کۆنگرەی ناودارانی کورد دەبێت رووداوێکی تازەبێت/ بەستێنێ متمانە بۆ دیالۆگ بخولقێت

کامبیز کەریمی شاعێر و نووسەری ناسراوەی کوردستان پێیوایە دەبێت کۆنگرەی ناودارانی کورد کە چەند ڕۆژی تر لە سنە بەڕێوەدەچێت، ببێتە ڕووداوێکی تازە و بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بە گوێرەی بارودۆخی ئێستا بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و هونەری کوردی- حەلیمە موڵایی: لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی یه‌که‌مین کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ناودارانی کورد کە ڕۆژانی ۱۱ و ۱۲ و ۱۳ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ له‌ شاری سنه‌ و ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی دەرەکی و ناوخۆیی بەڕوەدەچێت، بۆ لێکدانەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کۆنگرە و باس کردن لە دەستکەوتەکانی دیمانەیەکمان لەگەڵ کامبیز کەریمی شاعێر و نووسەر و توێژەری ناسراوە و پێشەنگی کورد سازداوە کە دەقەکەی لە خوارەوە دەخرێتەڕوو؛

لە مانگی پووشپەری ئەمساڵدا لە سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد بەرێوەدەچێت ، ئێوە وەکوو شاعیر ، نووسەر و رۆژنامەنووسێکی دیاری کوردستان ئەزموونی کۆنگرەی فەرزانەگانی کوردتان لەبیرە کە ساڵی ۱۳۷۵ بەرێوەچوو ، ڕاتان سەبارەت بە دووپات کردنەوەی ئەم ئەزموونە چییە؟
هێشتا زووە داوەری لەسەر دووپات کردنەوە یان ئەزموونێکی تازە لەسەر کۆنگرەی ناودارانی کورد بکەین . کۆنگرەی فەرزانەگانی کورد رەزبەری ساڵی ۱۳۷۵ی هەتاویی واتە ۲۳ ساڵ پاش ئێستا  بە هەوڵ و تەقەلای دوو ناوەندی فەرهەنگی واتە روێژکاری فەرهەنگی پارێزگاری کوردستان و بڵاڤگەی سەلاحەدین ئەیوبی  بەرێوەچوو.دووکەسایەتی دیاری کورد کاک بارامی وەلەدبیگی و کاک ئەحمەدی قازی لەسەرەوەی بەڕێوبەرایەتی ئەم کۆنگرەیەوە بوون . کە لە راستیدا توانیان رووداوێکی میژوویی بخۆڵقێنن . رووداوێکی هەڵگیرساو لە دڵی لێکدانەوەی زانستی بارودۆخی سیاسی ، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی ئێران و ناوچەکوردنشینەکان. 

واتا ئێوە ئەم دوو ڕووداوە بە جیاواز دەبینن؟
کۆنگرەی فەرزانەگانی کورد توانی هاوکات لە گەڵ لێکۆڵینەوە لە سەر بەرهەمەکانی مام هەژار و هێمن و سوارە پەنجەرەیێکی تازە لە سەر حەمدی و تورجانی زادە و سەید تاهیر هاشمی بکاتەوە . توانی بە گشتی سەرما و شەختەبەندی کاری فەرهەنگی لە کوردستاندا بشکێنێت ، گرینگتر لەمانە پاش ئەم کونگرەیە سەدان کۆڕ و کۆبوونەوە و ئەنجومەن و کتێبی کوردی لە دایک بوون ، لە بیرنەکەین ئەوساڵانە بۆ شەوە شێعرێک دەبوایە دوومانگ سەرقاڵ بووبایی. ئەمانم وت تا بگەمە ئەم رەستەیە کە  کۆنگرەی ناودارانی کورد نابێت دووپات کردنەوەی کۆنگرەی فەرزانەگان بێت ، بەڵکوو پێویستە رووداوێکی تازەبێت ، تازەبوونێک بە پێ لێکۆڵینەوەیەکی دروست و زانستی لە سەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و  ئێران و ناوچە کوردنشینەکان.

ئەگەر بە هەڵەدا نەچوو بێتم کۆنگرەی فەرزانەگان لەسەر کەسایەتیە کۆچکردووەکان بوو و کۆنگرەی ناوداران لە سەر ناودارانی زیندووی کوردە.
ئەم جیاوازیە جیاوازیکی باشە ،بەڵام ناتوانی موعجزە بخۆڵقێنێت ،لە بیرنەکەین هەر ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکان مانگانە دەیان کۆڕی پەردەهەڵدان لە سەر کتێب و کۆڕ و کۆبوونەوە بە تەوەری کەسایەتیەکان بەڕێوەدەچێت ، بەڕێوبەرانی کۆنگرەی ناودارانی کورد دەبێت بیر لە دۆخە نەهێنیەکان بکەنەوە ، کە دەبێ چاوەڕوان بین  بزانین چی روودەدا. هەرچەندە  جیاوازیێکی تریش هەیە و ئەویش ئەمەیە کە ئەویان فەرزانەگان بوو و ئەمیان ناوداران . 

وادیارە لە سەر ناوی کۆنگرەکە کێشەتان هەیە !
کێشەم نییە ... لێڵی پێوە دیارە ، ناوداری هیچ هەڤیازی یان بە عەربی فەزیلەتێک لە خۆناگرێت ، جادەی بەدەست هێنانی ناوداری لەگەڵ بەستێنی گەیشتن بە فەزیلەت زۆر جیاوازن ئێمە پێویستمان بە کەسایەتی پڕفەزیلەتەکانمانە تا ناودارەکان ،لێگەڕین دەرفەتی ئەم باسە نییە.

لێژنەی زانستی کۆنگرەی ناودارانی کورد ۳۰ کەسایەتی وەکوو ناوداران دیاری کردووە بەڕای ئێوە پێوەری هەڵبژاردنی کەسێک وەک ناودار چییە؟
ئەم پرسیارە دەبێ رووبەڕووی  ئەولێژنەی زانستیە و بەرپرسی کۆنگرەکە بکەن من نازانم. بێ گۆمان پێوەرەکانیان ڕادەگەینن. بەڵام ئەوەی سەرەنجراکێشە ئەمەیە تا ئێستا نە لێژنەی زانستی و نە بەڕێوەبەرانی کۆنگرە هیچ ئاگاداریکیان سەبارەت بە کەسایەتیەکان و فۆرمی کۆنگرەکەیان رانەگەیاندووە . ئەگەر بڕیار  وابێت تەنیا بە خوێندنەوەی چەند ناوێک بێت و یەک دوو کلیپ لە سەر ئەو کەسایەتیانە بڵاو بێتەوە بەراستی غەدرێکی گەورە لەو ناودارانە دەچێت. من چەند ناوێکیان دەناسم شیاوی ئەوەن بە دەیان وتار لە سەریان باس بکرێت.هەر وەک کۆنگرەی فەرزانەگانی کورد کە لەسەر کەسایەتیەکان سەرجەم ۶۹ وتار پێشکەش کرا.

لە زانکۆی کوردستان دوو رۆژ بەشێوەی پەنێل باس لە سەر ئەو کەسایەتیانە دەکرێت. 
زۆر باشە بەڵام باشتر بوو لێژنەی زانستی پێشتر بانگهێشتی وتاری بکردایە کە ئەو گۆمانە درووست دەکات  یان لەسەر ئەو کەسایەتیانە باس ناکرێت یان کەسایەتیەکان لە نێوان لێژنەی زانستی دا و بگرە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان  بۆ لێکۆڵینەوە و باس دابەش کراون . 

کارتێکەری ئەم کۆنگرە بۆ ناساندنی کەسایەتی کوردەکان بە ناوخۆی وڵات و دەرەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بڕوانن ... زمانی کوردی دووهەمین زمانی نووسینە لە ئێراندا،موسیقای کوردی کۆڵەکەیکی بەهێزە لە نێوانی موسیقای رۆژهەڵاتی ناوین ،سینەما و شانۆی کوردی ڕەوتێکی دیارە؛ لانیکەم لە ۱۵ ساڵی رابردوودا،شێوەکاران و نیگارکێشەکانی کورد ۲۰ ساڵە بزووتنەوەیێکی بە هێزیان لە ئێراندا دەستپێکردووە، وەرزش وانانی کوردیش کەم نین کە لە ئاستی نەتەوەییدا ناوی ئاشنا و کەسایەتی ناسراون ، ئەمانم وت تا بڵێم کورد و کوردستان ناو و مانایێکی غەریب نییە لە ئێراندا ،بەڵکوو نەتەوەیەکە کە رۆژ لە دوا رۆژ بە تێکۆشانی زاناکان و خەڵکی سەرشەقام لە گەشەکردن و باڵابەرزبووندایە کە وا بوو هەرچەند ئەم کۆنگرەی هەنگاوێکی باشە بەڵام زۆرتر لە ناساندن دەبێت لە بیری هەنگاوی جیدیتردا بێت. 

بە ڕای ئێوە دەسکەوتی ئەم کۆنگرەی دەتوانێت چی بێت؟
لە پێشەوە ئۆمێدەوارم تەنیا بانگەشە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو نەبێت. راستیەکەی ئەوەیە لە ئەو ساڵانەی ۷۵ هەتاوییدا کورد لە ئێران پێویستی بەوە بوو هاواری هەبوون ،بوونی شۆناس، بوونی فەرهەنگ و بوونی ئەدەبێکی بە توانا بکا کە کردی ، بەڵام ئێستا پێویست بەم هاوارە نییە بەڵکوو بەم کۆنگرەیەوە دەتوانین بەستێنێکی پڕلە متمانە بۆ دیالۆگ لە گەڵ نەتەوەکانی تردا بخوڵقێنین ، بەستێنێک کە ئامانجەکەی دەبێت گەشەی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری لە  ناوچە کووردنشینەکاندا بێت .

بە چ شێوەیەک؟
بەدڵنیایەوە لێژنەی زانستی و بەرپرسانی  کۆنگرەی ناودارانی کورد ئەمەیان تاوتۆ کردووە و چۆنیەتی دەزانن. 

وەکوو دوایین پرسیار دەوری مێدیا کان لەم رووداوە فەرهەنگیەدا چۆن دەبینن؟ 
پێویستە بە ئاسانی میدیاکان لە تەنیشتی ئەم رووداوە گرینگەوە تێپەڕ نەبن. بوەستێن ، پێش کۆنگرە ، لە کاتی کۆنگرە و پاش کۆنگرەکە، لایەنە بە هێزەکان بخەنە بەرچاو و  بۆ کەم و کۆڕییەکانێشی خەسار ناسی بکەن.

ناونیشانی ماڵپەڕی کۆنگرەی ناودارانی کورد: http://kurdish-elites-congress.ir/?lang=ku

News Code 27052

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 8 =