ئەمریکا بە نیازی شەڕ لە گەڵ ئێران نییە / کەس زەنگ بۆ ترامپ نادات

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی ئێران وتی: ئەمریکییەکان باش دەزانن کە توانای شەڕی سەربازی لە گەڵ ئێرانیان نییە و تەنیا بە دوای شەڕی دەروونییەوەیە.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە پەراوێزی کۆبوونەوەی داخراوەی مەجلیس، بە ئاماژە بە لێدوانەکانی دوناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئامادەیی واشنتون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاران، وتی: گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا ڕەوشێکی  تایبەتی هەیە،  ئێران دوای  شۆڕشی ئیسلامی  جارێک بە شێوەی جیدی لە بواری ناڤۆکی لە گەڵ ئەمریکادا گفتوگۆی کردووە، کە بە کشانەوەی یەکلایەنەی ئەو وڵاتە لە دانوستانەکان،  ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوە  .

فەلاحەت پیشە وتیشی: ئێرانییەکان ناچنە دڵی گفتوگۆیەکەوە کە ئەنجامەکەی بردنەوە یان دۆڕان بێت، وێڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بنەمای لە سەر پەرەپێدانی قەیران نییە و متمانەی بەوە هەیە کە لە داهاتوودا ئەمریکییەکان، هەڵوێستیان لاواز دەبێت .

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیس جەختی کرد: ستراتژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرەنگاربوونەوە و بەرگری کردن لە بەرامبەر ئەمریکایە، بە واتایەکی دیکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئێران لە دوژمنایەتی ئەمریکا دڵنیا بۆتەوە و لە بەرامبەریشیدا ئامادەی بەرگرییە. هەر بۆیە ڕاشکاوانە لە سەر ئەو بڕوایەین کە شەڕ ڕوو نادات و ئەمریکییەکان دەزانن کە توانای شەڕ لە گەڵ ئێرانیان نییە.

ناوبراو بە ئاماژە بە توانستی مووشەکی ئێران بۆ پێکانی ئامانجەکانی لە مەودای ٢ هەزار کیلۆمەتری لە کاتێکدا کە لانی زۆری مەودای کۆپاپۆرەکانی ئەمریکی ٥٠٠ کیلۆمەترە، رایگەیاند: ئەمریکییەکان تەنیا بە دوای شەڕی دەروونین و هەوڵ دەدەن کە ئەو پرسە لە رێگەی گەمارۆ و گوشاری ئابوو‌رییەوە پێوشوێن بگرن. ئەگەرچی بەشێکی زۆری کێشەی ئابووریی خەڵکی لە گەمارۆوە سەرجاوە ناگرێت و بە هۆی لاوازییەکانی دەوڵەتە.

فەلاحەت پیشە ئامادەیی تەواوی بەرگرانەی ئێرانی بیر هێنایەوە و جەختیشی کرد: بە دڵنیاییەوە شەڕ ڕوو نادات و ترامپیش هیچ هەنگاوێکی لەو چەشنە هەڵناگرێت و ئەمریکا ناچارە بە شێوەی جیدی پەنا بباتە بەر پرسی دانوستان و خۆیشی باش دەزانێت کە دانوستان لە گەڵ ئێران زۆر جیاوازە لە دانوستان لە گەڵ هەر وڵاتێکی دیکەی وەک کۆریای باکوور.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیس ئاماژەی بەوەش دا: ترامپ لەو کەشە دەروونییەی کە خۆی سازی داوە، تێوە گلاوە و خۆیشی باش دەزانێت کە دوا کارتەکانی هەڵڕشتووە و بەڵام ئەوە ئێرانە کە هێشتا کارتەکانی ئاشکرا نەکراوە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە کەس زەنگ بۆ ترامپ نادات، ڕاشیگەیاند: بە گوێرەی هەنگاوە پێشترەکانی ئەمریکا، دڵنیاین کە جارێ سیاسەتی گفتوگۆ لە گەڵ ئێران نییە و ئەگەر بارودۆخ و ڕەوشی گفتوگۆش بڕەخسێ، ئەمریکا دەبێ لە سیاسەتەکانی پێشووی پاشگەز بێتەوە.

News Code 26469

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 15 =