سنە دژ ؛ شارستانیەتی کۆن و مێژووی ڕەمزاوی

"ناوی سنە گۆڕدراوی سنەدژە و سنەدژیش ئاڵوگۆڕبەسەردا هاتووی سینەدژە و بۆیە وا ناو نراوە کە لە تەنیشت گوندی سینە کە خۆی لە ناوەڕاست یان سینەی چیاکانی ئاویەر و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ: لەم کورتە نووسراوەیەدا ئاوڕێک لە مێژووی ناولێنان و بنیاتنانی شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان دەدینەوە و تەنیا بازدانێکی خێرایە بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێک و پێشەکییەک بۆ زنجیرە یادداشتێک سەبارەت بە شاری سنە، گەڕەکەکان، بیناکان، فەرهەنگ ، داب و نەریت، زمان و ئایین و ژیاننامەی گەورە پیاوان و ژنانی ئەم شارە.

سنە بەر لە سالی ۱۰۴۶ی کۆچی مانگی(بەر لەوەی کە سڵێمان خان سنەدژ بکاتەوە و وردە وردە ببێتە شار) گوندێکی بچووک بووە کە هۆزێک بە ناوی زەڕین کەوش تێدا ژیاون، مێژوو نووسان دەڵێن ئەم بنەماڵە کە دەوترێت لە داوێنی تەپۆڵکەی تووس نەوزەڕدا [تووس نەوزەڕ پاڵەوانێکی ناودارە کە ناوی لە شانامەی فێردۆسیدا هاتووە] ژیاون و جلو بەرگی تایبەتیان بووە بەو شێوە کە کڵاویان لەسەر دەکرد و شاڵێکی ڕەشیان پێوە دەپێچا و کەوش(پێڵاو)ی زەڕچنیان لە پێ دەکرد هەر بۆیە پێیان دەوترا زەڕین کەوش.

ئایەتوڵڵا مەردۆخ لە کتێبی "تاریخ مردۆخ" دا دەنووسێت لە شاری سنەی کۆن دا چەندین هۆزی گەورە لەوانە ئەردەڵان، ئەحمەد زەینەڵ، تاری مورادی، قەمەر تۆزەیی، چواردۆڵی، خەرات، دۆم (گیوەکێش)، سورسوری،شێخ ئێسماعیل، قادر مریویسی، کەوش زەڕین، گرگدای، گۆران و هەلاج ژیاون.

سەنەندەج یان سنە دژ یان هەمان سینەدژ دووەمین شاری گەورەی کوردنشینی ئێران و بیست و سێهەمین شاری گەورەی ئێران، ناوەندی پارێزگای کوردستان لە رۆژئاوای ئێرانە. ناوی سنە گۆڕدراوی سنەدژە و سنەدژیش ئاڵوگۆڕبەسەردا هاتووی سینەدژە و بۆیە وا ناو نراوە کە لە تەنیشت گوندی سینە کە خۆی لە ناوەڕاست یان سینەی چیاکانی ئاویەر و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە دامەزراوە.

پاش لە ناوچوونی قەڵای حەسەن ئاوا، لە ساڵی ۱۰۴۶ی کۆچی مانگی لە سەردەمی حکوومەتی شا سەفی، سلێمان خان ئەردەڵان کوڕی تەیموور خان ئەردەڵان لە خزمە نێزیکەکانی شا سەفی هاتە کوردستان، ناوەندی ویلایەتی کوردستانی لە حەسەن ئاوا هێنایە نێزیکی گوندی سینە و قەڵایەکی حکوومەتی لەسەر بەرزایی تەپۆڵکەیەک بە بەرزی ۲۰ میتر دروست کرد کە ئێستا بە "بان باشگا" یا هەمان باشگای ئەفسەران دەناسرێت.

سڵێمان خان لە دەرەوەی قەڵاکە ، ماڵ، گەرماو و بازاڕ ومزگەوتی دروست کرد و زنجیرەیەک کارێزی لە دەشتی سەرنوێ دروست کرد و ئاوەکەی هێنایە ناو قەڵا و ئەو قەڵا کە پێ دەوترا سنە دژ، دواتر ناوەکەی گۆڕانی بەسەردا هات بووە سەنەندەج.

پاشان بۆ پاراستنی قەڵای حکوومەتی و ماڵی خان و حاکمان، دیوارێک بە دەوری قەڵاکەدا داکێشرا و ۴ دەروازە بە ناوەکانی قەڵا چوارلان ڕوو لە ڕۆژئاوا، سەرتەپۆڵە ڕوو لە باکوور، ئەلعەزیم ڕوو لە قیبلە، ئا رەحیم ڕوو لە ڕۆژهەڵات چێکرا.

ئەم دیوارە لەگەڵ ۴ دەروازە، گەڕەکی ناو قەڵاکەیان پێکدەهێنا و دواتر بە دەوریەوە گەڕەکەکانی دیکەش دروست بوون و خەڵک تێدا نیشتەجێ بوون .بە پێکهاتنی گەڕەکە سەرەکییەکان، وردە وردە کۆچبەرانی لادێ نشین و چینە کەم داهاتەکانی گوند کە خزمەکانی فێئۆدالەکان بوون ڕوویان هێنایە شاری سنە و لە دەرەوەی گەڕەکە ناوندییەکان جێگیر بوون.

گەڕەکەکانی دەڤەری سنە کە ئێستاش بەشێکن لە پاژە کۆنەکانی ئەم شارە، وەک جەوراوای خوار و ژوور هاوڕێژ لەگەڵ ئەم ڕووتە دروست بوون.زیاترین کۆچ کردن لە گوندەکانەوە بەرەو شاری سنە لە مەودای ساڵەکانی دەیەی ۵۰ و ۶۰ بووە کە گەرمەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە کوردستان بوو.

حەشیمەتی سنە لەم قۆناغەدا زیاتر لە دوو ئەوەندە بووەوە و ڕێژەیەکی زۆر لەم حەشیمەتە لە گەڕەکەکانی وەک عەباس ئاوا لە میحوەری باکووری شار و گەڕەکی تەقتەقان لە میحوەری ڕۆژهەڵاتیدا نیشتەجی بوون و بەم پەراوێز نشینیانە مەودای نێوان شاری سنە و گوندەکانی دەوروبەری لەوانە فەرەجە و حاجی ئاوا وردە وردە پڕ بووەوە و شاری سنە گەورەتر بووەوە.

دوایی گەڕەکەکانی وەک دەرماڵ، ناو قەڵا، قەتارچیان، سەرتەپۆڵە، ئاغەزەمان، چوارباخ، پیرمحەمەو، گلەخان، کووچی ڕەزان ، جەور ئاوا (خوار و ژوور)، جاڕ نەسڕوڵڵا خان، سپوور ئاوا، تەپەی ئەولیابەگ، حاجی ئاوا، شەریف ئاوا، فەیز ئاوا، کەڵەکە جاڕ، پردبەند، کوێر ئاوا، تەپەی شێخ حەمە سادق، شێخان، تازه ئاوا، بان خەنەق، کانی گورگ ئەلی، ناو کرماجەکان، چقڵی چەقان، دوڕاجییەکان، ناو دۆمەکان، دروست بوون و ئێستاش هەر دەچێ تا وەک ساڵانی ڕابردوو ئەم ڕەوتەبەردەوام بێت و بێ گومان شاری سنە بەمەشەوە ناوەستێ و گەورەتریش دەبێتەوە.

لەم نووسراوەیەدا بە خێرایی لاپەڕەیەکی مێژووی شاری سنەمان هەڵدایەوە و زیاتر ویستمان شی بکەینەوە کە سنە کەی دامەزراوە و بۆچی ناوی نراوە سنە و پێشەکییەک بخەینە بەر دەست کە گەڕەکە کۆنەکانی چلۆن پێکهاتوون و ناویان چیە بۆ ئەوەی کە لە ژمارە داهاتووەکاندا باس لە مێژوو و تایبەتمەندی گەڕەکەکانی سنە،  بازاڕ و کۆڵانە بەناوبانگەکانی بکەین و وردە وردە دەست بدەینە ناساندنی بینا، عەمارەت، مزگەوت و شوێنە دێرینەکان و ناوچە گەشتیارییەکان و هەروەها کەسایەتییە ناودارەکانی ئەم شارە سەرەنجڕاکێش و پڕ رەمز و ڕازە.

لە زنجیرە نووسینەکانی دیکەشدا هەوڵ دەدین زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ناوچە کوردنشێنەکانی ئێران بناسێنین.

News Code 26513

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 8 =