو بارێکەوە، ئەوانەی رێزیان لێدەگیردرێت بە راستی کەسی ناودار و خاوەن پێگە بن، پسپۆڕ و بلیمەت بن لە کار و هونەر و زانستی خۆیاندا، ئەم کۆنگرە نەپسێتەوە و بەیەک کۆنگرە تەواو نەبێت و بەردەوام بێت تا کاریگەریی ڕاستەقینەی خۆی دابنێت. لە دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیش بەڕێوەبچێت و تەنیا پارێزگای کوردستان و شاری سنە نەبێت.

کۆنگرەی زانستی بۆ ناساندن و ڕێزگرتن لە کەسایەتییە دیار و بلیمەتەکانی کورد چ دەستکەوتێکی بۆ دروست بوونی دیالۆگ لە نێوان ئیتنیکەکانی ئێران هەیە ؟

من پێم وایە ئێستا زۆر لەگەڵ جاران دۆخەکە جیاوازە. بە دڵنیاییەوە ئێستا ڕووناک بیران و کەسایەتییە زانستی و ئاکادمیکەکان ئێران لە سەرجەم ئیتنیکەکانی وەک فارس، بەلووچ، تورکمان، عەرەب، ئازەری و......زیاتر لە جاران ئاگایان لە فەرهەنگی کوردی هەیە. بەڵام دیسانیش ئەو کۆنگرەیە دەتوانێ دەرگایەکی ئاوەڵا بکاتەوە بۆ ئامشۆی فەرهەنگی ،تەعامولی زیاتر و گۆڕینەوەی بیروڕا و زیاتر بەیەکتر ئاشنا بوون. دەتوانێ سیمایەکی فەرهەنگی ببەخشێت بە پارێزگای کوردستان و شاری سنە کە بەڕاستیش شایانی ئەوەیە. جێ پەنجەی سنە لە بواری فەرهەنگی بە تایبەتی مۆسیقا و ئەدەبیات لە ئێراندا دیارە و بەم کۆنگرانە خەڵکی ئێران باشتر ئاشنای دەبن. هەروەها پردێکی قایمتر دروست دەکات لە نێوان کورد و دیکەی نەتەوەکانی وڵات  و هەروەها لە نێوان کوردی ئێران و دیکەی کوردەکانی جیهان.

ئاوڕدانەوەی بەرپرسانی باڵای وڵات لە گەورە ناودارانی کورد  بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستا و دۆخی ئێستای وڵات و ناوچەکە چ پەیامێکی پێیە ؟

بە ڕاستی ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادمیک و فەرهەنگی  بەڕێوەبچێت . ئەو پەیامەی هەیە کە ڕوانینی ئێمە بۆ کوردی ئێران  ڕوانینێکی فەرهەنگیە و ئەوە دەگەیێنێت کە سینگی ئێمە فراوانە و دەرگای هەوڵ و تێکۆشانمان ئاوەڵایە بۆ ئەوەی کە ناوچە کوردنشێنەکان گەشە پێبدەین و بەرەوپێشکەوتنی ببەین.

بەڵام لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێک بکەم ئەویش ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا نیشتەجێن و تەنانەت زیاتریشن لە کوردی پارێزگای کوردستان. ناکرێت زانایان و نووسەران و چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبی ئەم ناوچە کە زۆریشن و بەرهەم و نووسراوە و ئاسەواریان لە ژمارە نایێت؛ هەر بێنە پارێزگای کوردستان بۆ بەشداریی لە ڕووداوە فەرهەنگی و زانستییەکان و لە ناوچەی خۆیان هیچ پلان و بەرنامەیەکی فەرهەنگی ئەوتۆ نییە.

چاوەڕوانیتان چییە؟

بەڕاستی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە پارێزگای کوردستان بەتایبەت کە بەرپرسانی باڵای پارێزگاش خۆیان بەڕێوەیدەبەن و پشتگیریان کردووە و خودی وەزیری ئیرشادی ئیسلامی ئێران جەختی کردووەتە سەری و بە زەروورەتی ناوبردووە جێگای دەست خۆشی و پێزانینە. هیوادارین بۆ خەڵکی ناوچەی ئێمەش ئەم کارانە بکرێت و ئەم دەرفەتانە بڕەخسێت، دەبێ بەرپرسانی دیکە ناوچەکوردنشینەکانی ئێرانیش ئەم ڕەوتە بگرنە پێش و هەوڵی ئاوا بدەن بۆ خولقاندنی کاری گەورە و کاریگەری فەرهەنگی و ئەدەبی و ئەوەش بزانن کە ڕوانینی بەرپرسانی باڵای وڵات بۆ کورد روانینی فەرهەنگی و شارۆمەندانەیە و بۆیە لە پارێزگای کوردستان کۆنگرەی وا فەرهەنگی مۆڵەتی پێدەدرێت . کۆکردنەوە ئەم ڕێژە لە زانا و گەورە ناودار و بلیمەتی کورد کە هەر کامەیان لە بوارێکدا شوێن پەنجەیان دیارە کارێکی قورس و زەحمەتێکی بێ وێنەیە .

ئێوە پێشنیارتان چییە بۆ ئەوەی ئەم زەحمەتە باشتر بگاتە ئەنجام و ئامانجەکانی ؟

دەبێ هەموو کارێک بە کارزان و کەسی شارەزا بسپێردرێت و خۆشبەختانە لیژنەی زانستی کۆنگرەکە دراوەتە زانکۆ کوردستان و ئەمەش جێگای دڵخۆشیە کە بۆ هەڵبژاردنی ناودارانی کورد پێوەر و پێوانەکان هەمووی زانستی و ئاکادمیکن و بێ گومان بەو ئەزموونەی کە لە سنە هەیە لەو بوارەدا و سنە و زانکۆ کوردستان هەمیشە  ڕووداوی فەرهەنگی و ئەدەبی گەورەی کردووە، دەتوانێ سەرکەوتوو بێت.

News Code 27093

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 10 =