ئێران و سەرلێشوانی ترامپ

هەڵسوکەوتی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران لە رۆژانی ڕابردوو وەرچەرخانێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، بەلام ئایا ئەو گۆرانانە بە هۆی خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە یان واشنتۆن خەریکی گۆڕینی شێوەی یارییەکەیەتی؟

ئاژانسی هەوااڵی مێهر، بەشێ نێودەولەتی – عەبدولحەمید بەیاتی: ئەمریکا کە لە مانگەکانی ڕابردوودا هەڵویستی دژبەرانەی خۆی لە دژی ئێران تەشەنە پێدابوو و تەنانەت بە پڕۆپاگەندەییەکی زۆری میدیایی کۆپاپۆرە گەورەکانی ڕەوانەی کەنداوی فارس کردبوو، لەم رۆژانەدا بە جۆرێکی دیکە دەدوێت.

دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام لە تویتەردا باس لە حەز و پێشوازیی لە دانوستان لە گەڵ ئێران دەکات و تەنانەت لە پەیامێکی خۆیدا ڕاشکاوانە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێرانی ڕەت کردەوە.

نمونەگەلێکی وەک لێدوانەکانی ئەم دواییەی مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئینستێکس، بڵاوبوونەوەی راپۆرتگەلێک لەبارەی درێژەی فرۆشی نەوتی ئێران بە کڕیارە ئاسیاییەکانی، کەمڕەنگ بوونەوەی پێگەی "جان بۆڵتۆن" لە بڕیاردانەکانی کۆشکی سپی لەبارەی ئێران، پلانی سەفەری شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بۆ تاران، سەفەری پەمپێئۆ بۆ ئەورووپا لە پێناو دۆزینەوەی پردێکی پەیوەندی لە گەڵ ئێران و ... بەشێکن لەو وەرچەرخانە کە دەکرێت وەک هێمایەک بۆ گۆڕینی هەڵویستی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران لێک بدرێنەوە. بەڵام ئایا ئەو وەرچەرخانە لە سەر ویستی خود ئەمریکا بووە یان هۆکارگەلێکی دیکە لەو پەیوەندییەدا لە ئارادان؟

ئینستێکس

ئینستێکس یان هەمان میکانیزمی دارایی ئەورووپا بۆ بازرگانی لە گەڵ ئێران بۆ زیندوو ڕاگرتنی بەرجام، هەر لە یەکەم رۆژەکانی خرانە ڕووی بەرەوڕووی دژایەتیی ئەمریکا بوو و گوشارەکانی واشنتۆن بووە هۆی ئەوەی ئەورووپا بە هێواشی لەوبارەیەوە هەنگاو بنێت، ئاوەها کە ئەو میکانیزمە هێشتاش چالاک نەبووە.

گوشاری ئەمریکا بۆ پێشگری لە بازرگانی لە گەڵ ئێران بە لای کەسەوە شاراوە نییە، بەڵام لەوبارەیەوە مایک پەمپێئۆ کە سەردانی ئەڵمانیای کردبوو، ڕایگەیاند کە هەناردەی مادەگەلی ناگەمارۆیی بۆ ئێران و بەهرە وەرگرتن لە ئینستێکس ڕەوایە و کێشەی نییە.

بێگومان هۆکاری ئەو هەڵوێستە دەگەڕیتەوە بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران بە بەرجام و دیاری کردنی خشتە زەمانی بۆ ئەورووپا و ئەو کارە بووە هۆی کاردانەوەی بەربڵاوی وڵاتانی ئەورووپی بە تایبەت لایەنە ئەورووپییەکانی بەرجام. هەروەها پێداگریی بەرپرسانی بالای برۆکسێل سەبارەت بە زەروورەتی پاراستنی بەرجام و جەخت لە ڕازی کردنی ئێران ڕەنگە بەشێک بن لە هۆکارەکانی زاڵ بە سەر گۆڕانی هەڵویستی واشنتۆن لە بابەتی ئینستێکس.

درێژەی کڕینی نەوت

رۆژی پێنج شەممە هەواڵێک لە میدیاگەلی رۆژئاوایی بڵاو بۆوە کە زۆر زوو کاردانەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە دواوە بوو. هەواڵەکە ئەوەیە کە فرۆشی نەوتی ئێران بە کڕیاران سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا هێشتاش درێژەی هەیە.

وال ستریت ژۆڕناڵ شەوی پێنج شەممە لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دا کە هەندێک لە وڵاتانی وەک چین و هیند هێشتاش بۆ کڕینی بەرتەسکی نەوت لە ئێران، مۆڵەتی بەری کرانیان لە ئەمریکا وەرگرتووە.

ئەو گۆڤارە لە زمانی برایان هۆکەوە ڕایگەیاندووە: وڵاتانێک کە نەگەیشتوونەتە ئاستی دیاری کراو لە لایەن ئەمریکاوە، دەتوانن درێژە بە کڕینی نەوت لە ئێران بدەن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش رۆژی هەیەنی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویە عەرەبستان سعوودی سەرەڕای بەرزبووکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی لە مانگی مەی زایینی، نەیتوانیوە ئاستی کەم بوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.

لەمناوە هەواڵە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە درێژەی هەناردەی نەوتی ئێران یەکێک لە پێش مەرجەکانی تاران بۆ دانوستانی شیمانەیی لە گەڵ ئەمریکایە.

کەم ڕەنگ بوونەوەی پێگەی بۆڵتۆن

نزیکەی مانگێک لەوە پێش هەواڵگەلێک لەبارەی ناکۆکیی نێوان ترامپ و جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ئێران، ڤێنزۆئیلا و کۆریای باکوور بڵاو بۆوە. هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە شکستی کوودەتای دژبەرانی پاڵپشتکراوی ئەمریکا لە دژی دەوڵەتی ڤێنزوئیلا و هاوکات لێدوانەکانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ میدیاگەلی ئەمریکی سەبارەت بە مەترسییەکانی "تیمی B" بۆ ئەمریکا و خود ترامپ بووە.

هەڵبەت کەوتنە مەترسیی دانوستانەکانی چەک داماڵینی ناڤۆکیی کۆریای باکووریش کاریگەری بووە لە سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکیانە لە نێوان ترامپ و بۆڵتۆن. هەر لەو پەیوەندییە دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەفەری ئەم دواییەی بۆ ژاپۆن هەڵوێستێکی نەرم‌تری هەمبەر بە ئێران و کۆریای باکوور نیشان دا و بە ئاشکرا دژی ڕوانگە و لێدوانەکانی جان بۆڵتۆنی ڕاوێکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جووڵاوە.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە بابەتەکێکدا ئەو ناکۆکییەی ڕۆماڵ دا و نووسی: ترامپ لە پرسەکانی وەک ئێران و کۆریای باکوور جان بۆڵتۆنی وەلاوە ناوە.

ترامپ هەروەها سەبارەت بە لێدوانەکانی بۆڵتۆن لە دژی ئێران ڕایگەیاندبوو: من لە بابەتی ئەگەری ڕووخانی حکوومەتی سیاسی ئێران لە گەڵ بۆڵتۆن هاوڕا نیم. ئێران بەختی ئەوەی هەیە کە بە رێبەرانی ئێستای وەک وڵاتێکی گەورە بمێنێتەوە. ئێمە بە دوای گۆڕینی ڕژیم نین؛ ئێمە تەنای دەمانەوێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.

نیۆیۆرک تایمز لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا لە زمانی هەندێک بەرپرسی فەرمی ئەمریکی نووسی کە بۆڵتۆن لە دانیشتینە تایبەتییەکانیدا ناهۆمیدی و بێ هیوایی خۆی بۆ سیاسەت و لێدوانەکانی ترامپ دەربڕیوە.

سەفەری ئابە بۆ ئێران

لەمناوە دەکرێت ئاماژە بە سەفەری "شینزۆ ئابە" سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن هێمایەکی دیکەیە بۆ وەرچەرخانی هەڵوێستی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران. ئابە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەی زایینی (کۆتایی مانگی جۆەزەردان) دێتە تاران و بەم شێوەیە یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەبێ کە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی سەردانی ئێران دەکا.

میدیاگەلی ژاپۆنی ڕایانگەیاندووە کە ئابە لەو سەفەرە لە گەڵ "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆمار و ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران دیدار دەکات. هەواڵە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئابە پەیامی ترامپ ڕادەستی تاران دەکا و یەکێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ژاپۆن ڕایگەیاندووە کە ترامپ داوای لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کردووە کە بە زووترین کات رێ بۆ دیداری بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی خۆش بکات.

شایانی باسە کە ترامپ پێشوازی کردووە لە هەوڵی ناوبژیگەرانەی ئابە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کەم کردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچە و وتوویەتی: دەزانم کە سەرۆک وەزیران و وڵاتی ژاپۆن پەیوەندیی زۆر باشیان لە گەڵ رێبەرانی ئێرانی هەیە. کەواتە چاوەروان دەمێنین بزانین چ ڕوو دەدا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتیشی: من دڵنیام کە ئێران خوازیاری گفتوگۆ دەڤێ و ئەگەر ئەوان بیانەوێ دانوستان بکەن، ئێمەش خوازیاری دانوستانین. ئێستا کەس نازانێ چ ڕوو دەدا، بەڵام ئێمە چاوەروان دەبین.

پەمپێئۆ بە دوای کۆریدۆری پەیوەندی

لەمناوە مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژی هەینییەوە سەفەری خۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپایی دەست پێکردووە. ئاسۆشیتدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە سەفەری پەمپێئۆ بە وڵاتانی ئەورووپی نووسیویە: یەکێک لە ئامانجەکانی سەفەری پەمپێئۆ ڕەنگە بە دوای کۆریدۆرێکی پەیوەندی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە.

بڕیار بوو مانگی ڕابردوو سەفەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەڵمانیا، سویسرا، هۆلەندا و بەریتانیا ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتێک کە ئەو لە برۆکسێل بوو، هاوکاتی قەیراناوی بوونی دۆخی کەنداوی فارس بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ناوبراو بە شێوەیەکی ناکاو سەردانی بەغدای کرد و درێژەی سەفەری ئەورووپیی دواخست.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا بۆ دانوستان لەبارەی ئێران سەردانی سویسرا دەکا کە سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە دوو حەوتە لەو پێش لە کۆشکی سپیدا لە گەڵ ترامپی هاوتای ئەمریکیی خۆی سەبارەت بە ئێران گفتوگۆی کردبوو.

دەوڵەتی سویسرا نزیکەی چوار دەیە کە وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران ڕۆڵ دەگێڕێ. پەمپێئۆ لە بۆرن، لاهە، لەندەن و بەرلین بە رێبەرانی ئەو چوار وڵاتە بەڵێنی داوە کە ئەمریکا بە دوای شەڕ و پێکدادان لە گەڵ ئێران نییە، بەڵام داوای لێ کردن کە لە لای خۆیانەوە بۆ ئارام کردنەوەی ناکۆکییەکان هەنگاو هەڵگرن.

تەسلیمی خۆڕاگری

هەر وەک ئاماژە درا کۆی ئەو گۆڕانکاریانە نیشان دەدەن کە ئەمریکا بە دوای دۆزینەوە رێگەیەک بۆ دانوستان لە گەڵ ئێرانە. ترامپ تا ئێرە لە سیاسەتی دەرەکیی دەسکەوتێکی نەبووە و دانوستانی چەک داماڵینی کۆریای باکووریش هەر لە سەرەتاوە شکستی هێنا.

ئەمریکا کە پێشتر پێشمەرجگەلێکی زۆری بۆ گۆڕینی هەڵوێستی هەمبەر بە تاران ڕاگەیاندبوو، ئێستا هەڵوێستێکی دیکە لە خۆی نیشان دەدا. پێداگریی ئێران لە سەر هەڵوێستەکانی خۆی بێ گومان کاریگەریی لە سەر وەرچەرخانی ئەمریکا بووە.

جگە لەوە پێگەی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەیی و هەوڵی ئیسرائیل و عەرەبستان بۆ تێوەگلانی واشنتۆن لە قەیرانێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناڤینیش هۆکارێکی کاریگەری دیکە لەمناوەیە.

لە کۆتاییدا ئەوی لێرە دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئەمریکا بە ناچار یاریی خۆی هەمبەر بە ئێران گۆڕیوە و ئەو گۆڕینی یارییە جگە لەوەی کە لە سیاسەتی دەرکیی ترامپدا دەتوانێ یارمەتیدەر بێت، لە سیاسەتی ناوخۆییشدا دەتوانێ وەک کارتی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ کاری پێ بکرێت.

News Code 26765

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 15 =