بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە رۆژنامەی یەنی یاشام، گونای گوبیلای وتەبێژی نوێی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا لە باکووری هەرێمی کوردستان و بڕیاری رۆژی ڕابردووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بۆ بەردەوام بوون و پەرەدان بەو ئۆپەراسیۆنانە، ڕایگەیاند: تورکیا لە کاتێکدا کە بەرەوڕووی گرفتی زۆرە لە پێدانی مووچە و قەرزەکانییەتی، بڕیاری پەرەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان دەدات و هەموو دەزانین کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە جگە لە بە فیرۆدانی سەرچاوەگەلی تورکیا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیان، هیچ دەسکەوتێکی دیکەی بە دواوە نەبووە.
ڕاشیگەیاند: ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناو خاکی وڵاتێکی دیکە بە واتای پێشێل کردنی سەروەریی ئەو وڵاتە و یاساگەلی نێودەوڵەتییە و پێوشوێن گرتنی یاسایی بە دواوەیە.
وتەبێژی هەدەپە لە درێژەدا بە ئاماژە بە پڕۆپاگەندەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ پاراستنی نیشتمانی لە سەردەمی هەڵبژاردنەکان، بیری هێنایەوە: کاتێک ئۆپەارسیۆنەکانی ئەم دواییە لە گەڵ پرسی پاراستنی نیشتمانی بەراوەرد دەکەین، دەبینین کە چۆن دەسەلاتی سیاسی بە بێ سیاسەتی شەڕ و پێکدادان ناتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
گونای گوبیلای جەختیشی کرد: کاتێک کە ئاسایی کردنەوە لە وڵاتدا دەست پێ بکات، خەڵکی ئاگاداری قەیرانی سیاسی و ئابووریی وڵات دەبن، هەر بۆیە بۆ داپۆشین و نکۆڵی لە قەیرانەکان دەسەڵاتی سیاسی بۆ هەڵفریواندن و بە چەواشەبردنی ڕای گشتی پەنا دەباتە بەر ئەو جۆرە هێرشانە.
بۆچوونی ئێوە