ڕۆژوو گرتن چی بەسەر جەستەدا دێنێت

"بە رۆژوبوون بۆ ماوەیەكی بەردەوام رێگەیەكی باش نییە بۆ دابەزاندنی كێش لەبەر ئەوەی جەستە بۆ ماوەیەكی زۆر چەوری لەش ناكاتەوە بە وزە".

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ملیۆنەها موسوڵمان لە هەڵهاتنی خۆرەوە تا خۆرئاوا بون بەرۆژو دەبن لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ماوەی (۳۰) رۆژ بە درێژایی مانگی رەمەزان، لەم ساڵانەی دوایدا مانگی رەمەزان هاوكاتە لەگەڵ وەرزی هاوین و كاتی گەرمادا و كاتەكانی رۆژ درێژترە و گەرماش زیاترە.

ئەمەش وادەكات كە لە وڵاتێكی وەك نەرویج كاتی رۆژوگرتن بگاتە (۲۰) سەعات لە رۆژێكدا، ئەوەش دەبێتە جێی پرسیار كە ئایا ئەم رۆژوگرتنە بۆ تەندروستیت باشە؟ چی لەماوەی ئەم (۳۰) رۆژەدا بەسەر جەستەی مرۆڤدا رودەدات.

سەرەتای رۆژوگرتن

رۆژەكانی سەرەتای رۆژوگرتن قورسترین كاتی رۆژوگرتنە، لەروی زانستیەوە جەستە لەسەر رۆژوگرتن رانایەت تا هەشت سەعات، یان دوای خواردنی یەكەم ژەم كە یەكسانە بەو كاتەی جەستەی مرۆڤ خۆراك هەرس دەكات.

لەو كاتەدا جەستە گلوكۆزە هەڵگیراوەكانی ناو جگەر و ماسولكەكان بەكاردەهێنێت بۆ دەستەبەركردنی وزەی پێویست بۆ جەستە.

لەو كاتەدا كە گلوكۆز لە جەستەدا كەم دەبێتەوە لە كاتی بەرۆژوبوندا ئەوا چەوری لەش دەبێتە سەرچاوەی دوەم بۆ بەدەسختنی وزە بۆ جەستە و لەو كاتەشدا جەستە دەست دەكات بە توانەوەی چەورییە زیادەكانی و یارمەتیدەر دەبێت بۆ لەدەستدانی كێش و كەمبونەوەی كۆرسترۆڵی خوێن، هەروەها كەمبونەوەی ئەگەرەكانی توش بون بە نەخۆشی شەكرە.

لە هەمانكاتدا رێژەی شەكرەی خوێن ئەگەری دابەزینی هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی بێهێزی و خەواڵویی و هەروەها لە هەندێك كاتدا رەنگە ببێتە هۆی ژانەسەر و هەناسە توندی ئەمەش لە كاتێكدا رودەدات كە برسێتی زیاتر دەبێت.

رۆژانی سێ بۆ حەوت

لە رۆژەكانی سێ بۆ حەوتی رەمەزاندا جەستە لەسەر رۆژوگرتن رادێت و چەورییەكان تێكدەشكێن و دەگۆڕێن بۆ شەكر لە خوێندا، بۆیە دەبێت زۆرترین رێژەی ئاو بخورێتەوە، ئاگاداری وشكبونەوەی جەستە بن كە رەنگە بەهۆی نەخواردنەوەی ئاو و ئارەق كردنەوەوە بەسەر جەستەدا بێت، خواردنەوەی ئاوی دوای رۆژوگرتن زۆر گرنگە بۆ جەستە بە تایبەت گەر ئەو ژەمە خۆراكەی كە دەخورێت چەور و پڕ وزە بێت.

هەروەها زۆر گرنگە لەم مانگەدا پەیڕەوی خۆراكی تەندروست بكرێت و خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین و خوێ‌ و ئاو بخورێت.

رۆژانی (۸) بۆ (۱۵)

لە رۆژەكانی هەشت بۆ (۱۵)ی رەمەزادا جەستە رادێت لەسەر بەرۆژوبون و باری جەستەیی و دەرونی بەرەو باشتر دەچێت و جەستە بە تەواوی لەسەر ئەو شێوازە رادێت.

دکتۆر رازین میهرۆڤ، پسپۆڕی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی كامبریج دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئێمە رۆژانە خۆراكی زۆر دەخۆین رێگە لە جەستەمان دەگرین كە ئەركەكانی دیكەی خۆی جێبەجێ‌ بكات بە شێوەیەكی رێكوپێك، رۆژوگرتن ئەم كارە ئاسان دەكات و وادەكات كە جەستە چاودێری ئەركەكانی دیكەی خۆی بكات، هەروەها رۆژوگرتن یارمەتی جەستە دەدات لەسەر ئاسانكردن و باشتركردنی هەوكردن و رێگریكردن لێی.

رۆژانی (۱۶) بۆ (۳۰)

لە رۆژەكانی (۱۶) بۆ (۳۰)ی رەمەزان، جەستە لە ژەهراوی بون پاك دەبێتەوە و جەستە بە تەواوی لەگەڵ رۆژوگرتندا راهاتوە، هەروەها قۆڵۆن و جگەر و گورچیلە و پێست دەستیانكردوە بە دەركردنی ژەهری جەستە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا بەرۆژوبون بۆ جەستە سودی هەیە دكتۆر میهرۆڤ دەڵێت : بەڵێ‌ رۆژوگرتن بۆ تەندروستی زۆر گرنگە  یارمەتیدەر دەبێت لەسەر شێوازی خواردن و كاتەكانی لەگەڵ ئەوەشدا بەرۆژوبون باش نییە، لە مانگێك زیاتر بخایەنێت و بەردەوام بێت.

رێگەیەک نییە بۆ دابەزاندنی کێش

ئاماژە بەوە دەکات؛ بە رۆژوبوون بۆ ماوەیەكی بەردەوام رێگەیەكی باش نییە بۆ دابەزاندنی كێش لەبەر ئەوەی جەستە بۆ ماوەیەكی زۆر چەوری لەش ناكاتەوە بە وزە و دەبێتە ماسولكە كە ئەمەش كارێكی تەندروست نییە و وا لە جەستە دەكات كە زۆر برسی ببێت كە ئەمەش بۆ جەستە زۆر خراپە.

ژێدەر: سبەی

News Code 26457

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 8 =